كِتَابُ الْجَنَائِزِ

په‌رتووكی به‌ڕێكردنی مردوو

بَابُ مَا جَاءَ فِي عِيَادَةِ الْمَرِيضِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی سەردانکردنى نەخۆش

٢٢٤. عَنْ أَبِي هرَيْرَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّه : «خَمْسٌ مِنْ حَقِّ الْمُسْلِمِ عَلَى الْمُسْلِمِ: رَدُّ التَّحِيَّةِ، وَإِجَابَةُ الدَّعْوَةِ، وَشُهودُ الْجِنَازَةِ، وَعِيَادَةُ الْمَرِيضِ، وَتَشْمِيتُ الْعَاطِسِ إِذَا حَمِدَ اللَّه».

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: «پێنج شت هەیە کە مافى موسوڵمانە لەسەر موسوڵمان: وەڵامدانەوەى سڵاو، بەدەمەوەچوونى میواندارییەکەى، ئامادەبوون لەسەر جەنازەکەى، سەردانى نەخۆش، وەڵامدانەوەى پژمینەکەى ئەگەر گوتى: (الحمد لله)».

بَابُ مَا جَاءَ فِي ثَوَابِ مَنْ عَادَ مَرِيضًا

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی پاداشتى سەردانکردنى نەخۆش

٢٢٥. عَنْ عَلِيٍّ h قَالَ: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّه يَقُولُ: «مَنْ أَتَى أَخَاه الْمُسْلِمَ، عَائِدًا، مَشَى فِي خَرَافَةِ الْجَنَّةِ حَتَّى يَجْلِسَ، فَإِذَا جَلَسَ غَمَرَتْه الرَّحْمَةُ، فَإِنْ كَانَ غُدْوَةً، صَلَّى عَلَيْه سَبْعُونَ أَلْفَ مَلَكٍ حَتَّى يُمْسِيَ، وَإِنْ كَانَ مَسَاءً، صَلَّى عَلَيْه سَبْعُونَ أَلْفَ مَلَكٍ حَتَّى يُصْبِحَ».

عەلی h دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەرى خوا بوو دەیفەرموو: «هەر کەسێک بێتە لاى براى موسوڵمانى بۆ سەردانکردنى، تا ئەو کاتەى کە دادەنیشێت میوەکانى بەهەشت دەچنێتەوە، جا کاتێک کە دانیشت، سۆز و میهرەبانى خوا دایدەپۆشێت، جا ئەگەر کاتەکە بەیانى بوو تاکوو ئێوارە حەفتا هەزار فریشتە نزاى بۆ دەکەن، ئەگەر ئێوارەش بوو، حەفتا هەزار فریشتە تاکوو بەیانى دەبێتەوە نزاى بۆ دەکەن».

بَابُ مَا جَاءَ فِي تَلْقِينِ الْمَيِّتِ لَا إِلَه إِلَّا اللَّه

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی تەڵقینى مردوو بە وتەى: (لا إله إلا الله)

٢٢٦. عَنْ أَبِي هرَيْرَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّه : «لَقِّنُوا مَوْتَاكُمْ لَا إِلَه إِلَّا اللَّه».

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: «مردووەکانتان (ئەوانەى لە سەرەمەرگدان) تەڵقین بدەن بە: (لا إله إلا الله)».

بَابُ مَا جَاءَ فِي الْمُؤْمِنِ يُؤْجَرُ فِي النَّزْعِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی پاداشتدانەوەی بڕوادار بەهۆی ڕووحکێشان

٢٢٧. عَنِ ابْنِ بُرَيْدَةَ، عَنْ أَبِيه h: أَنَّ النَّبِيَّ قَالَ: «الْمُؤْمِنُ يَمُوتُ بِعَرَقِ الْجَبِينِ».

ئیبن بوڕەیدە لە باوکیەوە h دەگێڕێتەوە: پێغەمبەر فەرموویەتى: «بڕوادار کاتێك دەمرێت نێوچاوانى عارەق دەکات (لە توندى ئازارى مردن یان بەهۆى پاکبوونەوەى لە تاوان بەهۆى ئازارى مردنەوە)».

بَابُ مَا جَاءَ فِي تَغْمِيضِ الْمَيِّتِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی چاوداخستنى مردوو

٢٢٨. عَنْ أُمِّ سَلَمَةَ i قَالَتْ: دَخَلَ رَسُولُ اللَّه عَلَى أَبِي سَلَمَةَ وَقَدْ شَقَّ بَصَرُه فَأَغْمَضَه، ثُمَّ قَالَ: «إِنَّ الرُّوحَ إِذَا قُبِضَ تَبِعَه الْبَصَرُ».

ئوم سەلەمە i دەڵێت: پێغەمبەرى خوا چوو بۆ لاى ئەبو سەلەمە (کاتى مردنەکەى)، ئەویش چاوەکانى کراوە بوون، (پێغەمبەر ) چاوەکانى بۆ داخست، پاشان فەرمووى: «کاتێ کە ڕووح دەردەچێت چاوەکان شوێنى دەکەون».

بَابُ مَا جَاءَ فِي تَقْبِيلِ الْمَيِّتِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی ماچکردنى مردوو

٢٢٩. عَنْ عَائِشَةَ i قَالَتْ: قَبَّلَ رَسُولُ اللَّه عُثْمَانَ بْنَ مَظْعُونٍ وَهوَ مَيِّتٌ، فَكَأَنِّي أَنْظُرُ إِلَى دُمُوعِه تَسِيلُ عَلَى خَدَّيْه.

عائیشە i دەڵێت: پێغەمبەرى خوا عوسمانى کوڕى مەزعوونى ماچ کرد بە مردوویی، وەک ئێستا لەبەر چاومە، کە فرمێسک بەسەر ڕوومەتەکانیدا دەهاتە خوارێ.

٢٣٠. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ وَعَائِشَةَ j، أَنَّ أَبَا بَكْرٍ h قَبَّلَ النَّبِيَّ ، وَهوَ مَيِّتٌ.

ئیبن عەبباس و عائیشە j دەگێڕنەوە: کە ئەبو بەکر h پێغەمبەرى ماچ کرد ئەوکاتەى کە وەفاتى کردبوو.

بَابُ مَا جَاءَ فِي غَسْلِ الرَّجُلِ امْرَأَتَه وَغَسْلِ الْمَرْأَةِ زَوْجَها

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی شوشتنى ژن لەلایەن پیاویەوە و پیاو لەلایەن ژنیەوە

٢٣١. عَنْ عَائِشَةَ i قَالَتْ: لَوْ كُنْتُ اسْتَقْبَلْتُ مِنْ أَمْرِي مَا اسْتَدْبَرْتُ، مَا غَسَّلَ النَّبِيَّ غَيْرُ نِسَائِه.

عائیشە i دەڵێت: ئەگەر پێشتر بمزانیبایە نەک دواتر (حوکمى شوشتنى پیاو لەلایەن ژنەکەیەوە)، ئەوە جگە لە هاوسەرەکانى کەسی دیکە پێغەمبەرى نەدەشوشت.

بَابُ مَا جَاءَ فِي غُسْلِ النَّبِيِّ ﷺ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی شوشتنى پێغەمبەر 

٢٣٢. عَنْ عَلِيِّ بْنِ أَبِي طَالِبٍ h قَالَ: لَمَّا غَسَّلَ النَّبِيَّ ذَهبَ يَلْتَمِسُ مِنْه مَا يُلْتَمَسُ مِنَ الْمَيِّتِ، فَلَمْ يَجِدْه، فَقَالَ: بِأَبِي الطَّيِّبُ، طِبْتَ حَيًّا، وَطِبْتَ مَيِّتًا.

عەلى کوڕى ئەبو تالیب h دەڵێت: کاتێک کە پێغەمبەرى شوشت، واى بۆ دەچوو کە وەک هەر کەسێکی دیكه‌ ئەو شتانەى لێ دەردەچێت (کە لە کاتى مردندا بە هۆى شلبوونەوە دەردەچێت)، بەڵام هیچ شتێکى لێ نەدیت، ئەویش گوتى: بە باوکەوە فیدات بم، ئەى ئەو کەسەى کە بەپاکی ژیایت و بەپاکی مردیت.

بَابُ مَا جَاءَ فِيمَا يُسْتَحَبُّ مِنَ الْكَفَنِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی ئەو شتانەى کە بۆ کفنکردن سوننەتن

٢٣٣. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّه : «خَيْرُ ثِيَابِكُمُ الْبَيَاضُ، فَكَفِّنُوا فِيها مَوْتَاكُمْ، وَالْبَسُوها».

ئیبن عەبباس k دەڵێت: پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: «باشترینی پۆشاکەکانتان پۆشاکى سپییە، مردووەکانتانى تێدا کفن بکەن و لەبەرى بکەن».

بَابُ مَا جَاءَ فِي شُهودِ الْجَنَائِزِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی ئامادەبوون لەسەر مردوو

٢٣٤. عَنْ أَبِي هرَيْرَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّه : «أَسْرِعُوا بِالْجِنَازَةِ، فَإِنْ تَكُنْ صَالِحَةً فَخَيْرٌ تُقَدِّمُونَها إِلَيْه، وَإِنْ تَكُنْ غَيْرَ ذَلِكَ فَشَرٌّ تَضَعُونَه عَنْ رِقَابِكُمْ».

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: «پەلە بکەن لە شاردنەوەى مردوو، خۆ ئەگەر چاکەکار بێت، بۆ شوێنێکى باشتری دەبەن، ئەگەر واش نەبێت، ئەوە خراپەیەکە لە ئەستۆی خۆتان لادەبەن».

بَابُ مَا جَاءَ فِيمَنْ صَلَّى عَلَيْه جَمَاعَةٌ مِنَ الْمُسْلِمِينَ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی ئەو کەسەى کۆمەڵێک لە موسوڵمانان نوێژى لەسەر دەکەن

٢٣٥. عَنْ كُرَيْبٍ مَوْلَى عَبْدِ اللَّه بْنِ عَبَّاسٍ k قَالَ: هلَكَ ابْنٌ لِعَبْدِ اللَّه بْنِ عَبَّاسٍ، فَقَالَ لِي يَا كُرَيْبُ قُمْ فَانْظُرْ هلِ اجْتَمَعَ لِابْنِي أَحَدٌ؟ فَقُلْتُ: نَعَمْ، فَقَالَ: وَيْحَكَ كَمْ تَرَاهمْ؟ أَرْبَعِينَ؟ قُلْتُ: لَا، بَلْ همْ أَكْثَرُ، قَالَ: فَاخْرُجُوا بِابْنِي، فَأَشْهدُ لَسَمِعْتُ رَسُولَ اللَّه يَقُولُ: «مَا مِنْ أَرْبَعِينَ مِنْ مُؤْمِنٍ يَشْفَعُونَ لِمُؤْمِنٍ، إِلَّا شَفَّعَهمُ اللَّه».

کوڕەیبى خزمەتکارى عەبدوڵڵاى کوڕى عەبباس k دەڵێت: کوڕێکى عەبدوڵڵاى کوڕى عەبباس مرد، ئینجا پێى گوتم: ئەى کوڕەیب هەستە تەماشا بکە بزانە کەس بۆ کوڕەکەم کۆ بۆتەوە (بۆ نوێژ لەسەرکردن)، منیش گوتم: بەڵێ، ئەویش گوتى: هاوار بۆ تۆ چەند دەبن؟ چل (کەس دەبن)؟ گوتم: نەخێر بەڵکوو زیاترن، گوتى: کەواتە کوڕەکەم بێننە دەرێ (بۆ نوێژ لەسەركردن)، شایەتى دەدەم کە بەڕاستى لە پێغەمبەرى خوا بیستوومە دەیفەرموو: «هیچ بڕوادارێک نییە کە چل کەس لە بڕواداران تکاى بۆ بکەن مسۆگەر خوا تکاکەیان وەردەگرێت».

بَابُ مَا جَاءَ فِي الثَّنَاءِ عَلَى الْمَيِّتِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی باسکردنى مردوو بەچاکە

٢٣٦. عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ h قَالَ: مُرَّ عَلَى النَّبِيِّ بِجِنَازَةٍ، فَأُثْنِيَ عَلَيْها خَيْرًا، فَقَالَ: «وَجَبَتْ»، ثُمَّ مُرَّ عَلَيْه بِجِنَازَةٍ، فَأُثْنِيَ عَلَيْها شَرًّا، فَقَالَ: «وَجَبَتْ»، فَقِيلَ: يَا رَسُولَ اللَّه قُلْتَ لِهذِه وَجَبَتْ، وَلِهذِه وَجَبَتْ، فَقَالَ: «شَهادَةُ الْقَوْمِ، وَالْمُؤْمِنُونَ شُهودُ اللَّه فِي الْأَرْضِ».

ئەنەسى کوڕى مالیک h دەڵێت: جەنازەیەک بەلاى پێغەمبەردا تێپەڕیى، جا ستاییشى (مردووەکەیان) دەکرد، فەرمووى: «پێویست بوو»، پاشان جەنازەیەکى دیكه‌ بەلایدا تێپەڕیى، جا بەخراپە باسیان دەکرد، فەرمووى: «پێویست بوو»، گوترا: ئەى پێغەمبەرى خوا بۆ ئەوەیان فەرمووت: وەرگیرا، بۆ ئەوەشیان فەرمووت: وەرگیرا، ئینجا فەرمووى: «شایەتى خەڵک بوو، بڕواداران شایەتیدەرانى خوان لەسەر زەوى».

بَابُ مَا جَاءَ فِي الدُّعَاءِ فِي الصَّلَاةِ عَلَى الْجِنَازَةِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی دوعاکردن له‌نێو نوێژى مردوو

٢٣٧. عَنْ أَبِي هرَيْرَةَ h قَالَ: كَانَ رَسُولُ اللَّه إِذَا صَلَّى عَلَى جِنَازَةٍ يَقُولُ: «اللَّهمَّ اغْفِرْ لِحَيِّنَا وَمَيِّتِنَا، وَشَاهدِنَا وَغَائِبِنَا، وَصَغِيرِنَا وَكَبِيرِنَا، وَذَكَرِنَا وَأُنْثَانَا، اللَّهمَّ مَنْ أَحْيَيْتَه مِنَّا فَأَحْيِه عَلَى الْإِسْلَامِ، وَمَنْ تَوَفَّيْتَه مِنَّا فَتَوَفَّه عَلَى الْإِيمَانِ، اللَّهمَّ لَا تَحْرِمْنَا أَجْرَه، وَلَا تُضِلَّنَا بَعْدَه».

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: هەرکات پێغەمبەرى خوا نوێژى لەسەر جەنازە دەکرد دەیفەرموو: «خوایە لە زیندوو و مردووەکانمان خۆش بە، وە لە ئامادەبووان و ئەوانەشى کە ئامادە نین، وە لە گچکە و گەورەمان، وە لە نێر و مێینەمان، خوایە ئەوەى ژیانت پێ دا لە ئێمە ئەوە لەسەر ئیسلام بیژیێنە، وە ئەوەى ڕووحت لێ وەرگرتەوە، ئەوە بە ئیمان و بڕواوە بیمرێنە، خوایە لە پاداشتى بێبەشمان مەکە، وە لەدواى ئەو تووشى گومڕاییمان مەکە».

بَابُ مَا جَاءَ فِي الصَّلَاةِ عَلَى الطِّفْلِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی نوێژکردن لەسەر منداڵی مردوو

٢٣٨. عَنِ الْمُغِيرَةَ بْنِ شُعْبَةَ h يَقُولُ: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّه يَقُولُ: «الطِّفْلُ يُصَلَّى عَلَيْه».

موغیڕەى کوڕى شوعبە h دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەرى خوا بوو دەیفەرموو: «منداڵ نوێژى لەسەر دەکرێت».

بَابُ مَا جَاءَ فِي الصَّلَاةِ عَلَى الشُّهدَاءِ وَدَفْنِهمْ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی نوێژکردن لەسەر شەهیدان و کفنکردنیان

٢٣٩. عَنْ جَابِرِ بْنِ عَبْدِ اللَّه k: أَنَّ رَسُولَ اللَّه كَانَ يَجْمَعُ بَيْنَ الرَّجُلَيْنِ، وَالثَّلَاثَةِ مِنْ قَتْلَى أُحُدٍ فِي ثَوْبٍ وَاحِدٍ ثُمَّ يَقُولُ: «أَيُّهمْ أَكْثَرُ أَخْذًا لِلْقُرْآنِ؟»، فَإِذَا أُشِيرَ لَه إِلَى أَحَدِهمْ قَدَّمَه فِي اللَّحْدِ وَقَالَ: «أَنَا شَهيدٌ عَلَى هؤُلَاءِ، وَأَمَرَ بِدَفْنِهمْ فِي دِمَائِهمْ، وَلَمْ يُصَلِّ عَلَيْهمْ، وَلَمْ يُغَسَّلُوا».

جابیرى کوڕى عەبدوڵڵا k دەگێڕێتەوە: پێغەمبەرى خوا شەهیدەکانى ئوحودى دوو دانە بەیەکەوە، یان سێ دانە بەیەکەوە، له‌نێو یەک پۆشاک و کفندا کۆ دەکردەوە، پاشان دەیفەرموو: «کامەیان زیاتر قوڕئانى لەبەرە؟»، جا ئەگەر ئاماژەیان بە یەکێک کردبایە، ئەوى پێش دەخست لە کاتى ناشتندا، وە دەیفەرموو: «من شایەتى بۆ ئەوانە دەدەم (کە لە ڕێگاى خوا شەهید بوون)، فەرمانى کرد کە بە خوێنەکانیانەوە بنێژرێن، نوێژى لەسەر نەکردن و نەشۆردران».

بَابُ مَا جَاءَ فِي الْأَوْقَاتِ الَّتِي لَا يُصَلَّى فِيها عَلَى الْمَيِّتِ وَلَا يُدْفَنُ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی ئەو کاتانەى نوێژی مردوو ناکرێت و ناشنێژرێت

٢٤٠. عَنْ عُقْبَةَ بْن عَامِرٍ الْجُهنِيَّ h يَقُولُ: ثَلَاثُ سَاعَاتٍ كَانَ رَسُولُ اللَّه يَنْهانَا أَنْ نُصَلِّيَ فِيهنَّ أَوْ نَقْبِرَ فِيهنَّ مَوْتَانَا: حِينَ تَطْلُعُ الشَّمْسُ بَازِغَةً، وَحِينَ يَقُومُ قَائِمُ الظَّهيرَةِ حَتَّى تَمِيلَ الشَّمْسُ، وَحِينَ تَضَيَّفُ لِلْغُرُوبِ حَتَّى تَغْرُبَ.

عوقبەى کوڕى عامیرى جوهەنى h دەڵێت: سێ کات هەیە پێغەمبەرى خوا قەدەغەى کردووە کە نوێژى تێدا بکەین، یان مردووەکانمانی تێدا بنێژین: ئەو کاتەى کە خۆر هەڵدێت بەتەواوى، وە ئەو کاتەى کە خۆر دەگاتە کاتى نیوەڕۆ، تاکوو (لە نێوەڕاستى ئاسمان) لادەدات، وە ئەو کاتەى لار دەبێتەوە بەرەو ئاوابوون تاکوو ئاوا دەبێت.

بَابُ مَا جَاءَ فِي الصَّلَاةِ عَلَى الْقَبْرِ

باسی ئه‌وه‌ی هاتووه‌ ده‌رباره‌ی نوێژکردن لەسەر گۆڕ

٢٤١. عَنْ أَبِي هرَيْرَةَ h: أَنَّ امْرَأَةً سَوْدَاءَ كَانَتْ تَقُمُّ الْمَسْجِدَ، فَفَقَدَها رَسُولُ اللَّه ، فَسَأَلَ عَنْها بَعْدَ أَيَّامٍ، فَقِيلَ لَه: إِنَّها مَاتَتْ، قَالَ: «فَهلَّا آذَنْتُمُونِي»، فَأَتَى قَبْرَها، فَصَلَّى عَلَيْها.

ئەبو هوڕەیڕە h دەگێڕێتەوە: ئافرەتێکی ڕەشپێست هەبوو مزگەوتى خاوێن دەکردەوە، ئینجا پێغەمبەرى خوا ماوەیەک بوو نەیدەبینى، ئەویش دواى چەند ڕۆژێک پرسیارى دەربارەى کرد، پێیان گوت: ئەو ئافرەتە مردووە، فەرمووى: «ئەى نەدەبوو هەواڵم پێ بدەن»، بۆیه‌ هات بۆ سەر گۆڕەکەى و نوێژى لەسەر کرد.

بَابُ مَا جَاءَ فِي الصَّلَاةِ عَلَى النَّجَاشِيِّ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی نوێژکردن لەسەر نەجاشى

٢٤٢. عَنْ عِمْرَانَ بْنِ الْحُصَيْنِ k: أَنَّ رَسُولَ اللَّه قَالَ: «إِنَّ أَخَاكُمُ النَّجَاشِيَّ قَدْ مَاتَ، فَصَلُّوا عَلَيْه»، قَالَ: فَقَامَ فَصَلَّيْنَا خَلْفَه، وَإِنِّي لَفِي الصَّفِّ الثَّانِي، فَصَلَّى عَلَيْه صَفَّيْنِ.

عیمڕانى کوڕى حوصەین k دەگێڕێتەوە: پێغەمبەرى خوا فەرمووی: «بێگومان نەجاشى براتان مردووە و نوێژى لەسەر بکەن»، گوتى: ئینجا هەڵسا و نوێژمان لە پشتیەوە کرد، وە من لە ڕیزى دووەم بووم، دوو ڕیز (نوێژخوێن) نوێژیان لەسەر کرد.

بَابُ مَا جَاءَ فِي ثَوَابِ مَنْ صَلَّى عَلَى جِنَازَةٍ وَمَنِ انْتَظَرَ دَفْنَها

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی پاداشتى کەسێك نوێژى مردوو دەکات و چاوەڕێى ناشتنیەتی

٢٤٣. عَنْ أَبِي هرَيْرَةَ h عَنِ النَّبِيِّ قَالَ: «مَنْ صَلَّى عَلَى جِنَازَةٍ فَلَه قِيرَاطٌ، وَمَنِ انْتَظَرَ حَتَّى يُفْرَغَ مِنْها فَلَه قِيرَاطَانِ»، قَالُوا: وَمَا الْقِيرَاطَانِ؟ قَالَ: «مِثْلُ الْجَبَلَيْنِ».

ئەبو هوڕەیڕە h دەگێڕێتەوە: پێغەمبەر فەرموویەتى: «هەر کەسێک نوێژ لەسەر تەرمێک بکات، ئەوە پاداشتى دەدرێتەوە بەئەندازەى قیڕاتێک، هەر کەسێکیش چاوەڕێ بکات تاکوو دەنێژرێت، پاداشتى دەدرێتەوە بەئەندازەى دوو قیڕات»، گوتیان: قیڕات چییە؟ فەرمووى: «بەئەندازەى دوو کێوە».

بَابُ مَا جَاءَ فِيمَا يُقَالُ إِذَا دَخَلَ الْمَقَابِرَ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی چ دەگوترێت لە کاتى چوونە گۆڕستان

٢٤٤. عَنْ سُلَيْمَانَ بْنِ بُرَيْدَةَ، عَنْ أَبِيه h قَالَ: كَانَ رَسُولُ اللَّه يُعَلِّمُهمْ إِذَا خَرَجُوا إِلَى الْمَقَابِرِ، كَانَ قَائِلُهمْ يَقُولُ: «السَّلَامُ عَلَيْكُمْ أَهلَ الدِّيَارِ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُسْلِمِينَ، وَإِنَّا إِنْ شَاءَ اللَّه بِكُمْ لَاحِقُونَ، نَسْأَلُ اللَّه لَنَا وَلَكُمُ الْعَافِيَةَ».

سولەیمانى کوڕى بوڕەیدە لە باوکیەوە h دەگێڕێتەوە، گوتوویه‌تی: پێغەمبەرى خوا فێرى دەکردن کە چوونە گۆڕستان بڵێن: «سەلامى خواتان لێ بێت، ئەى خەڵکى مەنزڵگا لە بڕواداران و موسوڵمانان، ئێمەش بە ویستى خوا بە ئێوە دەگەین، داواى لێخۆشبوون بۆ خۆمان و بۆ ئێوەش لە خوا دەکەین».

بَابُ مَا جَاءَ فِي الْجُلُوسِ فِي الْمَقَابِرِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی چۆنیەتى دانیشتن لە گۆڕستان

٢٤٥. عَنِ الْبَرَاءِ بْنِ عَازِبٍ k قَالَ: خَرَجْنَا مَعَ رَسُولِ اللَّه فِي جِنَازَةٍ، فَانْتَهيْنَا إِلَى الْقَبْرِ فَجَلَسَ، وَجَلَسْنَا، كَأَنَّ عَلَى رُءُوسِنَا الطَّيْرَ.

بەڕائى کوڕى عازیب k دەڵێت: لە خزمەت پێغەمبەرى خوا لەگەڵ جەنازەیەک دەرچووین تاکوو گەیشتینە سەر گۆڕەکە، ئینجا دانیشت، ئێمەش دانیشتین، بە جۆرێک وەکوو ئەوەى کە باڵندە لەسەر سەرمان بێت (واتە: زۆر بەئارامى دانیشتین).

بَابُ مَا جَاءَ فِي إِدْخَالِ الْمَيِّتِ الْقَبْرَ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی مردوو خستنە نێو گۆڕ

٢٤٦. عَنِ ابْنِ عُمَرَ k قَالَ: كَانَ النَّبِيُّ إِذَا أُدْخِلَ الْمَيِّتُ الْقَبْرَ، قَالَ: «بِسْمِ اللَّه، وَعَلَى مِلَّةِ رَسُولِ اللَّه»، وَقَالَ أَبُو خَالِدٍ مَرَّةً: إِذَا وُضِعَ الْمَيِّتُ فِي لَحْدِه قَالَ: «بِسْمِ اللَّه، وَعَلَى سُنَّةِ رَسُولِ اللَّه»، وَقَالَ هشَامٌ فِي حَدِيثِه: «بِسْمِ اللَّه، وَفِي سَبِيلِ اللَّه، وَعَلَى مِلَّةِ رَسُولِ اللَّه».

ئیبن عومەر k دەڵێت: کاتێک کە مردوو دەخرایە نێو گۆڕ، پێغەمبەر دەیفەرموو: «بە ناوى خوا، لەسەر ئایینى پێغەمبەرى خوا»، ئەبو خالید جارێک گوتى: کاتێک مردوو خرایە نێو گۆڕەکەى فەرمووى: «بە ناوى خوا، لەسەر سوننەت و ڕێبازى پێغەمبەرى خوا»، هیشام لە گێڕانەوەکەیدا گوتى: «بە ناوى خوا، لەپێناو خوا و لەسەر ئایین و ڕێبازى پێغەمبەرى خوا (واتە: لە کاتى ناشتنى مردووەکەدا پێغەمبەرى خوا ئەوەى دەفەرموو)».

بَابُ مَا جَاءَ فِي حَفْرِ الْقَبْرِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی هەڵكەندنی گۆڕ

٢٤٧. عَنْ هشَامِ بْنِ عَامِرٍ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّه : «احْفِرُوا، وَأَوْسِعُوا، وَأَحْسِنُوا».

هیشامى کوڕى عامیر h دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (دەربارەى گۆڕ) فەرموویەتى: «هەڵیبکەنن و چاڵى بکەن و فراوانى بکەن و چاکى بکەن».

🖍   تێبینی:

(حفر القر): واته‌: چاڵكردنی نێوه‌ڕاستی گۆڕه‌كه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی مردووه‌كه‌.

بَابُ مَا جَاءَ فِي اتِّبَاعِ النِّسَاءِ الْجَنَائِزَ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی شوێنکەوتنى جەنازە بۆ ئافرەتان

٢٤٨. عَنْ أُمِّ عَطِيَّةَ i قَالَتْ: نُهينَا عَنِ اتِّبَاعِ الْجَنَائِزِ، وَلَمْ يُعْزَمْ عَلَيْنَا.

ئوم عەتییە i دەڵێت: (ئێمەى ئافرەتان) شوێنکەوتنى جەنازەمان لێ قەدەغە کراوە، بەڵام قەدەغەکردنى یەكجارەكی نا (واتە: بەپێى ئەم فەرموودەیە حەرام نییە، بەڵکوو ناپەسندە).

بَابُ مَا جَاءَ فِي النَّهيِ عَنْ ضَرْبِ الْخُدُودِ، وَشَقِّ الْجُيُوبِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی ڕێگریکردن له‌ لە دەموچاوى خۆدان و یەخەدادڕین

٢٤٩. عَنْ عَبْدِ اللَّه h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّه : «لَيْسَ مِنَّا مَنْ شَقَّ الْجُيُوبَ، وَضَرَبَ الْخُدُودَ، وَدَعَا بِدَعْوَى الْجَاهلِيَّةِ».

عەبدوڵڵا h دەڵێت: پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: «هەر کەسێک یەخەى دابدڕێت (لە کاتى بەڵا و گرفتاریدا) و لە ڕوخسارى خۆی بدات، یان هاوار بکات بە هاوارکردنى سەردەمى نەفامى، لە ئێمە نییە».

بَابُ مَا جَاءَ فِي الْبُكَاءِ عَلَى الْمَيِّتِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی گریان لەسەر مردوو

٢٥٠. عَنْ أُسَامَةَ بْنِ زَيْدٍ k قَالَ: كَانَ ابْنٌ لِبَعْضِ بَنَاتِ رَسُولِ اللَّه يَقْضِي، فَأَرْسَلَتْ إِلَيْه أَنْ يَأْتِيَها، فَأَرْسَلَ إِلَيْها أَنَّ، لِلَّه مَا أَخَذَ، وَلَه مَا أَعْطَى، وَكُلُّ شَيْءٍ عِنْدَه إِلَى أَجَلٍ مُسَمًّى، فَلْتَصْبِرْ وَلْتَحْتَسِبْ، فَأَرْسَلَتْ إِلَيْه، فَأَقْسَمَتْ عَلَيْه، فَقَامَ رَسُولُ اللَّه وَقُمْتُ مَعَه، وَمَعَه مُعَاذُ بْنُ جَبَلٍ، وَأُبَيُّ بْنُ كَعْبٍ، وَعُبَادَةُ بْنُ الصَّامِتِ j، فَلَمَّا دَخَلْنَا نَاوَلُوا الصَّبِيَّ رَسُولَ اللَّه ، وَرُوحُه تَقَلْقَلُ فِي صَدْرِه، قَالَ: حَسِبْتُه قَالَ: كَأَنَّها شَنَّةٌ، قَالَ: فَبَكَى رَسُولُ اللَّه ، فَقَالَ لَه عُبَادَةُ بْنُ الصَّامِتِ h: مَا هذَا يَا رَسُولَ اللَّه؟ قَالَ: «الرَّحْمَةُ الَّتِي جَعَلَها اللَّه فِي بَنِي آدَمَ، وَإِنَّمَا يَرْحَمُ اللَّه مِنْ عِبَادِه الرُّحَمَاءَ».

ئوسامەى کوڕى زەید k دەڵێت: یەکێک لە کچەکانى پێغەمبەرى خوا کوڕێکى هەبوو، لە کاتى گیانکێشاندا بوو، ناردى بەشوێن پێغەمبەردا بۆ ئەوەى بچێتە لاى لەو کاتەدا، (پێغەمبەریش ) بۆ کچەکەى ناردەوە کە خوا مافى ئەوەى هەیە کە وەریبگرێتەوە، ئەوەى بەخشیویشیەتى هەر موڵکى خۆیەتى، هەموو شتێک لەلاى خوا کاتى بۆ دیارىکراوە، بۆیە ئارام بگرە و لەبەر خوا خۆڕاگر بە (بۆ ئەو کۆسپە)، دیسان بەدوایدا ناردەوە و سوێندى لەسەر خوارد (کە دەبێت بچێت)، جا پێغەمبەرى خوا هەڵسا و منیش لەگەڵیدا هەڵسام و موعازى کوڕى جەبەل و ئوبەى کوڕى کەعب و عوبادەى کوڕى صامیتى j لەگەڵدا بوو، جا کاتێک چووین منداڵەکەیان بۆ پێغەمبەرى خوا هێنا، لەو کاتەدا هەناسەى سوار بوو، دەڵێت: پێم وا بێت گوتى: وەکوو کوندەیەک وا بوو کە دەیهەژێنیت، گوتى: ئینجا پێغەمبەرى خوا گریا، عوبادەى کوڕى صامیتیش h گوتى: ئەوە چییە ئەى پێغەمبەرى خوا (ئەو گریانە)؟ فەرمووى: «ئەو سۆز و بەزەییە کە خوا دایناوە له‌نێو دڵی هەموو مرۆڤێکدا، خوا تەنها لەگەڵ ئەوانە بەسۆز و میهرەبانە کە سۆز و میهرەبانییان هەیە».

بَابُ مَا جَاءَ فِي الصَّبْرِ عَلَى الْمُصِيبَةِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی ئارامگرتن لەسەر بەڵا و ناخۆشى

٢٥١. عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّه : «إِنَّمَا الصَّبْرُ عِنْدَ الصَّدْمَةِ الْأُولَى».

ئەنەسى کوڕى مالیک h دەڵێت: پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: «ئارامى و خۆڕاگرى ئەوەیە کە لە سەره‌تای کۆستەکەوە بێت».

بَابُ مَا جَاءَ فِي ثَوَابِ مَنْ أُصِيبَ بِوَلَدِه

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی پاداشتى ئەو کەسەى منداڵى دەمرێت

٢٥٢. عَنْ أَبِي هرَيْرَةَ h عَنِ النَّبِيِّ قَالَ: «لَا يَمُوتُ لِرَجُلٍ ثَلَاثَةٌ مِنَ الْوَلَدِ فَيَلِجَ النَّارَ، إِلَّا تَحِلَّةَ الْقَسَمِ».

ئەبو هوڕەیڕە h دەگێڕێتەوە: پێغەمبەر فەرموویەتى: «هیچ پیاوێک نییە کە سێ منداڵى بمرێت و بچێتە دوزەخ، مەگەر کەمێکى زۆر کەم نەبێت (وەکوو دەڵێن: تەنها لەبەر خاترى سوێند نەبێت)».

🖍   تێبینی:

(إِلَّا تَحِلَّةَ الْقَسَمِ): بەکار دەهێنرێت بۆ شتێک کە زۆر کەم بێت، وەکوو لە کوردەواریدا دەڵێن: ئەو شتە ناکەم تەنها لەبەر سوێندەکە نەبێت، واتە: بەشى ئەوەندە کارەکە دەکەم کە سوێندەکە نەکەوێت و هیچى دیكه‌.

٢٥٣. عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ h عَنِ النَّبِيِّ قَالَ: «مَا مِنْ مُسْلِمَيْنِ يُتَوَفَّى لَهمَا ثَلَاثَةٌ مِنَ الْوَلَدِ لَمْ يَبْلُغُوا الْحِنْثَ، إِلَّا أَدْخَلَهمُ اللَّه الْجَنَّةَ، بِفَضْلِ رَحْمَةِ اللَّه إِيَّاهمْ».

ئەنەسى کوڕى مالیک h دەگێڕێتەوە: پێغەمبەرى فەرموویەتى: «هەر دوو موسوڵمانێک کەوا سێ منداڵیان دەمرن و نەگەیشتوونە قۆناغى باڵغبوون، ئەوە مسۆگەر خواى میهرەبان بە فەزڵ و چاکە بۆیان دەیانخاتە نێو بەهەشتەوە».

بَابُ مَا جَاءَ فِي الطَّعَامِ يُبْعَثُ إِلَى أَهلِ الْمَيِّتِ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی ناردنى خواردن بۆ خاوەن مردوو

٢٥٤. عَنْ عَبْدِ اللَّه بْنِ جَعْفَرٍ i قَالَ: لَمَّا جَاءَ نَعْيُ جَعْفَرٍ h قَالَ رَسُولُ اللَّه : «اصْنَعُوا لِآلِ جَعْفَرٍ طَعَامًا، فَقَدْ أَتَاهمْ مَا يَشْغَلُهمْ، أَوْ أَمْرٌ يَشْغَلُهمْ».

عەبدوڵڵاى کوڕى جەعفەر k دەڵێت: کاتێ هەواڵى شەهیدبوونی جەعفەر h هات، پێغەمبەرى خوا فەرمووى: «بۆ خێزان و ماڵ و منداڵى جەعفەر خواردن ساز بکەن، چونکە بەڕاستى تووشى کۆستێك هاتوون سەرقاڵى کردوون، یان تووشی كاره‌ساتێك بوون سەرقاڵیان دەکات».

بَابٌ فِي النَّهيِ عَنْ كَسْرِ عِظَامِ الْمَيِّتِ

باسێك دەربارەی ڕێگریکردنى لە شکاندنى ئێسکى مردوو

٢٥٥. عَنْ عَائِشَةَ i قَالَتْ: قَالَ رَسُولُ اللَّه : «كَسْرُ عَظْمِ الْمَيِّتِ كَكَسْرِه حَيًّا».

عائیشە i دەڵێت: پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: «گوناهی شکاندنى ئێسکى مردوو وەک شکاندنیەتى بەزیندوویی».

بَابُ مَا جَاءَ فِي ذِكْرِ مَرَضِ رَسُولِ اللَّه ﷺ

باسی ئەوەی هاتووە دەربارەی نەخۆشکەوتنى پێغەمبەرى خوا 

٢٥٦. عَنْ عَائِشَةَ i قَالَتْ: كَانَ النَّبِيُّ يَتَعَوَّذُ بِهؤُلَاءِ الْكَلِمَاتِ: «أَذْهبِ الْبَاسَ، رَبَّ النَّاسِ، وَاشْفِ أَنْتَ الشَّافِي، لَا شِفَاءَ إِلَّا شِفَاؤُكَ، شِفَاءً لَا يُغَادِرُ سَقَمًا»، فَلَمَّا ثَقُلَ النَّبِيُّ فِي مَرَضِه الَّذِي مَاتَ فِيه، أَخَذْتُ بِيَدِه، فَجَعَلْتُ أَمْسَحُه وَأَقُولُها، فَنَزَعَ يَدَه مِنْ يَدِي، ثُمَّ قَالَ: «اللَّهمَّ اغْفِرْ لِي، وَأَلْحِقْنِي بِالرَّفِيقِ الْأَعْلَى»، قَالَتْ: فَكَانَ هذَا آخِرَ مَا سَمِعْتُ مِنْ كَلَامِه .

عائیشە i دەڵێت: پێغەمبەر بەو چەند وشەگەلە پەناى بە خوا دەگرت: «ئەى پەروەردگار ناڕەحەتى و نەخۆشییەکەم لاببە، چارەسەر بنێرە هەر تۆ شیفابەخشى، هیچ چارەسەرێک نییە جگە لەو چارەسەرەى کە لەلایەن تۆوەیە، چارەسەرێک کە نەخۆشى و ئازار بەجێ ناهێڵێت»، جا (عائیشە i دەڵێت:) کاتێک نەخۆشى پێغەمبەر گران بوو، لەو نەخۆشییەى کە تێیدا وەفاتى کرد، دەستیم گرت و بە لاشەیمدا دەهێنا و ئەو وشانەشم دەگوت، دەستى له‌نێو دەستم دەرهێنا و پاشان فەرمووى: «خوایە لێم خۆش ببە و بمگەیەنە بە ڕەفیقولئەعلا (ئەوانەى کە لەلاى خوا پلەیان بەرزە)»، دەڵێت: ئەوە کۆتا قسەیەک بوو کە لە پێغەمبەر بیستم.

٢٥٧. عَنْ عَائِشَةَ i قَالَتْ: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّه ، يَقُولُ: «مَا مِنْ نَبِيٍّ يَمْرَضُ إِلَّا خُيِّرَ بَيْنَ الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ»، قَالَتْ: فَلَمَّا كَانَ مَرَضُه الَّذِي قُبِضَ فِيه، أَخَذَتْه بُحَّةٌ، فَسَمِعْتُه يَقُولُ: «﴿ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّه عَلَيْهمْ مِنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهدَاءِ وَالصَّالِحِينَ ﴾ النساء: 69»، فَعَلِمْتُ أَنَّه خُيِّرَ.

عائیشە i دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەرى خوا بوو دەیفەرموو: «هیچ پێغەمبەرێک نییە کە کاتێک نەخۆش دەکەوێت ئیلا خوا هەڵبژاردنى دەداتێت لە نێوان دونیا و قیامەتدا»، گوتی: جا کاتێك نەخۆش کەوت بەو نەخۆشییەى کە تێیدا وەفاتى کرد، دەنگى گۆڕا و گوێشم لێ بوو دەیفەرموو: «﴿ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّه عَلَيْهمْ مِنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهدَاءِ وَالصَّالِحِينَ ﴾، واتە: هەر کەسێک گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەر بکات، جا ئەوانە لەگەڵ کەسانێکن کە خوا فەزڵ و بەهرەی (خۆی) ڕشتووە بەسەریاندا لە پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەهیدان و پیاوچاکان»، جا زانیم کە خوا هەڵبژاردنى داوەتێ.

٢٥٨. عَنْ أُمِّ سَلَمَةَ i: أَنَّ رَسُولَ اللَّه كَانَ يَقُولُ فِي مَرَضِه الَّذِي تُوُفِّيَ فِيه: «الصَّلَاةَ، وَمَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ»، فَمَا زَالَ يَقُولُها، حَتَّى مَا يَفِيضُ بِها لِسَانُه.

ئوم سەلەمە i دەگێڕێتەوە: پێغەمبەرى خوا لە نەخۆشى وەفاتکردنەکەیدا فەرمووى: «ئاگاتان لە نوێژەکانتان بێت و بەزایەیان مەدەن، وە ئاگاتان لە سەروەت و سامانتان بێت و زەکاتى لێ بدەن»، (بەو شێوەیه‌ ئەم فەرموودەیە شەرح کراوە، تاکوو هاوتەریب بێت لەگەڵ دواندنى قوڕئان کە هەمیشە نوێژ و زەکات بەدواى یەکدان، وە هەندێکی دیكه‌ دەڵێن: مەبەستى پێ لە بەندە و کەنیزەکە، کە فەرمانى کردووە بە چاودێریکردنیان)، هەتاکوو زمانى گەڕا بەردەوام ئەوەى دووبارە کردەوە.

بَابُ ذِكْرِ وَفَاتِه وَدَفْنِه ﷺ

باسی مردن و ناشتنى پێغەمبەرى خوا 

٢٥٩. عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ h قَالَ: لَمَّا وَجَدَ رَسُولُ اللَّه مِنْ كَرْبِ الْمَوْتِ مَا وَجَدَ، قَالَتْ: فَاطِمَةُ i وَا كَرْبَ أَبَتَاه، فَقَالَ: رَسُولُ اللَّه : «لَا كَرْبَ عَلَى أَبِيكِ بَعْدَ الْيَوْمِ، إِنَّه قَدْ حَضَرَ مِنْ أَبِيكِ مَا لَيْسَ بِتَارِكٍ مِنْه أَحَدًا، الْمُوَافَاةُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ».

ئەنەسى کوڕى مالیک h دەڵێت: کاتێك کە پێغەمبەرى خوا تووشى ناخۆشى و ئازارى مردن بوو لەوەى کە تووشى بوو، فاتیمە i گوتى: واى بۆ ئەو ناڕەحەتییەى کە تووشى باوکم بووە، ئینجا پێغەمبەرى خوا فەرمووى: «لەمڕۆ بەولاوە ئازار و ناڕەحەتى لەسەر باوکت نامێنێت، لەڕاستیدا ئەو شتە ئامادەى بەردەمى باوکتە کە هیچ کەس بەجێ ناهێڵێت، کە گەیشتنە بە ڕۆژى قیامەت».

٢٦٠. عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ h قَالَ: قَالَتْ لِي فَاطِمَةُ i: يَا أَنَسُ كَيْفَ سَخَتْ أَنْفُسُكُمْ أَنْ تَحْثُوا التُّرَابَ عَلَى رَسُولِ اللَّه ؟

ئەنەسى کوڕى مالیک h دەڵێت: فاتیمە i پێى گوتم: ئەى ئەنەس، چۆن توانیتان و دەستتان ڕۆیشت کە خۆڵ بکەن بەسەر (لاشەى) پێغەمبەرى خوادا (لە کاتى ناشتنیدا)؟

٢٦١. عَنْ أَنَسٍ h: أَنَّ فَاطِمَةَ i قَالَتْ: حِينَ قُبِضَ رَسُولُ اللَّه ، وَا أَبَتَاه، إِلَى جِبْرَائِيلَ s أَنْعَاه، وَا أَبَتَاه، مِنْ رَبِّه مَا أَدْنَاه، وَا أَبَتَاه، جَنَّةُ الْفِرْدَوْسِ مَأْوَاه، وَا أَبَتَاه أَجَابَ رَبًّا دَعَاه. قَالَ حَمَّادٌ فَرَأَيْتُ ثَابِتًا حِينَ حَدَّثَ بِهذَا الْحَدِيثِ بَكَى حَتَّى رَأَيْتُ أَضْلَاعَه تَخْتَلِفُ.

ئەنەس h دەگێڕێتەوە: کاتێ پێغەمبەرى خوا وەفاتى کرد، فاتیمە i (بەئارامى و نەرمى) هاوارى کرد: ئاى باوکە هەواڵى مردنت بە جیبریل s دەگەیەنین، ئاى باوکە چەند لە پەروەردگارى نزیک بوویەوە، واى باوکە بەهەشتی فیردەوس شوێنى تۆیە، واى باوکە وەڵامى پەروەردگارى دایه‌وە کاتێك بانگى کرد. حەمماد دەڵێت: بینیم سابیت کە ئەو هەواڵەى گێڕایەوە بە جۆرێک گریا تاکوو پەراسووەکانى ده‌جووڵانه‌وه‌.

٢٦٢. عَنْ أَنَسٍ h قَالَ: لَمَّا كَانَ الْيَوْمُ الَّذِي دَخَلَ فِيه رَسُولُ اللَّه الْمَدِينَةَ أَضَاءَ مِنْها كُلُّ شَيْءٍ، فَلَمَّا كَانَ الْيَوْمُ الَّذِي مَاتَ فِيه أَظْلَمَ مِنْها كُلُّ شَيْءٍ، وَمَا نَفَضْنَا عَنِ النَّبِيِّ الْأَيْدِيَ حَتَّى أَنْكَرْنَا قُلُوبَنَا.

ئەنەس h دەڵێت: لەو ڕۆژەدا کە پێغەمبەرى خوا تەشریفى هاتە نێو مەدینە هەموو شتێک بە هاتنى ڕووناک بوو و درەوشایەوە، ئینجا لەو ڕۆژەوە کە تێیدا وەفاتى کرد هەموو شتێک تاریک بوو، لە ناشتنى پێغەمبەر نەبووینەوە کە دڵەکان گۆڕان و وەک پێشوو نەمان.

٢٦٣. عَنْ أَنَسٍ h قَالَ: قَالَ أَبُو بَكْرٍ h بَعْدَ وَفَاةِ رَسُولِ اللَّه لِعُمَرَ h: انْطَلِقْ بِنَا إِلَى أُمِّ أَيْمَنَ i نَزُورُها، كَمَا كَانَ رَسُولُ اللَّه يَزُورُها، قَالَ: فَلَمَّا انْتَهيْنَا إِلَيْها بَكَتْ، فَقَالَا لَها: مَا يُبْكِيكِ؟ فَمَا عِنْدَ اللَّه خَيْرٌ لِرَسُولِه a، قَالَتْ: إِنِّي لَأَعْلَمُ أَنَّ مَا عِنْدَ اللَّه خَيْرٌ لِرَسُولِه a، وَلَكِنْ أَبْكِي لِأَنَّ الْوَحْيَ قَدِ انْقَطَعَ مِنَ السَّمَاءِ، قَالَ: فَهيَّجَتْهمَا عَلَى الْبُكَاءِ، فَجَعَلَا يَبْكِيَانِ مَعَها.

ئەنەس h دەڵێت: لەدواى وەفاتى پێغەمبەرى خوا ئەبو بەکر بە عومەرى k گوت: بڕۆ با بچین سەردانى ئوم ئەیمەن i بکەین، هەر وەکوو چۆن پێغەمبەرى خوا سەردانى دەکرد، دەڵێت: کاتێک گەیشتینە لاى گریا، گوتیان: بۆ دەگریت؟ خۆ ئەوەى کە لەلاى خوایە باشترە بۆ پێغەمبەره‌كه‌ی a، گوتى: منیش دەزانم ئەوەى کە لەلاى خوایە باشترە بۆ پێغەمبەرەکەى a، بەڵام بۆ پچڕانى وەحى لە ئاسمانەوە دەگریم، گوتى: بەهۆى ئەوەوە هەردووکیانى گریاند، ئیدی وای کرد کە هەردووکیان لەگەڵیدا گریان.