> گەوهەرەکانی سونەنی ئیبن ماجە
پوختەى ژیانى پێشهوا تیرمیزی ناسنامە: سوارچاکی ئیسلام، پارێزەری سوننەتی خۆشەویست ﷺ، خواناس و زاهید، عەللامەی سەردەمی زێڕین، کونیە و ناوی تەواوی: ئەبو عیسا، موحەممەدی کوڕی عیسای کوڕی سیوەڕەی کوڕی مووسای کوڕی زەححاکی سەلەمی تیرمیزییە. پێشەوا تیرمیزی لە ساڵی (209)ی کۆچی لەدایک بووە، لە گوندی (بوغ) کە سەر بە شارۆچکەی تیرمیز بووە، دەکەوێتە وڵاتی ئەفغانستان. تیرمیز: بە سێ جۆر دەخوێنرێتەوە (تورمیز ـ تیرمیز ـ تەرمیز). پێگەیشتن و نەشونما و گەشت بۆ پەیداکردنی زانست: پێشەوا شافیعی دەربارەی گەشتکردن بۆ زانست و زانیاری بە جوانترین شێوە وەسفێکمان بۆ دەکات و دەڵێت: تَغَرَّبْ عَن الأَوْطَانِ في طَلَبِ الْعُلى وَسَــافِرْ فَفِي الأَسْفَارِ خَمْسُ فَوَائِدِ تَـفَرُّجُ هَـمّ، وَاكْتِسـابُ مَـعِيشَــةٍ وَعِـلْمٌ، وَآدَابٌ، وَصُـحْبَةُ مَــاجِد واتە: بڕۆ لە وڵات و شوێنی خۆت مەمێنە، گەشت بکە بۆ وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی پێگەی بەرز، چونکە گەشت پێنج سوودی سەرەکی هەیە: دڵتەنگی و غەمت نامێنێت. ماڵ و سامانت دەست دەکەوێت. فێردە بیت و زانست پەیدا دەکەیت. فێری دابونەریتی خەڵکی دیكه دەبیت. هاوڕێی چاک و بەسوودت دەست دەکەوێت. مامۆستاکانی: سەردەمی پێشەوا تیرمیزی سەردەمی زانست بوو، هەر کەسێک ئەهلی فەرموودە بووایە دەچووە لای و فەرموودەی لێ وەردەگرت، ئەگەر هەرچەندە شوێنی ئەو كەسە دووریش بووایە، جا پێشەوا تیرمیزی درێخی نەکرد، هەر زانایەک فەرموودەی لابووایە، دەچووە خزمەتیان و فەرموودەی لێ وەردەگرتن، بۆیە مامۆستایەکانی ئەوەندە زۆرن هەر خۆی دەزانێت، لە هەموویان بەناوبانگتر و گەورەتر ئەوانەن: پێشەوا قوتەیبەی کوڕی سەعید. پێشەوا ئیسحاقی کوڕی ڕاهەوەیهی. پێشەوا موحەممەدی کوڕی ئیسماعیلی بوخاری. پێشەوا موحەممەدی کوڕی عەمری بەڵخی. پێشەوا مەحمودی کوڕی غەیلان. پێشەوا ئیسماعیلی کوڕی مووسای فەزاری. پێشەوا ئەحمەدی کوڕی مەنیع. پێشەوا سوەیدی کوڕی نەسری مەڕوزی. پێشەوا ئەبو موسعەب ئەحمەدی کوڕی ئەبو بەکری زوهری مەدەنی. پێشەوا ئیبڕاهیمی کوڕی عەبدوڵڵای کوڕی حاتیمی هوڕەوی. هەروەها زۆرێکی دیکە لەوانەی فەرموودە و زانستە شەرعییەکانی لەلا خوێندوون . قوتابیەکانی: پێشەوا ئەبو بەکر ئەحمەدی کوڕی ئیسماعیلی سەمەڕقەندی. پێشەوا ئەبو حامید ئەحمەدی کوڕی عەبدوڵڵای کوڕی داودی مەڕوزی. پێشەوا ئەحمەدی کوڕی یوسوفی نەسەفی. پێشەوا ئەسەدی کوڕی حەمدەوەیهی نەسەفی. پێشەوا حوسەینی کوڕی یوسوف. پێشەوا حەممادی کوڕی شاکیری وەڕاق. پێشەوا عەلی کوڕی عومەری کوڕی کەلسومی سەمەڕقەندی. هەروەها زۆرێکی دیکە لە قوتابییەکانی . پەرتوکەکانی پێشەوا تیرمیزی : پێشەوا تیرمیزی پەرتوکەکانی زۆرن کە زانایان باسیان کردوون، هەندێکیان لەبن دەستمانن و هەندێکیش تەنها زانایان بینیویانە، بەڵام بە ئێمە نەگەیشتوون، ئەوانەی ماون ئەوانەن: الجامع الصحیح، سونەنی تیرمیزی. الشمائل النبي ﷺ، بەناوبانگترین پەرتووک دەربارەی ئاکار و ڕەوشت و شێوەی پێغەمبەری خۆشەویست ﷺ، پەرتووکێکە کە دەیخوێنیەوە، ئەوەندە بەتامە وا دەزانیت لەگەڵ هاوەڵان سەیری ئەو زاتە دەکەیت ﷺ. العلل الصغیر، لە زانستی فەرموودە. العلل الکبیر. الزهد، ئیبن نەدیم لە پەرتووکی (الفهرست) باسی کردووە. الأسماء والکنى. أسماء الصحابە، ئیبن کەسیر باسی دەکات کە پەرتووکی پێشەوا تیرمیزییە . پێگەی سونەنەکەی لەلای زانایان: پێشەوا ئەبو عەلی مەنسوڕی کوڕی عەبدوڵڵای خالیدی، لە پێشەوا تیرمیزییەوە دەگێڕێتەوە، دەربارەی سونەنەکەی گوتوویەتی: ئەم پەرتووکەم دانا، پیشانی زانای حیجاز و عێڕاق و خوڕاسانم دا، هەموویان لێی ڕازی بوون، هەبوو دەیگوت: هەر کەسێک ئەو پەرتووکەی لە ماڵدا هەبێت، وەک ئەوە وایە پێغەمبەرێکی لە ماڵدا بێت و قسەی بۆ بکات. پێشەوا تاش کوبڕا زادە دەڵێت: پێشەوا تیرمیزی پەرتووکی زۆرن، لە هەموویان گرینگتر سونەنەکەیەتی، هەم لە ڕووی ڕیزبەندییەوە ڕێکوپێکە و دووبارەی کەمە، هەم شیکردنەوەی خۆی و بەراوردکردنی خۆی بۆ فەرموودە و سەنەدەکان هەیە، هەم صەحیح و زەعیف لەیەکدی جیا دەکاتەوە، ئەحکامی شەرعیشی لەخۆ گرتووە، جگە لەوەی زانستی پیاوناسی و عیلەلیش لەخۆ دەگرێت، هەر کەسێک بیبینێت، دەزانێت چ کارێکی گەورەی کردووە. پێشەوا ئەبو بەکر ئیبن ئهلعەڕەبی لە سەرەتای شەرحی سونەنەکەی ئیمامی تیرمیزیدا دەڵێت: بزانن خوای گەورە دڵ و دەروونتان پڕ بکات لە نوور، کتێبەکەی پێشەوا بوخاری سەرچاوەی دووەمە، (موطأ)ـی پێشەوا مالیکیش یەکەمە، پەرتووکی وەک پێشەوا موسلیم و تیرمیزیش لەسەر ئەو پەرتووکانەی دیكه بونیاتنراون، هیچیشیان وەک پەرتووکەکەی پێشەوا ئەبو عیسای تیرمیزی نین، چونکە زۆر جوان بەش بەش کراوە، ئاسانە، زوو لە مەبەستەکەت دەگەیەنێت، چواردە زانستی فەرموودەی لەخۆ گرتووە: شیکاری سەنەدی فەرموودە. دیاریکردنی صەحیح. دیاریکردنی لاواز. شێوازەکانی سەنەد و ناساندنی توڕوق. شایەتیدان و متمانەدان بە پیاوانی شیاوی سەنەد. دیاریکردنی لاوازی پیاوانی سەنەد. فرەناوی پیاوانی سەنەد و دۆزینەوەیان. دۆزینەوەی کونیەی پیاوانی سەنەد. دیاریکردنی سەنەدی پچڕاو (المنقطع). دیاریکردنی سەنەدی نەپچڕاو (المتصل). ڕوونکردنەوەی کارکردن بە فەرموودە. ڕوونکردنەوەی هۆکاری وازهێنان و کارنەکردن بە فەرموودەیەک. ڕاجیایی زانایان لە وەرگرتن و وەرنەگرتنی فەرموودە. وەرگرتنی حوکمی شەرعی لە فەرموودە. شەرحەکانی پەرتووکی سونەنی تیرمیزی : عارضة الأحوذي في شرح الترمذي، پێشەوا ئیبن ئهلعەڕەبی مالیکی (ت: 795هـ). قوت المغتذي على جامع الترمذي، پێشەوا جەلالەدینی سیوطی (ت: 911هـ). العرف الشذي على جامع الترمذي، پێشەوا بەلقینی شافیعی (ت: 805هـ). تحفة الأحوذي شرح جامع الترمذي، پێشەوا موحەممەد موباڕەکەفوری (ت: 1355هـ). لەگەڵ چەندێکی دیکە لە شەرحی گرینگ کە خاوەنەکانیان بەشێکیان کردووە و نەیانتوانیوە تەواوی بکەن. ستایشی زانایان بۆ پێشەوا تیرمیزی: ئیمامی سەمعانی دەڵێت: پێشەوای سەردەمی خۆی بوو، هاوشانی نەبوو. ئەبو سەعد پێشەوا ئیدریسی دەڵێت: ئیمامی تیرمیزی یەکێک بووە لەو ئیمامانەی کە لە زانستی فەرموودە زانایان شتیان لێ وەرگرتووە، پەرتووکی داناوە لەسەر فەرموودە و تاریخ و عیلەلی حەدیس، پیاوێکی زانا و لێهاتوو بووە. ئیمامی حاکیم دەڵێت: گوێم لە عومەری کوڕی عەلک بوو دەیگوت: پێشەوا بوخاری وەفاتی کرد لە خوڕاسان کەسی لەدوای خۆی جێ نەهێشت وەک ئەبو عیسا، لە زانست و حیفز و تەقوا و خواپەرستی وەک ئەو، ئەوەندە گریا لە ترسی خوای گەورە تا چاوەکانی لەدەست دا، چەند ساڵ بەو جۆرە مایەوە. پێشەوا ئیبن ئەسیر دەڵێت: پێشەوا تیرمیزی ئیمام و حافیز بوو، چەندان دانراوی بەسوود و باشی هەیە، یەکێک لەوانە بریتییە لە (جامع الكبير). هەروەها دەڵێت: یەکێک بووە لەو زانایانەی کە حافیز بوو لەنێو زانایان و ناوبانگی هەبوو، لەڕووی فیقهیشەوە دەستێکی چاکی هەبووە، ئەو یەکێک بووە لە زانایانی فەرموودە لە سەردەمی خۆی. پێشەوا ئیبن عەممادی حەنبەلی دەڵێت: پێشەوا تیرمیزی دیار بوو لەنێو هەموو زانایانی هاوشانی خۆی، نیشانەیەک بوو لە نیشانەکانی خوای گەورە لە ئەزبەر (لەبەرکردن) و لە وردی. حافیز و ئیمام ئەبو یەعلای قەزوینی دەڵێت: موحەممەدی کوڕی عیسا زانایان کۆدەنگن لەسەری، خاوەنی پەرتووکە لە فەرموودە، خاوەنی بۆچوونی خۆی بووە لە جەڕح و تەعدیل، ناوبانگی هەبووە لەنێو زانایان بە ئەمانەت و زانست. کۆچی دوایی ئیمام تیرمیزی : پاش ئەوەی پێشەوا تیرمیزی خزمەتێکی شایستەی بە ئایینی ئیسلام بەگشتی و فەرموودەی خۆشەویست ﷺ بە تایبەتی كرد، خوای گەورە ئەمانەتەکەی لێ وەرگرتەوە، لە شارۆچکەی تیرمیز لە گوندەکەی خۆی (بوغ)، لە شەوی دووشەممە (13)ـی ڕەجەبی ساڵی (279)ی کۆچی، لە تەمەنی حەفتا (70) ساڵی کۆچی دوایی کرد. خوای گەورە بە باشترین شێوە پاداشتی بداتەوە بۆ ئەو خزمەتەی کە پێشکەشی ئیسلام و موسوڵمانانی کرد.
پەرتووکەکان