كِتَابُ الْبَيْعَةِ

پەرتووكی بەڵێندان

الْبَيْعَةُ عَلَى السَّمْعِ وَالطَّاعَةِ

بەڵێندان لە سەر گوێڕایەڵى و ملکەچی

٤٤٠. عَنْ عُبَادَةَ بْنِ الصَّامِتِ h قَالَ: بَايَعْنَا رَسُولَ اللَّهِ عَلَى السَّمْعِ وَالطَّاعَةِ فِي الْيُسْرِ وَالْعُسْرِ، وَالْمَنْشَطِ وَالْمَكْرَهِ، وَأَنْ لَا نُنَازِعَ الْأَمْرَ أَهْلَهُ، وَأَنْ نَقُومَ بِالْحَقِّ حَيْثُ كُنَّا لَا نَخَافُ لَوْمَةَ لَائِمٍ.

عوبادەى کوڕى صامیت h دەڵێت: بەڵێنمان دا بە پێغەمبەرى خوا لە سەر گوێڕایەڵى و ملکەچی لە خۆشی و دەوڵەمەندی و تەنگانە و هەژاریدا و لە خۆشی و ناخۆشیدا، ناکۆکى دروست نەکەین لەگەڵ ئەو کەسەى شیاوە بە دەسەڵات و بەڕێوەبردن، هەروەها وتەى هه‌ق بڵێین، یان پێی هەڵسین لە هەر شوێنێک بووین، لە لۆمەى لۆمەکار نەترسین.

الْبَيْعَةُ عَلَى النُّصْحِ لِكُلِّ مُسْلِمٍ

بەڵێندان لەسەر دڵسۆزبوون بۆ گشت موسوڵمانێک

٤٤١. عَنْ جَرِيرٍ h قَالَ: بَايَعْتُ رَسُولَ اللَّهِ عَلَى النُّصْحِ لِكُلِّ مُسْلِمٍ.

جەریر h دەڵێت: بەڵێنم دا بە پێغەمبەرى خوا لەسەر دڵسۆزبوون بۆ هەموو موسوڵمانێک.

الْبَيْعَةُ عَلَى الْمَوْتِ

بەڵێندان لەسەر مردن

٤٤٢. عَنْ يَزِيدَ بْنِ أَبِي عُبَيْدٍ قَالَ: قُلْتُ لِسَلَمَةَ بْنِ الْأَكْوَعِ h عَلَى أَيِّ شَيْءٍ بَايَعْتُمُ النَّبِيَّ يَوْمَ الْحُدَيْبِيَةِ؟ قَالَ: عَلَى الْمَوْتِ.

یەزیدى کوڕی عوبەید دەڵێت: بە سەلەمەى کوڕی ئەکوەعم h گوت، لەسەر چی بەڵێنتان دا بە پێغەمبەر لە ڕۆژی حودەیبیە؟ گوتى: لەسەر مردن (چونکە کۆمەڵێک بەڵێنیان دا لەسەر مردن، کۆمەڵێکیش لەسەر شتى دیكە بەڵێنیان دا).

الْبَيْعَةُ عَلَى الْهِجْرَةِ

بەڵێندان لەسەر کۆچکردن (لەپێناو خوا)

٤٤٣. عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عَمْرٍو k: أَنَّ رَجُلًا أَتَى النَّبِيَّ فَقَالَ: إِنِّي جِئْتُ أُبَايِعُكَ عَلَى الْهِجْرَةِ، وَلَقَدْ تَرَكْتُ أَبَوَيَّ يَبْكِيَانِ، قَالَ: «ارْجِعْ إِلَيْهِمَا فَأَضْحِكْهُمَا كَمَا أَبْكَيْتَهُمَا».

عەبدوڵڵاى کوڕی عەمر k دەگێڕێتەوە: پیاوێک هات بۆ خزمەت پێغەمبەر گوتى: من هاتووم بەڵێنت پێ بدەم لەسەر كۆچکردن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ دایک و باوکم بەجێ هێشت دەگریان، فەرمووى: «بگەڕێوە بۆ لایان و بیانخە پێکەنینەوە وەکوو چۆن خستنتە گریانەوە».

الْحَثُّ عَلَى الْهِجْرَةِ

هاندان لەسەر كۆچکردن

٤٤٤. عَنْ كَثِيرِ بْنِ مُرَّةَ، أَنَّ أَبَا فَاطِمَةَ h حَدَّثَهُ، أَنَّهُ قَالَ: يَا رَسُولَ اللَّهِ، حَدِّثْنِي بِعَمَلٍ أَسْتَقِيمُ عَلَيْهِ وَأَعْمَلُهُ، قَالَ لَهُ رَسُولُ اللَّهِ : «عَلَيْكَ بِالْهِجْرَةِ، فَإِنَّهُ لَا مِثْلَ لَهَا».

کەسيری کوڕی موڕڕە دەگێڕێتەوە، باوکى فاتيمە h بۆی باس کرد، گوتى: ئەى پێغەمبەرى خوا، باسی شتێکم بۆ بکە بەردەوام بم لەسەری و کاری پێ بکەم، پێغەمبەرى خوا پێی فەرموو: «لەسەرتە كۆچ بکەى، هیچ شتێک وەکوو ئەو نییە».

ذِكْرُ ‌الِاخْتِلَافِ ‌فِي ‌انْقِطَاعِ ‌الْهِجْرَةِ

باسی جیاوازى لە نەمانی هیجرەت

٤٤٥. عَنْ ابْنِ عَبَّاسٍ k قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ يَوْمَ الْفَتْحِ: «لَا هِجْرَةَ، وَلَكِنْ جِهَادٌ وَنِيَّةٌ، فَإِذَا اسْتُنْفِرْتُمْ فَانْفِرُوا».

ئيبن عەبباس k دەڵێت: پێغەمبەرى خوا لە ڕۆژی ئازادکردنى مەککەدا فەرمووی: «كۆچ نییە، بەڵام جیهاد و نیەت هەیە، ئەگەر داواى دەرچوونتان لێ کرا بۆ جیهادکردن دەربچن».

اسْتِقَالَةُ الْبَيْعَةِ

پەشیمانبوونەوە لە بەیعەت و بەڵێندان

٤٤٦. عَنْ جَابِرِ بْنِ عَبْدِ اللَّهِ k: أَنَّ أَعْرَابِيًّا بَايَعَ رَسُولَ اللَّهِ عَلَى الْإِسْلَامِ، فَأَصَابَ الْأَعْرَابِيَّ وَعْكٌ بِالْمَدِينَةِ، فَجَاءَ الْأَعْرَابِيُّ إِلَى رَسُولِ اللَّهِ فَقَالَ: يَا رَسُولَ اللَّهِ، أَقِلْنِي بَيْعَتِي، فَأَبَى، ثُمَّ جَاءَهُ فَقَالَ: أَقِلْنِي بَيْعَتِي، فَأَبَى، فَخَرَجَ الْأَعْرَابِيُّ، فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «إِنَّمَا الْمَدِينَةُ كَالْكِيرِ تَنْفِي خَبَثَهَا وَتَنْصَعُ طِيبَهَا».

جابیرى کوڕی عەبدوڵڵا k دەگێڕێتەوە: دەشتەکییەک بەیعەتی دا بە پێغەمبەرى خوا لەسەر ئیسلام، کابراى دەشتەکى لە مەدینە تووشى تا و نەخۆشی بوو، هات بۆ لای پێغەمبەرى خوا گوتى: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا، بەیعەتەکەم لێ دابڕنە (پێی وا بوو ئەوەى تووشی بووە بەهۆی شوومی بەیعەتەکەوەیە)، پێغەمبەر ڕازی نەبوو، پاشان هاته‌وه‌ خزمه‌تی و گوتی: به‌یعه‌ته‌كه‌م لێ دابڕنه‌، پێغەمبەر ڕازی نه‌بوو، دەشتەکییەکە دەرچوو لە مەدینە، پێغەمبەرى خوا فەرمووی: «مەدینە (بۆ کەسە خراپەکان) وەکوو ئامرازی ئاگر خۆشکردنى ئاسنگەرە، پیسیی ئاسنەکە ناهێڵێت و پاکییەکەى جیا دەکاتەوە».

التَّرْغِيبُ فِي طَاعَةِ الْإِمَامِ

هاندان بۆ گوێڕایەڵیکردنى پێشەوا (ئیمام)

٤٤٧. عَن أَبي هُرَيْرَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «مَنْ أَطَاعَنِي فَقَدْ أَطَاعَ اللَّهَ، وَمَنْ عَصَانِي فَقَدْ عَصَى اللَّهَ، وَمَنْ أَطَاعَ أَمِيرِي فَقَدْ أَطَاعَنِي، وَمَنْ عَصَى أَمِيرِي فَقَدْ عَصَانِي».

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: «هەر کەس گوێڕایەڵیم بکات ئەوە گوێڕایەڵیی خوای کردووە، هەر کەسیش سەرپێچیم بکات ئەوە سەرپێچیی خواى کردووە، هەر کەسیش گوێڕایەڵیی ئەمیرەکەم بکات ئەوە گوێڕایەڵیی منى کردووە، هەر کەسیش سەرپێچیی ئەمیرەکەم بکات ئەوە سەرپێچیی منى کردووە».

ذِكْرُ مَا يَجِبُ لِلْإِمَامِ وَمَا يَجِبُ عَلَيْهِ

باسی ئەوەى پێویستە بۆ پێشەوا پێی هەڵسێت و ئەوەشی پێویستە لەسەری

٤٤٨. عَنْ أَبي هُرَيْرَةَ h عَنْ رَسُولِ اللَّهِ قَالَ: «إِنَّمَا الْإِمَامُ جُنَّةٌ يُقَاتَلُ مِنْ وَرَائِهِ وَيُتَّقَى بِهِ، فَإِنْ أَمَرَ بِتَقْوَى اللَّهِ وَعَدَلَ فَإِنَّ لَهُ بِذَلِكَ أَجْرًا، وَإِنْ أَمَرَ بِغَيْرِهِ فَإِنَّ عَلَيْهِ وِزْراً».

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: «پێشەوا قەڵغانە لە پشتیەوە جەنگ دەکرێت و خۆشی پێ دەپارێزرێت و دەبێتە پەناگە، ئەگەر فەرمانی بە خۆپارێزى کرد و دادپەروەر بوو، ئەوە بەو هۆیەوە پاداشتى بۆ هەیە، ئەگەر بە غەیری ئەوە فەرمانی کرد، ئەوە بۆی دەبێتە بارگرانی (لە ڕۆژی دوایی)».

بِطَانَةُ الْإِمَامِ

هاوەڵى پێشەوا (ئیمام)

٤٤٩. عَنْ أَبِي سَعِيدٍ h عَنْ رَسُولِ اللَّهِ قَالَ: «مَا بَعَثَ اللَّهُ مِنْ نَبِيٍّ، وَلَا اسْتَخْلَفَ مِنْ خَلِيفَةٍ، إِلَّا كَانَتْ لَهُ بِطَانَتَانِ: بِطَانَةٌ تَأْمُرُهُ بِالْخَيْرِ، وَبِطَانَةٌ تَأْمُرُهُ بِالشَّرِّ وَتَحُضُّهُ عَلَيْهِ، وَالْمَعْصُومُ مَنْ عَصَمَ اللَّهُ b».

ئەبو سەعید h دەگێڕێتەوە: پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: «خوا هیچ پێغەمبەرێکى نەناردووە، هیچ کەسێکیشی نەکردووە بە جێنشین، ئیللا دوو هاوەڵى هەن: هاوەڵێک فەرمانى پێ دەکات بە خێر و چاکە، هاوەڵێک فەرمانى پێ دەکات بە خراپە و هانى دەدات لەسەرى، پارێزراویش ئەو کەسەیە خوا b پاراستوویەتى».

وَزِيرُ الْإِمَامِ

وەزیری پێشەوا (ئیمام)

٤٥٠. عَنْ الْقَاسِمِ بْنِ مُحَمَّدٍ قَالَ: سَمِعْتُ عَمَّتِي تَقُولُ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «مَنْ وَلِيَ مِنْكُمْ عَمَلًا فَأَرَادَ اللَّهُ بِهِ خَيْرًا جَعَلَ لَهُ وَزِيرًا صَالِحًا، إِنْ نَسِيَ ذَكَّرَهُ، وَإِنْ ذَكَرَ أَعَانَهُ».

قاسیمى کوڕى موحەممەد دەڵێت: گوێم لە پوورم بوو دەیگوت: پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: «هەر کەس لە ئێوە دەسەڵاتێکى پێ بدرێت، خوا خێری بۆی بوێت وەزیرێکى خواناسی بۆ دادەنێت، ئەگەر بیری چوو یادى دەخاتەوە، ئەگەر لەیادى بوو پشتیوانى لێ دەکات».

ذِكْرُ الْوَعِيدِ لِمَنْ أَعَانَ أَمِيرًا عَلَى الظُّلْمِ

باسی هەڕەشە لەو کەسەى یارمەتى ئەمیرێکی ستەمكار دەدات

٤٥١. عَنْ كَعْبِ بْنِ عُجْرَةَ h قَالَ: خَرَجَ عَلَيْنَا رَسُولُ اللَّهِ وَنَحْنُ تِسْعَةٌ، فَقَالَ: «إِنَّهُ سَتَكُونُ بَعْدِي أُمَرَاءُ مَنْ صَدَّقَهُمْ بِكَذِبِهِمْ، وَأَعَانَهُمْ عَلَى ظُلْمِهِمْ، فَلَيْسَ مِنِّي وَلَسْتُ مِنْهُ، وَلَيْسَ بِوَارِدٍ عَلَيَّ الْحَوْضَ، وَمَنْ لَمْ يُصَدِّقْهُمْ بِكَذِبِهِمْ، وَلَمْ يُعِنْهُمْ عَلَى ظُلْمِهِمْ، فَهُوَ مِنِّي وَأَنَا مِنْهُ، وَهُوَ وَارِدٌ عَلَيَّ الْحَوْضَ».

کەعبی کوڕى عوجڕە h دەڵێت: پێغەمبەرى خوا هات بۆ نێومان ئێمەیش نۆ کەس بووین، فەرمووى: «بێگومان ماوەیەکى کەم لەدواى من دەسەڵاتدارانێک پەیدا دەبن، هەر کەس بەڕاستیان دابنێت لەوەى درۆ دەکەن، وە پشتیوانییان بکات لەسەر ستەمکردنیان، نە ئەو لە منە و نە منیش لە ئەوم، هەرگیز نایەت بۆ لاى من لەسەر حەوزەکە، هەر کەسیش درۆکانیان بەڕاست دانەنێت و پشتیوانییان لێ نەکات لەسەر ستەمەکانیان، ئەوە لە منە و منیش لە ئەوم، ئەو کەسە دێتە لاى من لەسەر حەوزەکە».

فَضْلُ مَنْ تَكَلَّمَ بِالْحَقِّ عِنْدَ إِمَامٍ جَائِرٍ

پێگە و گەورەیی کەسی هەقبێژ بەرانبەر پێشەوایەکى ستەمکار

٤٥٢. عَنْ طَارِقِ بْنِ شِهَابٍ h: أَنَّ رَجُلًا سَأَلَ النَّبِيَّ وَقَدْ وَضَعَ رِجْلَهُ فِي الْغَرْزِ، أَيُّ الْجِهَادِ أَفْضَلُ؟ قَالَ: «كَلِمَةُ حَقٍّ عِنْدَ سُلْطَانٍ جَائِرٍ».

تاریقی کوڕى شیهاب h دەگێڕێتەوە: پیاوێک کاتێك قاچی خستە نێو ئاوزەنگى وشترەکەى، پرسیارى کرد لە پێغەمبەر : گەورەترین و باشترین جیهاد کامەیە؟ فەرمووى: «گوتنى وشەیەکى هەق بەرانبەر دەسەڵاتدارێکى ستەمکار».

🖍   تێبینی:

ئاوزەنگ: ئەو شتەیە کە پێ دەخرێتە نێوى بە مەبەستى سواربوون بۆ سەر پشتى وڵاخ.

مَا يُكْرَهُ مِنَ الْحِرْصِ عَلَى الْإِمَارَةِ

سوربوون لەسەر وەرگرتنى پلەوپایە و دەسەڵات ناپەسندە

٤٥٣. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h عَنِ النَّبِيِّ قَالَ: «إِنَّكُمْ سَتَحْرِصُونَ عَلَى الْإِمَارَةِ، وَإِنَّهَا سَتَكُونُ نَدَامَةً وَحَسْرَةً فَنِعْمَتِ الْمُرْضِعَةُ، وَبِئْسَتِ الْفَاطِمَةُ».

ئەبو هوڕەیڕە h دەگێڕێتەوە: پێغەمبەر فەرموویەتى: «بێگومان ئێوە لە داهاتوویەکى نزیکدا زۆر پێداگری دەکەن لەسەر وەرگرتنى دەسەڵات، بێگومان ئەو بەرپرسیارێتییەش دەبێتە مایەى پەشیمانى، جا گەیشتن بە دەسەڵات خۆشترین ژیانە (لە دونیادا)، وە نەمانیشی ناخۆشترین شتە (ئەویش مردنە)».