كِتَابُ السُّنَّةِ

په‌رتووكی سوننه‌ت

بَابُ شَرْحِ السُّنَّةِ

باسی ڕاڤه‌كردنی سوننه‌ت

٧٦٤. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «افْتَرَقَتِ الْيَهُودُ عَلَى إِحْدَى أَوْ ثِنْتَيْنِ وَسَبْعِينَ فِرْقَةً، وَتَفَرَّقَتِ النَّصَارَى عَلَى إِحْدَى أَوْ ثِنْتَيْنِ وَسَبْعِينَ فِرْقَةً، وَتَفْتَرِقُ أُمَّتِي عَلَى ثَلَاثٍ وَسَبْعِينَ فِرْقَةً».

ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌ h ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «جووله‌كه‌ بوونه‌ حه‌فتا و یه‌ك، یان حه‌فتا و دوو كۆمەڵه‌وه‌،‌ گاوره‌كانیش بوونه‌ حه‌فتا و یه‌ك، یان حه‌فتا و دوو كۆمەڵە‌وه‌، ئوممه‌تی منیش ده‌بێته‌ حه‌فتا و سێ كۆمەڵ‌».

🖍   تێبینی:

ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ هه‌موو كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆی و بۆ سه‌رخستنی بیروباوه‌ڕ و گرووپی خۆی به‌كاری بێنێت و پێی وا بێت گرووپه‌كانی دیكه‌ی موسوڵمانان له‌و حه‌فتا و سێ كۆمەڵەیه‌‌ن، چونكه‌ گومانی تێدا نییه‌ موسوڵمان به‌ هه‌ر ناوێك بن مادام ئه‌هلی قیبله‌ بن و له‌ چوارچێوه‌ی ئیسلامدا ‌بن، هه‌موویان به‌ یه‌ك كۆمه‌ڵ هه‌ژمار ده‌كرێن.

بَابٌ فِي لُزُومِ السُّنَّةِ

باسێك دەربارەی پابه‌ندبوون به‌ سوننه‌ته‌وه‌

٧٦٥. عَنْ عُبَيْدِ اللَّهِ بْنِ أَبِي رَافِعٍ، عَنْ أَبِيهِ h عَنِ النَّبِيِّ قَالَ: «لَا أُلْفِيَنَّ أَحَدَكُمْ مُتَّكِئًا عَلَى أَرِيكَتِهِ يَأْتِيهِ الْأَمْرُ مِنْ أَمْرِي مِمَّا أَمَرْتُ بِهِ أَوْ نَهَيْتُ عَنْهُ فَيَقُولُ لَا نَدْرِي مَا وَجَدْنَا فِي كِتَابِ اللَّهِ اتَّبَعْنَاهُ».

عوبه‌یدوڵڵای كوڕی ئه‌بو ڕافیع، له‌ باوكییه‌وه‌ h له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: «با كه‌سی وا نه‌بینم پاڵی دابێته‌وه‌ له‌سه‌ر لایه‌كانی و له‌سه‌ر جێگای ڕازاوه‌، فه‌رمانی بۆ بێت له‌و شتانه‌ی كه‌ من فه‌رمانم پێ كردووه‌ له‌ كاروباری دیندا، یان له‌وه‌ی كه‌ من ڕێگریم لێ كردووه،‌ بڵێت: نازانم شتی وام نه‌بیستووه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ قوڕئاندا هەبێت شوێن قوڕئان ده‌كه‌وین (شوێن سوننه‌ت ناكه‌وین)».

٧٦٦. عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ مَسْعُودٍ h عَنِ النَّبِيِّ قَالَ: «أَلَا هَلَكَ الْمُتَنَطِّعُونَ ثَلَاثَ مَرَّاتٍ».

عه‌بدوڵڵای كوڕی مه‌سعوود h له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: «ئاگادار بن ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕۆده‌چن له‌ شتدا، زێده‌ڕ‌ۆیی ده‌كه‌ن (سنوور ده‌به‌زێنن له‌ وته‌ و له‌ كرده‌وه‌دا)، ئه‌وانه‌ تیا چوون».

🖍   تێبینی:

مه‌به‌ست قووڵبوونه‌وه‌ و زێده‌ڕۆیی له‌ شتی پووچ، كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ته‌كلیفی ئه‌وه‌ی لێ نه‌كراوه‌، ئه‌گه‌رنا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ نییه‌ مرۆڤ بیر له‌ هیچ نه‌كاته‌وه‌ و به‌دوای حیكمه‌ت و زانیاری ورددا نه‌گه‌ڕێت، نه‌خێر، ئه‌وه‌ فه‌رمانی پێ كراوه‌ كه‌ ئەنجام بدرێت.

بَابُ مَنْ دَعَا إِلَى السُّنَّةِ

باسی ئه‌و كەسه‌ی بانگه‌وازی خه‌ڵك بكات بۆ ڕێبازی پێغه‌مبه‌ر ﷺ

٧٦٧. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h: أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ قَالَ: «مَنْ دَعَا إِلَى هُدًى كَانَ لَهُ مِنَ الْأَجْرِ مِثْلُ أُجُورِ مَنْ تَبِعَهُ لَا يَنْقُصُ ذَلِكَ مِنْ أُجُورِهِمْ شَيْئًا، وَمَنْ دَعَا إِلَى ضَلَالَةٍ كَانَ عَلَيْهِ مِنَ الْإِثْمِ مِثْلُ آثَامِ مَنْ تَبِعَهُ لَا يَنْقُصُ ذَلِكَ مِنْ آثَامِهِمْ شَيْئًا».

ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌ h ده‌گێڕێته‌وه‌: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «هەر كەسێك خەڵكى بەرەو هیدایەت بانگ بكات، بەئەندازەى هەموو ئەوانەى كە شوێنى كەوتوون پاداشتى هەیە، بێ ئەوەى هیچ لە پاداشتى ئەوانیش كەم ببێتەوە، هەر كەسێك خەڵكى بەرەو گومڕایی بانگ بكات، ئەوە بەئەندازەى هەموو ئەوانەى شوێنى كەوتوون گوناهى هەیە، بێ ئەوەى هیچ لە گوناهى ئەوانیش كەم ببێتەوە».

🖍   تێبینی:

واته:‌ هه‌ر كه‌سێك به‌رچاوی خه‌ڵكی ڕوون بكاته‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌ به‌رنامه‌ی خوا، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی فێری زانست و زانیاری بكات، ئه‌وه‌ پاداشتی ئه‌وانه‌شی بۆ دێت كه‌ شوێنی ده‌كه‌ون، بێ ئه‌وه‌ی له‌ پاداشتی خۆیان كه‌م ببێته‌وه‌، پێچه‌وانه‌كه‌شی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌.

٧٦٨. عَنْ سَعْدٍ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «إِنَّ أَعْظَمَ الْمُسْلِمِينَ فِي الْمُسْلِمِينَ جُرْمًا، مَنْ سَأَلَ عَنْ أَمْرٍ لَمْ يُحَرَّمْ فَحُرِّمَ عَلَى النَّاسِ، مِنْ أَجْلِ مَسْأَلَتِهِ».

سەعد h ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «گه‌وره‌ترین تاوانباری موسوڵمانان كه‌سێكه‌ كه‌ پرسیار له‌ شتێك بكات كه‌ حه‌رام نه‌كرابێت به‌هۆی پرسیاره‌كه‌ی ئه‌وه‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك حه‌رام بكرێت».

🖍   تێبینی:

ئه‌م فەرموودەیه‌ بۆ كاتی ڕۆژگاری پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ ﷺ كه‌ ئایه‌ت داده‌به‌زی، ئێستا حه‌ڵاڵ و حه‌ڕام كۆتایی هاتووه‌، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك پرسیاری كردبێت له‌ شتێك و به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ئه‌و شته‌ حه‌رام كرابێت، ئه‌وه‌ تاوانێكی گه‌وره‌ی به‌رانبه‌ر موسوڵمانان ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئایینه‌ و صه‌حابه‌ پرسیاریان له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ كردووه‌ ئه‌وه‌ ناگرێته‌وه‌، به‌ڵام پرسیارێكه‌ بۆ ڕۆچوون و زێدەڕۆییه‌ له‌ شتێكدا پێویست نییه‌، هه‌ر زۆر پرسیار ده‌كات هەتا شته‌كه‌ حه‌رام ده‌بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست بێت و گرینگ بێت ئه‌وه‌ ده‌یگرێته‌وه‌.

بَابٌ فِي الْخُلَفَاءِ

باسێك ده‌رباره‌ی جێنشینه‌كان

٧٦٩. عَنْ أَبِي بَكْرَةَ h: أَنَّ النَّبِيَّ قَالَ ذَاتَ يَوْمٍ: «مَنْ رَأَى مِنْكُمْ رُؤْيَا؟». فَقَالَ رَجُلٌ: أَنَا، رَأَيْتُ كَأَنَّ مِيزَانًا نَزَلَ مِنَ السَّمَاءِ فَوُزِنْتَ أَنْتَ وَأَبُو بَكْرٍ فَرَجَحْتَ أَنْتَ بِأَبِي بَكْرٍ، وَوُزِنَ عُمَرُ وَأَبُو بَكْرٍ، فَرَجَحَ أَبُو بَكْرٍ، وَوُزِنَ عُمَرُ وَعُثْمَانُ، فَرَجَحَ عُمَرُ ثُمَّ رُفِعَ الْمِيزَانُ، فَرَأَيْنَا الْكَرَاهِيَةَ فِي وَجْهِ رَسُولِ اللَّهِ .

ئه‌بو به‌كڕه‌ h ده‌گێڕێته‌وه‌: ڕۆژێك پێغه‌مبه‌ر فه‌رمووی: «كێ له‌ ئێوه‌ خه‌ونێكی بینیوه‌؟»، پیاوێك گوتی: من، (گوتی:) بینیم له‌ ئاسمانه‌وه‌ شتێك وه‌كوو ته‌رازوو دابه‌زی، ئیدی جه‌نابت و ئه‌بو بەكر كێشران، تۆ له‌ سه‌رووی ئه‌وه‌وه‌ بوویت، هه‌روه‌ها عومه‌ر و ئه‌بو به‌كر كێشران، ئه‌بو به‌كر قوڕستر بوو، عومه‌ر و عوسمان كێشران، عومه‌ر قوڕستر بوون، پاشان ته‌رازووه‌كه‌ هه‌ڵگیرایه‌وه‌، له‌و كاته‌دا به‌ ڕوخساری زانیمان كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا پێیناخۆش بوو. (پێده‌چێت مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بووبێت كه‌ خیلافه‌تی بێ كێشه‌ و گیروگرفت زوو كۆتایی دێت، بۆیه‌ پێیناخۆش بووه‌).

٧٧٠. عَنْ سَفِينَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «خِلَافَةُ النُّبُوَّةِ ثَلَاثُونَ سَنَةً، ثُمَّ يُؤْتِي اللَّهُ الْمُلْكَ مَنْ يَشَاءُ، أَوْ مُلْكَهُ مَنْ يَشَاءُ».

سه‌فینه‌ h ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «خیلافه‌ت له‌سه‌ر ڕێبازی پێغه‌مبه‌رایه‌تی سی (30) ساڵه‌، پاشان خوای گه‌وره‌ موڵك به ‌هه‌ر كه‌سێك ده‌دات كه‌ ویستی لێ بێت».

🖍   تێبینی:

سی (30) ساڵه‌كه‌: جێنشینایە‌تى پێشه‌وا ئه‌بو به‌كر h: (2) ساڵ و (3) مانگ و (10) ڕۆژ بووه‌. جێنشینایە‌تى پێشه‌وا عومه‌ر h: (10) ساڵ و (5) مانگ و (21) ڕۆژ بووه‌. جێنشینایە‌تى پێشه‌وا عوسمان h: (11) ساڵ و (11) مانگ و (9) ڕۆژ بووه‌. جێنشینایە‌تى پێشه‌وا عه‌لی h: (4) ساڵ و (9) مانگ و (7) ڕۆژ بووه. جێنشینایە‌تى پێشه‌وا حه‌سه‌نیش نزیكه‌ی (7) مانگ، ئه‌مه‌ هه‌مووی سی (30) ساڵ و چه‌ند مانگێك ده‌كات، ئه‌مه‌ جێنشینایە‌تى پێغه‌مبه‌رایه‌تی ﷺ بووه‌.

بَابٌ فِي فَضْلِ أَصْحَابِ رَسُولِ اللَّهِ ﷺ

باسێك ده‌رباره‌ی پێگە و گەورەیی هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ

٧٧١. عَنْ عِمْرَانَ بْنِ حُصَيْنٍ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «خَيْرُ أُمَّتِي الْقَرْنُ الَّذِينَ بُعِثْتُ فِيهِمْ، ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ، ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ، -وَاللَّهُ أَعْلَمُ أَذَكَرَ الثَّالِثَ أَمْ لَا-، ثُمَّ يَظْهَرُ قَوْمٌ يَشْهَدُونَ، وَلَا يُسْتَشْهَدُونَ، وَيَنْذِرُونَ، وَلَا يُوفُونَ، وَيَخُونُونَ، وَلَا يُؤْتَمَنُونَ، وَيَفْشُو فِيهِمُ السِّمَنُ».

عیمڕانی كوڕی حوصه‌ین h ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «باشترینی ئوممه‌ته‌كه‌م ئەوانەن كه‌ من تێیاندا نێردراوم، پاشان ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌وان، ئنجا ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌وان، -خوا زاناتره‌ نازانم سێیه‌می باس كرد یان نا-، پاشان كه‌سانێك په‌یداده بن شایه‌تی ده‌ده‌ن بێ ئه‌وه‌ی داوای شایه‌تییان لێ بكرێت(1)، نه‌زر ده‌كه‌ن و جێبه‌جێی ناكه‌ن و ناپاكی ده‌كه‌ن و دەستپاك نین،‌ قه‌ڵه‌وی تیایاندا ده‌رده‌كه‌وێت».

🖍   تێبینی:

(1)   به‌ڵام ڕیوایه‌تی دیكه‌ كه‌‌ ده‌فه‌رموێت: باشترین شایه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شایه‌تی ده‌دات پێش ئه‌وه‌ی داوای لێ بكرێت، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌قێك نه‌فه‌وتێت، به‌ڵام ئه‌میان شته‌كه‌ زانراوه‌ داوای لێ نه‌كراوه‌ له‌خۆیه‌وه‌ شایه‌تی ده‌دات.

بَابٌ فِي النَّهْيِ عَنْ سَبِّ أَصْحَابِ رَسُولِ اللَّهِ ﷺ

باسێك ده‌رباره‌ی ڕێگریكردن له‌ جنێودان به‌ هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ

٧٧٢. عَنْ أَبِي سَعِيدٍ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «لَا تَسُبُّوا أَصْحَابِي، فَوَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ لَوْ أَنْفَقَ أَحَدُكُمْ مِثْلَ أُحُدٍ ذَهَبًا مَا بَلَغَ مُدَّ أَحَدِهِمْ وَلَا نَصِيفَهُ».

ئه‌بو سه‌عید h ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «جنێو مەدەن‌ بە هاوه‌ڵانم، سوێند به‌و خوایه‌ی گیانی منی به‌ده‌سته‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ ئێوه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی كێوی ئوحود ئاڵتوون ببه‌خشێت، ناگاته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان كه‌ مشتێك، یان نیو مشت ببه‌خشن».

بَابُ مَا يَدُلُّ عَلَى تَرْكِ الْكَلَامِ فِي الْفِتْنَةِ

باسی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر (پەسەندی) بێده‌نگبوون له‌ كاتی ئاشووبدا

٧٧٣. عَنْ أَبِي بَكْرَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ لِلْحَسَنِ بْنِ عَلِيٍّ: «إِنَّ ابْنِي هَذَا سَيِّدٌ، وَلَعَلَّ اللَّهَ أَنْ يُصْلِحَ بِهِ بَيْنَ فِئَتَيْنِ مِنَ الْمُسْلِمِينَ عَظِيمَتَيْنِ».

ئەبو به‌كڕه‌ h ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا به‌ حه‌سه‌نی كوڕی عه‌لی k فه‌رموو: «ئه‌م كوڕه‌ی من پیاوێكی گه‌وره‌ی لێ ده‌رده‌چێت و‌ ئومێد ده‌كه‌م خوای گه‌وره‌ چاكسازی و ئاشته‌وایی بكات له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م له‌ نێوان دوو كۆمه‌ڵی گه‌وره لە موسوڵمانان‌».

بَابٌ فِي الْقَدَرِ

باسێك ده‌رباره‌ی قه‌ده‌ر

٧٧٤. عَنْ عِمْرَانَ بْنِ حُصَيْنٍ h قَالَ: قِيلَ لِرَسُولِ اللَّهِ : يَا رَسُولَ اللَّهِ، أَعُلِمَ أَهْلُ الْجَنَّةِ مِنْ أَهْلِ النَّارِ؟ قَالَ: «نَعَمْ»، قَالَ: فَفِيمَ يَعْمَلُ الْعَامِلُونَ؟ قَالَ: «كُلٌّ مُيَسَّرٌ لِمَا خُلِقَ لَهُ».

عیمڕانی كوڕی حوصه‌ین h ده‌ڵێت: پرسیار كرا له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا، ئایا ده‌زانرێت كێ به‌هه‌شتییه‌ و كێ دۆزه‌خییه‌؟ فه‌رمووی: «به‌ڵێ»، (یەكێك) گوتی: ئیدی خه‌ڵك بۆ كار ده‌كات؟ فه‌رمووی: «هه‌موو كه‌سێك بۆچی دروست كرابێت، كرده‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ی بۆ ئاسان كراوه‌».

بَابٌ فِي ذَرَارِيِّ الْمُشْرِكِينَ

باسێك ده‌رباره‌ی منداڵی هاوبه‌شدانه‌ران

٧٧٥. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «كُلُّ مَوْلُودٍ يُولَدُ عَلَى الْفِطْرَةِ، فَأَبَوَاهُ يُهَوِّدَانِهِ وَيُنَصِّرَانِهِ، كَمَا تَنَاتَجُ الْإِبِلُ مِنْ بَهِيمَةٍ جَمْعَاءَ، هَلْ تُحِسُّ مِنْ جَدْعَاءَ؟»، قَالُوا: يَا رَسُولَ اللَّهِ، أَفَرَأَيْتَ مَنْ يَمُوتُ وَهُوَ صَغِيرٌ؟ قَالَ: «اللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا كَانُوا عَامِلِينَ».

ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌ h ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «هەموو منداڵێک لەسەر سروشتی خواپەرستی و خواناسی لەدایک دەبێت، دوایی دایک و باوکی دەیکەنە جوولەکە، یان دەیکەنە نەسڕانی، (یان دەیکەنە ئاگرپەرست)، (وێنە دێنێتەوە و دەفەرموێت:) وەک چۆن بەچکەی ئاژەڵ کە لەدایک دەبێت، بەسەلامەتی لەدایک دەبێت، ئایا هیچ دەبینن گوێی بڕابێت، یاخود داخ کرابێت؟ (نەخێر، بەڵکوو دوایی مرۆڤ دەستکاری دەکات)»، گوتیان: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا هه‌واڵمان پێ بده‌ بە حاڵی ئەو منداڵانە كە بە بچووكی‌ دەمرن سه‌ره‌نجامیان چییه‌؟ فه‌رمووی: «خوا زاناتره‌ داخۆ (ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ بوونایه‌) چ كرده‌وه‌یه‌كیان ده‌كرد».

بَابٌ فِي الرُّؤْيَةِ

باسێك ده‌رباره‌ی بینینی خوا‌ له‌ ڕۆژی دوايى‌

٧٧٦. عَنْ جَرِيرِ بْنِ عَبْدِ اللَّهِ h قَالَ: كُنَّا مَعَ رَسُولِ اللَّهِ جُلُوسًا، فَنَظَرَ إِلَى الْقَمَرِ لَيْلَةَ الْبَدْرِ لَيْلَةَ أَرْبَعَ عَشْرَةَ، فَقَالَ: «إِنَّكُمْ سَتَرَوْنَ رَبَّكُمْ كَمَا تَرَوْنَ هَذَا لَا تُضَامُّونَ فِي رُؤْيَتِهِ، فَإِنِ اسْتَطَعْتُمْ أَنْ لَا تُغْلَبُوا عَلَى صَلَاةٍ قَبْلَ طُلُوعِ الشَّمْسِ وَقَبْلَ غُرُوبِهَا فَافْعَلُوا»، ثُمَّ قَرَأَ هَذِهِ الْآيَةَ: «﴿ فَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّكَ قَبْلَ طُلُوعِ الشَّمْسِ وَقَبْلَ غُرُوبِهَا ﴾ طه: 130».

جه‌ریری كوڕی عه‌بدوڵڵا h ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوا دانیشتبووین، ته‌ماشای مانگی چوارده‌ی كرد، فه‌رمووی: «ئێوه‌ په‌روه‌ردگارتان ده‌بینن (له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا) هه‌ر وه‌كوو چۆن ئه‌م مانگه‌ ده‌بینن كه‌ پێویستتان به قەره‌باڵغیكردن نییه‌، ئه‌گه‌ر توانیتان شه‌یتان به‌سه‌رتاندا زاڵ نه‌بێت بۆ نوێژی به‌یانی و نوێژی عه‌سر، ئه‌م نوێژانه‌ له ‌سه‌ره‌تای كاته‌كه‌یدا بكه‌ن»، پاشان ئه‌م ئایه‌ته‌ی خوێنده‌وه‌: «﴿ فَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّكَ قَبْلَ طُلُوعِ الشَّمْسِ وَقَبْلَ غُرُوبِهَا ﴾، واته‌: خوا بەپاك بگرە و سوپاس و ستاییشی‌ بكه‌ (واتە: نوێژ بكه)‌ له‌پێش خۆهەڵاتن و‌ له‌پێش خۆرئاوابوون».

بَابٌ فِي الْقُرْآنِ

باسێك ده‌رباره‌ی قوڕئان

٧٧٧. عَنْ جَابِرِ بْنِ عَبْدِ اللَّهِ k قَالَ: كَانَ رَسُولُ اللَّهِ يَعْرِضُ نَفْسَهُ عَلَى النَّاسِ فِي الْمَوْقِفِ، فَقَالَ: «أَلَا رَجُلٌ يَحْمِلُنِي إِلَى قَوْمِهِ، فَإِنَّ قُرَيْشًا قَدْ مَنَعُونِي أَنْ أُبَلِّغَ كَلَامَ رَبِّي».

جابیری كوڕی عه‌بدوڵڵا k ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا خۆی پیشانی خه‌ڵكى ده‌دا له‌ مه‌وقیفدا (شوێنێكه‌ له‌ مه‌ككه‌)، فه‌رمووی: «ئایا پیاوێك هه‌یه‌ بمباته‌وه‌ بۆ لای قه‌ومه‌كه‌ی په‌نام بدات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قوڕه‌یش ڕێگریم لێ ده‌كه‌ن فه‌رمایشتی پەروەردگارم‌ بگه‌یه‌نم».

بَابٌ فِي الشَّفَاعَةِ

باسێك ده‌رباره‌ی تكاكردن (الشفاعة)

٧٧٨. عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ h عَنِ النَّبِيِّ قَالَ:«شَفَاعَتِي لِأَهْلِ الْكَبَائِرِ مِنْ أُمَّتِي».

ئه‌نه‌سی كوڕی مالیك h له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: «تكاكاریی من (له‌ قیامه‌تدا) ئه‌وانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ گوناهی گه‌وره‌یان هه‌یه‌».

٧٧٩. عَنْ جَابِرٍ h قَالَ: سَمِعْتُ النَّبِيَّ يَقُولُ: «إِنَّ أَهْلَ الْجَنَّةِ يَأْكُلُونَ فِيهَا وَيَشْرَبُونَ».

جابیر h ده‌ڵێت: گوێم لێ بوو پێغه‌مبه‌ر ده‌یفه‌رموو: «به‌هه‌شتییه‌كان له‌ به‌هه‌شتدا ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه‌».

بَابٌ فِي ذِكْرِ الْبَعْثِ وَالصُّورِ

باسێك ده‌رباره‌ی زیندووبوونه‌وه ‌و فووكردن به‌ كه‌ڕه‌نادا

٧٨٠. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h: أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ قَالَ: «كُلَّ ابْنِ آدَمَ تَأْكُلُ الْأَرْضُ، إِلَّا عَجْبَ الذَّنَبِ مِنْهُ خُلِقَ وَفِيهِ يُرَكَّبُ».

ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌ h ده‌گێڕێته‌وه‌: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «زه‌وی هه‌موو لاشه‌ی ئاده‌میزاد ده‌خوات جگە لە كڵێنچه،‌‌ مرۆڤ له‌وه‌‌ دروست كراوه‌ و‌ دواتریش له‌وه‌ دروست ده‌كرێته‌وه‌».

🖍   تێبینی:

پێغه‌مبه‌رانی خوا صه‌ڵات و سه‌لامی خوایان له‌سه‌ر بێت، وه‌كوو خۆیان لاشه‌یان ده‌مێنێته‌وه‌، خوای گه‌وره‌ حه‌رامی كردووه‌ له‌سه‌ر زه‌وی لاشه‌ی پێغه‌مبه‌ران بڕزێنێت و بخوات.

بَابٌ فِي الْمَسْأَلَةِ فِي الْقَبْرِ وَعَذَابِ الْقَبْرِ

باسێك ده‌رباره‌ی ‌پرسیاری نێو گۆڕ و‌ سزای گۆڕ

٧٨١. عَنِ الْبَرَاءِ بْنِ عَازِبٍ h: أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ قَالَ: «إِنَّ الْمُسْلِمَ إِذَا سُئِلَ فِي الْقَبْرِ فَشَهِدَ أَنْ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَأَنَّ مُحَمَّدًا رَسُولُ اللَّهِ ، فَذَلِكَ قَوْلُ اللَّهِ b: ﴿ يُثَبِّتُ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا بِالْقَوْلِ الثَّابِتِ ﴾ إبراهيم: 27».

به‌ڕائی كوڕی عازیب h ده‌گێڕێته‌وه‌: پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «كاتێك موسوڵمان له‌نێو گۆڕدا پرسیاری لێ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه،‌ شایه‌تی بدات به‌ (لا إله‌ إلا الله)،‌ به‌ محمد (رسول الله )، ئه‌وه‌ مانای ئه‌م ئایه‌ته‌ی خوای گه‌وره‌یه‌ b كه‌ ده‌فه‌رموێت: ﴿ يُثَبِّتُ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا بِالْقَوْلِ الثَّابِتِ ﴾، واته‌: خوا‌ بڕواداران جێگیر ده‌كات به‌ وته‌ی جێگیر كه‌ وته‌ی (لا إله‌ إلا الله)یه‌ له‌ ژیانی دونیا و‌ له‌ قیامه‌تیشدا كه‌ مه‌به‌ست پێی نێو گۆڕه‌».

٧٨٢. عَنْ عَرْفَجَةَ h قَالَ: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ يَقُولُ: «سَتَكُونُ فِي أُمَّتِي هَنَاتٌ، وَهَنَاتٌ، وَهَنَاتٌ، فَمَنْ أَرَادَ أَنْ يُفَرِّقَ أَمْرَ الْمُسْلِمِينَ وَهُمْ جَمِيعٌ فَاضْرِبُوهُ بِالسَّيْفِ كَائِنًا مَنْ كَانَ».

عه‌ڕفه‌جه‌ h ده‌ڵێت: گوێم له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا بوو ده‌یفه‌رموو: «له‌نێو ئوممه‌تی مندا خراپه ‌و ئاژاوه‌گێڕی ده‌بێت ‌و خراپه‌ و ئاژاوه‌گێڕی ده‌بێت ‌و خراپه‌ و ئاژاوه‌گێڕی ده‌بێت، هه‌ر كه‌سێك ویستی جیاوازی بخاته‌ نێوان موسوڵمانانه‌وه‌، ڕیزی موسوڵمانان پارچه‌ پارچه‌ بكات له‌ كاتێكدا یه‌ك ڕیزن، ئه‌وه‌ به ‌شمشێر لێی بده‌ن، جا ئەو كەسە هه‌ر كه‌سێك بێت».

بَابٌ فِي قِتَالِ اللُّصُوصِ

باسێك ده‌رباره‌ی جەنگان له‌گه‌ڵ دز

٧٨٣. عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عَمْرٍو k عَنِ النَّبِيِّ قَالَ: «مَنْ أُرِيدَ مَالُهُ بِغَيْرِ حَقٍّ فَقَاتَلَ فَقُتِلَ فَهُوَ شَهِيدٌ».

عه‌بدوڵڵای كوڕی عه‌مر k له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: «هه‌ر كه‌سێك خه‌ڵكی ویستی ماڵه‌كه‌ی به‌ناهه‌ق ببات، ئه‌میش شه‌ڕی له‌سه‌ر كرد له‌پێناو ماڵه‌كه‌یدا كوژرا، ئه‌وه‌ شه‌هیده‌».

٧٨٤. عَنْ سَعِيدِ بْنِ زَيْدٍ k عَنِ النَّبِيِّ قَالَ: «مَنْ قُتِلَ دُونَ مَالِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ، وَمَنْ قُتِلَ دُونَ أَهْلِهِ، أَوْ دُونَ دَمِهِ، أَوْ دُونَ دِينِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ».

سه‌عیدی كوڕی زه‌ید k له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: «هه‌ر كه‌سێك له‌پێناو ماڵیدا بكوژرێت شه‌هیده‌، هه‌ر كه‌سێك له‌پێناو به‌رگریكردن له‌ نامووسیدا (خێزانی یان كچی یان خزمێكی نزیكی، بیانه‌وێت ده‌ستدرێژی بكه‌نه‌ سه‌ریان، به‌رگری بكات و بكوژرێت شه‌هیده‌)،‌ هه‌ر كه‌سێك له‌پێناو خوێنیدا بكوژرێت شه‌هیده‌،‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ پێناوی ئایینه‌كه‌یدا بكوژرێت شه‌هیده‌».