كِتَابُ الْأَشْرِبَةِ

په‌رتووكی خواردنه‌وه‌كان

بَابٌ فِي تَحْرِيمِ الْخَمْرِ

باسێك ده‌رباره‌ی حه‌رامكردنی عاره‌ق (سه‌رخۆشكه‌ره‌كان)

٦٣٠. عَنْ أَنَسٍ h قَالَ: كُنْتُ سَاقِيَ الْقَوْمِ حَيْثُ حُرِّمَتِ الْخَمْرُ فِي مَنْزِلِ أَبِي طَلْحَةَ، وَمَا شَرَابُنَا يَوْمَئِذٍ إِلَّا الْفَضِيخُ، فَدَخَلَ عَلَيْنَا رَجُلٌ، فَقَالَ: إِنَّ الْخَمْرَ قَدْ حُرِّمَتْ، وَنَادَى مُنَادِي رَسُولِ اللَّهِ ، فَقُلْنَا: هَذَا مُنَادِي رَسُولِ اللَّهِ .

ئه‌نه‌س h ده‌ڵێت: من مه‌ییم ده‌گێڕا به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا له‌ ماڵی ئه‌بو ته‌لحه‌،‌ خواردنه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌و ڕۆژه‌دا‌ ته‌نها فه‌زیخ بوو (فه‌زیخ عاره‌قێكه‌ له‌ خورما دروست ده‌كرا كه‌ تازه‌ پێ ده‌گات و ورد ده‌كرێت)، پیاوێك هاته‌ نێومان گوتی: به‌دڵنیایی عاره‌ق حه‌رام كرا، بانگكه‌ری پێغه‌مبه‌ری خواش بانگی ده‌كرد (عاره‌ق حه‌رام كرا)، گوتمان: ئه‌مه‌ بانگده‌ری پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ .

بَابُ الْعِنَبِ يُعْصَرُ لِلْخَمْرِ

باسی ترێ كە بگوشرێت بۆ ئەوەی عاره‌قی لێ دروست بكرێت

٦٣١. عَنِ ابْنِ عُمَرَ k يَقُولُ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «لَعَنَ اللَّهُ الْخَمْرَ، وَشَارِبَهَا، وَسَاقِيَهَا، وَبَائِعَهَا، وَمُبْتَاعَهَا، وَعَاصِرَهَا، وَمُعْتَصِرَهَا، وَحَامِلَهَا، وَالْمَحْمُولَةَ إِلَيْهِ».

ئیبن عومه‌ر k ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «خوا نه‌فره‌تی كردووه‌ له‌ عا‌ره‌ق و‌ له‌وه‌ی كه‌ عا‌ره‌ق ده‌خواته‌وه‌ و‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یگێڕێت و‌ ئه‌وه‌ی ده‌یفرۆشێت و ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یكڕێت و‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یگوشێت (بۆ خۆی یان بۆ غەیری‌ خۆی)،‌ ئه‌وه‌ی كه‌ داوا ده‌كات بۆی بگوشرێت، ئه‌وه‌ی كه‌ باری ده‌كات و هه‌ڵیده‌گرێت، ئه‌و كەسه‌ش كه‌ بۆی ده‌بردرێت (نه‌فره‌ت له‌ هه‌موویان كراوه‌)».

بَابُ الْخَمْرِ مِمَّا هُوَ

باسی عا‌ره‌ق (مەی) له‌ چی دروست ده‌كرێت؟

٦٣٢. عَنِ النُّعْمَانِ بْنِ بَشِيرٍ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «إِنَّ مِنَ الْعِنَبِ خَمْرًا، وَإِنَّ مِنَ التَّمْرِ خَمْرًا، وَإِنَّ مِنَ الْعَسَلِ خَمْرًا، وَإِنَّ مِنَ البُرِّ خَمْرًا، وَإِنَّ مِنَ الشَّعِيرِ خَمْرًا».

نوعمانی كوڕی به‌شیر h ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «هه‌یه‌ له‌ ترێ مه‌ی دروست ده‌كات،‌ هه‌یه‌ له‌ خورما مه‌ی دروست ده‌كات، هه‌یه‌ له‌ هه‌نگوین مه‌ی دروست ده‌كات، هه‌یه‌ له‌ گه‌نم مه‌ی دروست ده‌كات، هه‌یه‌ له‌ جۆ مه‌ی دروست ده‌كات».

بَابُ النَّهْيِ عَنِ الْمُسْكِرِ

باسی قه‌ده‌غه‌كردن له‌ شته‌ سه‌رخۆشكه‌ره‌كان

٦٣٣. عَنِ ابْنِ عُمَرَ k قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «كُلُّ مُسْكِرٍ خَمْرٌ، وَكُلُّ مُسْكِرٍ حَرَامٌ، وَمَنْ مَاتَ وَهُوَ يَشْرَبُ الْخَمْرَ يُدْمِنُهَا لَمْ يَشْرَبْهَا فِي الْآخِرَةِ».

ئیبن عومه‌ر k ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «هه‌موو شتێك كه‌ مرۆڤ سه‌رخۆش بكات عا‌ره‌قه‌،‌ هه‌موو سه‌رخۆشكه‌رێكیش حه‌رامه‌، وه‌ هه‌ر كه‌سێكیش بمرێت و عاره‌قی خواردبێته‌وه‌ و ئالووده‌ی بووبێت (ته‌وبه‌ی لێ نه‌كردبێت)، ئه‌وه‌ بچێته‌ به‌هه‌شتیشه‌وه‌ له‌ به‌هه‌شتدا نایخواته‌وه‌».

🖍   تێبینی:

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ به‌هه‌شتدا خواردنه‌وه‌ی ئه‌هلی به‌هه‌شت مه‌یه‌، به‌ڵام وه‌كوو ئه‌و مه‌یه‌ نییه‌ كه‌ مرۆڤـ سه‌رخۆش بكات و تووشی سه‌رئێشه‌ی بكات، به‌ڵكوو یه‌كێكه‌ له‌ خۆشترین خواردنه‌وه‌ی به‌هه‌شتییه‌كان، پێشه‌وا نه‌وه‌وی ده‌ڵێت: مانای وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ بچێته‌ به‌هه‌شتیش له‌بیری ده‌چێت ئاره‌زووی خواردنه‌وه‌ی مه‌ی بكات، داوای مه‌ی ناكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ به‌هه‌شت مرۆڤـ ئاره‌زووی هه‌ر شتێك بكات پێی ده‌درێت، ئه‌م له‌بیری ده‌چێته‌وه‌ ئاره‌زووی بكات، یاخود گوتراوه‌: ئاره‌زووی ناكات، ئه‌گه‌ر له‌بیریشی بێت بیشیبینێت ئاره‌زووی ناكات، بۆئه‌وه‌ی بێبه‌ش بێت له‌و خواردنه‌وه‌ خۆشه،‌ چونكه‌ له‌ دونیادا خواردوویه‌ته‌‌وه‌، یاخود ده‌گوترێت: بچێته‌ به‌هه‌شتیش پێی نادرێت.

٦٣٤. عَنْ جَابِرِ بْنِ عَبْدِ اللَّهِ k قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ :«مَا أَسْكَرَ كَثِيرُهُ، فَقَلِيلُهُ حَرَامٌ».

جابری كوڕی عه‌بدوڵڵا k ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «ئه‌وه‌ی زۆره‌كه‌ی خه‌ڵك سه‌رخۆش بكات، كه‌مه‌كه‌یشی حه‌رامه‌».

٦٣٥. عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عَمْرٍو k: أَنَّ نَبِيَّ اللَّهِ : نَهَى عَنِ الْخَمْرِ وَالْمَيْسِرِ وَالْكُوبَةِ وَالْغُبَيْرَاءِ، وَقَالَ: «كُلُّ مُسْكِرٍ حَرَامٌ».

عه‌بدوڵڵای كوڕی عه‌مر k ده‌گێڕێته‌وه‌: پێغه‌مبه‌ری خوا ڕێگریی كردووه‌ له‌ عاره‌ق (له‌ مه‌ی خواردنه‌وه‌) و له‌ قوماركردن، له‌ كوبه‌ (ده‌ڵێن: مه‌به‌ست پێی ته‌پڵه‌،‌ هه‌یشه‌ ده‌ڵێت: مه‌به‌ست پێی تاوڵه‌یه‌) و له‌ غوبه‌یڕا (گوتراوه‌: جۆرێكه‌ له‌ خواردنه‌وه‌ حه‌به‌شییه‌كان له‌ گه‌نمه‌شامی دروستیان ده‌كرد، ئه‌مانه‌ هه‌مووی حه‌رامه‌)، وه‌ فه‌رمووی: «هه‌ر شتێك كه‌ مرۆڤ سه‌رخۆش بكات حه‌رامه‌».

بَابٌ فِي الشُّرْبِ فِي آنِيَةِ الذَّهَبِ وَالْفِضَّةِ

باسێك دەربارەی خواردنه‌وه‌ له‌ قاپی زێڕ و زیودا

٦٣٦. عَنِ ابْنِ أَبِي لَيْلَى قَالَ: كَانَ حُذَيْفَةُ h بِالْمَدَائِنِ فَاسْتَسْقَى، فَأَتَاهُ دِهْقَانٌ بِإِنَاءٍ مِنْ فِضَّةٍ، فَرَمَاهُ بِهِ، وَقَالَ: إِنِّي لَمْ أَرْمِهِ بِهِ إِلَّا أَنِّي قَدْ نَهَيْتُهُ فَلَمْ يَنْتَهِ، وَإِنَّ رَسُولَ اللَّهِ نَهَى عَنِ الْحَرِيرِ، وَالدِّيبَاجِ، وَعَنِ الشُّرْبِ فِي آنِيَةِ الذَّهَبِ وَالْفِضَّةِ، وَقَالَ: «هِيَ لَهُمْ فِي الدُّنْيَا وَلَكُمْ فِي الْآخِرَةِ».

ئیبن ئه‌بو له‌یلا ده‌ڵێت: حوزه‌یفه‌ h له‌ مه‌دائین بوو (شوێنێكه‌ له‌ عێراقدا، شارێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ نێوان دیجله ‌و به‌غدایە، شوێنی پادشای فارس بووه‌ له‌ كاتی خۆیدا) داوای ئاوی كرد‌، كه‌سێك له‌ قاپێكی زیودا ئاوی بۆ هێنا‌، حوزه‌یفه‌ تێی گرت، گوتی: من تێم نه‌گرت ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ چه‌نده‌ها جاره‌ پێی ده‌ڵێم: له‌ قاپی زیودا ئاو بۆ من مه‌هێنه‌ ئه‌و هه‌ر ده‌یهێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ڕێگریی لێ كردووه‌، پێغه‌مبه‌ری خوا ڕێگریی كردووه‌ له‌ ئاوریشم، له‌ دیباج و‌ ڕێگریی كردووه‌ له‌ خواردنه‌وه‌ له‌ قاپی زێڕ و زیودا،‌ فه‌رمووی: «ئه‌مه‌ بۆ كافرانه‌ له‌ دونیا، به‌ڵام له‌ به‌هه‌شتدا ئێوه‌ له‌و قاپانه‌دا‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ ده‌خۆن».

🖍   تێبینی:

ده‌گوترێت: دیباج ئاوریشمێكی ناسكه‌، ئیستبه‌ریق ئاوریشمێكی ئه‌ستووره‌، یان دیباج ئه‌و ئاوریشمانه‌یه‌ بۆ جلی ژێره‌وه‌ به‌كار دێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناسك و ته‌نكه‌، وه‌ ئیسته‌بریق ئه‌ستووره‌ بۆ جلی سه‌ره‌وه‌ به‌كار دێت، هه‌ردووكی هه‌ر ئاوریشمه‌، پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ ڕێگریی كردووه‌ له‌ ئاوریشم بۆ پیاو، به‌ڵام بۆ ئافره‌ت حه‌ڵاڵه‌.

بَابٌ فِي السَّاقِي مَتَى يَشْرَبُ

باسێك ده‌رباره‌ی ئاوگێڕ كه‌ی خۆی ئاو ده‌خواته‌وه‌

٦٣٧. عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ أَبِي أَوْفَى h: أَنَّ النَّبِيَّ قَالَ: «سَاقِي الْقَوْمِ آخِرُهُمْ شُرْبَـاً».

عه‌بدوڵڵای كوڕی ئه‌بو ئه‌وفا h ده‌گێڕێته‌وه‌: پێغه‌مبه‌ر فه‌رموویه‌تی: «ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ خواردنه‌وه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا دابه‌ش ده‌كات، خۆی ده‌بێت له‌دوای هه‌موویان بیخواته‌وه‌».

بَابٌ فِي النَّفْخِ فِي الشَّرَابِ وَالتَّنَفُّسِ فِيهِ

باسێك دەربارەی فووكردنه‌ خواردنه‌وه‌ و‌ هه‌ناسه‌دان تێیدا

٦٣٨. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k قَالَ: نَهَى رَسُولُ اللَّهِ أَنْ يُتَنَفَّسَ فِي الْإِنَاءِ، أَوْ يُنْفَخَ فِيهِ.

ئیبن عه‌بباس k ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا ڕێگریی كردووه‌ هه‌ناسه‌ بده‌یته‌ نێو قاپی خواردنه‌وه‌ (ئه‌و قاپه‌ی كه‌ شتی تێدایه)‌، یان فووی لێ بكه‌یت.

٦٣٩. عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ بُسْرٍ h مَنْ بَنِي سُلَيْمٍ قَالَ: جَاءَ رَسُولُ اللَّهِ إِلَى أَبِي فَنَزَلَ عَلَيْهِ فَقَدَّمَ إِلَيْهِ طَعَامًا فَذَكَرَ حَيْسًا أَتَاهُ بِهِ، ثُمَّ أَتَاهُ بِشَرَابٍ فَشَرِبَ فَنَاوَلَ مَنْ عَلَى يَمِينِهِ، وَأَكَلَ تَمْرًا فَجَعَلَ يُلْقِي النَّوَى عَلَى ظَهْرِ أُصْبُعَيْهِ السَّبَّابَةُ وَالْوُسْطَى، فَلَمَّا قَامَ قَامَ أَبِي فَأَخَذَ بِلِجَامِ دَابَّتِهِ فَقَالَ: ادْعُ اللَّهَ لِي، فَقَالَ: «اللَّهُمَّ بَارِكْ لَهُمْ فِيمَا رَزَقْتَهُمْ، وَاغْفِرْ لَهُمْ وَارْحَمْهُمْ».

عه‌بدوڵڵای كوڕی بوسر h له‌ به‌نو سوله‌یم ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا هات بۆلای باوكم، له‌لای لایدا بووه‌ میوانی، باوكم خواردنی پێشكه‌ش به‌ پێغه‌مبه‌ری خوا كرد، حه‌یسی داوه‌ پێی (حه‌یس: خورما و كه‌شك و ڕۆن و ئارده‌ تێكه‌ڵ ده‌كرێت)، پاشان خواردنه‌وه‌ی بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا هێنا، پێغه‌مبه‌ری خوا لێی خوارده‌وه‌، ئینجا پێغه‌مبه‌ری خوا دایه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌لای ڕاستی بوو،‌ خورماشی خوارد، كه‌ خورماكه‌ی ده‌خوارد نێوكه‌كه‌ی ده‌كرده‌ سه‌ر هه‌ردوو په‌نجه‌ی ناوه‌ڕاست و په‌نجه‌ی شایه‌تومانی(١)، كاتێك پێغه‌مبه‌ری خوا هه‌ڵسا و ویستی بڕوات، باوكم هه‌ڵسا لغاوی وڵاخه‌كه‌ی گرت، گوتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا دوعام بۆ بكه‌، فه‌رمووی: «خوایه‌ هه‌ر ڕۆزییه‌كه‌ت پێ داون به‌ره‌كه‌تی تێ بخه‌یت بۆیان و‌ لێیان خۆش بیت و بەزەییان لەگەڵ بنوێنیت».

🖍   تێبینی:

 (١) ناوكه‌كه‌ی نه‌ده‌كرده‌وه‌ ناو خورماكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵ نه‌بێت له‌گه‌ڵ خورماكه‌دا، ئه‌ویش ئه‌ده‌بێكی جوانه‌ له‌ كاتی خواردندا ئه‌گه‌ر كه‌سێك شتێكی خوارد نێوكی هه‌بوو نه‌یكاته‌وه‌ نێو ئه‌و قاپه‌ی كه‌ شته‌كه‌ی تێدایه‌، بۆ نموونه‌: خورما ده‌خۆیت، یان ترێ ده‌خۆیت، یان هه‌ر میوه‌یه‌كه‌ كه‌ نێوكی هه‌یه‌، یان بیخه‌یته‌ سه‌ر سینییه‌كه‌ یان قاپێكی دیكه‌، ئه‌گه‌ر نه‌بوو ده‌یخه‌ته‌ نێو ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌ت یان ده‌یخه‌یته‌ سه‌ر ده‌ستت به‌ جیا.

بَابٌ فِي إِيكَاءِ الْآنِيَةِ

باسێك ده‌رباره‌ی سه‌رپۆشكردنی ده‌فر و قاپ و كونده‌

٦٤٠. عَنْ جَابِرٍ h عَنِ النَّبِيِّ قَالَ: «أَغْلِقْ بَابَكَ وَاذْكُرِ اسْمَ اللَّهِ، فَإِنَّ الشَّيْطَانَ لَا يَفْتَحُ بَابًا مُغْلَقًا، وَأَطْفِ مِصْبَاحَكَ وَاذْكُرِ اسْمَ اللَّهِ، وَخَمِّرْ إِنَاءَكَ وَلَوْ بِعُودٍ تَعْرِضُهُ عَلَيْهِ وَاذْكُرِ اسْمَ اللَّهِ، وَأَوْكِ سِقَاءَكَ وَاذْكُرِ اسْمَ اللَّهِ».

جابیر h له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ ‌فه‌رموویه‌تی: «ده‌رگاكه‌ت دابخه‌ و (بسم الله) بكه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌یتان ناتوانێت ده‌رگایه‌كی داخراو بكاته‌وه‌، چرا و لامپا و ئاگره‌كان بكوژێنه‌وه‌ و‌ (بسم الله) بكه‌ن‌، قاپه‌كه‌ت داپۆشه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچت ده‌ست نه‌كه‌وت چیلكه‌یه‌ك بخه‌ره‌ سه‌ری و (بسم الله) بكه‌، ده‌می كونده‌كه‌ت به‌ په‌تێك ببه‌سته ‌و (بسم الله) بكه‌».