أبْوَابُ السِّيَرِ عَنْ رَسُولِ اللَّهِ ﷺ

کۆباسی ژیاننامە لە پێغەمبەری خواوە ﷺ

بَابُ مَا جَاءَ فِي الغَنِيمَةِ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی دەستکەوتى جەنگ

٣٣٣. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h: أَنَّ النَّبِيَّ قَالَ: «فُضِّلْتُ عَلَى الأَنْبِيَاءِ بِسِتٍّ: أُعْطِيتُ جَوَامِعَ الكَلِمِ، وَنُصِرْتُ بِالرُّعْبِ، وَأُحِلَّتْ لِيَ الغَنَائِمُ، وَجُعِلَتْ لِيَ الأَرْضُ مَسْجِدًا وَطَهُورًا، وَأُرْسِلْتُ إِلَى الخَلْقِ كَافَّةً، وَخُتِمَ بِيَ النَّبِيُّونَ».

ئەبو هوڕەیڕە h دەگێڕێتەوە: پێغەمبەر فەرموویەتی: «ڕێز و پلەى زیاترم پێ دراوە بەسەر پێغەمبەرانى دیكه‌دا بە شەش تایبەتمەندی: وشەى کۆکەرەوەى پڕواتام پێ دراوە، سەرکەوتنم پێ دراوە بەهۆى ترسانى دوژمن لێم، دەستکەوتی جەنگم بۆ حەڵاڵ کراوە، زەویم بۆ کراوە بە شوێنى نوێژکردن و پاککەرەوە، بۆ گشت خەڵکى ڕەوانە کراوم ، بە ناردنى من پێغەمبەرایەتى کۆتایی پێ هاتووە».

بَابٌ فِي سَهْمِ الْخَيْلِ

باسێك دەربارەی پشکى ئەسپ (لە دەستکەوتی جەنگدا)

٣٣٤. عَنِ ابْنِ عُمَرَ k: أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ قَسَمَ فِي النَّفَلِ لِلْفَرَسِ بِسَهْمَيْنِ، وَلِلرَّجُلِ بِسَهْمٍ.

ئیبن عومەر k دەگێڕێتەوە: پێغەمبەری خوا دەسکەوتەکانى دابەش کرد، بۆ ئەسپەکە دوو پشک، بۆ کەسەکە پشکێک.

بَابُ مَا جَاءَ فِي أَهْلِ الذِّمَّةِ يَغْزُونَ مَعَ المُسْلِمِينَ هَلْ يُسْهَمُ لَهُمْ؟

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی خاوەن پەیمان كە بەشدارى جەنگ بکەن، ئایا پشکیان بەردەکەوێت؟

٣٣٥. عَنْ عَائِشَةَ i: أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ خَرَجَ إِلَى بَدْرٍ حَتَّى إِذَا كَانَ بِحَرَّةِ الوَبَرَةِ لَحِقَهُ رَجُلٌ مِنَ المُشْرِكِينَ يَذْكُرُ مِنْهُ جُرْأَةً وَنَجْدَةً، فَقَالَ النَّبِيُّ : «تُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ؟»، قَالَ: لَا، قَالَ: «ارْجِعْ، فَلَنْ أَسْتَعِينَ بِمُشْرِكٍ».

عائیشە i دەگێڕێتەوە: پێغەمبەری خوا دەرچوو بۆ بەدر هەتا گەیشتە بیحەڕە وەبڕە، پیاوێک لە هاوبەشدانەران دوای کەوت (بۆ بەشداریکردنی جەنگ) کە بە ئازا و جوامێر و بەهاناوەچوو باس دەکرا، پێغەمبەری خوا فەرمووی: «بڕوات هەیە بە خوا و پێغەمبەرەکەی؟»، گوتی: نەخێر، فەرمووی: «بگەڕێوە داوای یارمەتی ناکەم لە کەسانی هاوبەش بۆخوادانەر».

٣٣٦. عَنْ أَبِي مُوسَى h قَالَ: قَدِمْتُ عَلَى رَسُولِ اللَّهِ فِي نَفَرٍ مِنَ الأَشْعَرِيِّينَ خَيْبَرَ، فَأَسْهَمَ لَنَا مَعَ الَّذِينَ افْتَتَحُوهَا.

ئەبو مووسا h دەڵێت: هاتینە خزمه‌ت پێغەمبەری خوا لەگەڵ کۆمەڵێک لە هۆزی ئەشعەرییەکان لە کاتی جەنگی خەیبەر، جا پشکی پێ داین لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بەشداری ئازادکردنی خەیبەر بوون.

بَابُ مَا جَاءَ فِي مَنْ قَتَلَ قَتِيلًا فَلَهُ سَلَبُهُ

باسی ئەوەى هاتووە هەر کەسێک کەسێکى کوشت (لە جەنگدا) کەلوپەلەکەی بۆ ئەو دەبێت

٣٣٧. عَنْ أَبِي قَتَادَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «مَنْ قَتَلَ قَتِيلًا لَهُ عَلَيْهِ بَيِّنَةٌ فَلَهُ سَلَبُهُ».

ئەبو قەتادە h دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: «هەر کەسێک کەسێکى کوشت (لە کاتى جەنگدا)، بەڵگەى بەدەستەوە بێت لە سەر کوشتنەکەى، ئەوە کەلوپەلەکەی بۆ ئەو دەبێت».

بَابٌ فِي كَرَاهِيَةِ بَيْعِ المَغَانِمِ حَتَّى تُقْسَمَ

باسێک دەربارەی ناپەسندیی فرۆشتنى دەستکەوت پێش دابەشکردنى

٣٣٨. عَنْ أَبِي سَعِيدٍ الخُدْرِيِّ h قَالَ: نَهَى رَسُولُ اللَّهِ عَنْ شِرَاءِ المَغَانِمِ حَتَّى تُقْسَمَ.

ئەبو سەعیدى خودری h دەڵێت: پێغەمبەری خوا کڕینەوەی ماڵی دەستکەوتی جەنگی قەدەغەی کرد هەتا دوای دابەشکردنی.

بَابُ مَا جَاءَ فِي طَعَامِ المُشْرِكِينَ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی خۆراکی هاوبەشدانەران

٣٣٩. عَن قَبِيصَةِ بْن هُلْبٍ، يُحَدِّثُ عَنْ أَبِيهِ h قَالَ: سَأَلْتُ النَّبِيَّ عَنْ طَعَامِ النَّصَارَى؟ فَقَالَ: «لَا يَتَخَلَّجَنَّ فِي صَدْرِكَ طَعَامٌ ضَارَعْتَ فِيهِ النَّصْرَانِيَّةَ».

قەبیسەى کوڕى هولب لە باوکیەوە h دەگێڕێتەوە، گوتوویەتی: پرسیارم کرد لە پێغەمبەری خوا سەبارەت بە خۆراکی نەصڕانییەکان؟ فەرمووی: «با هیچ گومان لە دڵت نەبێت سەبارەت بە خۆراکیان (دروستە)، ئەگەرنا ئەوە (لە توندینواندن) وەک نەصڕانییەکانت کردووە».

بَابٌ فِي كَرَاهِيَةِ التَّفْرِيقِ بَيْنَ السَّبْيِ

باسێک دەربارەی قەدەغەکردنى لەیەکجیاکردنەوەى کۆیلەی جەنگ

٣٤٠. عَنْ أَبِي أَيُّوبَ h قَالَ: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ يَقُولُ: «مَنْ فَرَّقَ بَيْنَ وَالِدَةٍ وَوَلَدِهَا فَرَّقَ اللَّهُ بَيْنَهُ وَبَيْنَ أَحِبَّتِهِ يَوْمَ القِيَامَةِ».

ئەبو ئەیووب h دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو، دەیفەرموو: «هەر کەسێک منداڵ و دایکى لەیەک جیا بکاتەوە، خوا لە ڕۆژی دواییدا لە خۆشەویستانى جیا دەکاتەوە».

بَابُ مَا جَاءَ فِي قَتْلِ الأُسَارَى وَالفِدَاءِ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی کوشتنى دیلەکان و وەرگرتنی فیدیە

٣٤١. عَنْ عِمْرَانَ بْنِ حُصَيْنٍ k: أَنَّ النَّبِيَّ فَدَى رَجُلَيْنِ مِنَ المُسْلِمِينَ بِرَجُلٍ مِنَ المُشْرِكِينَ.

عیمڕانى کوڕى حوصەین k دەگێڕێتەوە: پێغەمبەر دوو کەسی موسوڵمانی ئازاد کرد لە بەرانبەر ئازادکردنی کەسێکی هاوبەشدانەر.

بَابُ مَا جَاءَ فِي النَّهْيِ عَنْ قَتْلِ النِّسَاءِ وَالصِّبْيَانِ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی ناپەسندیی کوشتنی ئافرەتان و منداڵان

٣٤٢. عَنِ ابْنِ عُمَرَ k: أَنَّ امْرَأَةً وُجِدَتْ فِي بَعْضِ مَغَازِي رَسُولِ اللَّهِ مَقْتُولَةً، فَأَنْكَرَ رَسُولُ اللَّهِ ذَلِكَ، وَنَهَى عَنْ قَتْلِ النِّسَاءِ وَالصِّبْيَانِ.

ئیبن عومەر k دەگێڕێتەوە: لە یەکێك لە جەنگەکانی پێغەمبەری خوا ئافرەتێک بەکوژراوی دۆزرایەوە، پێغەمبەری خوا نکووڵی كرد لەو کارە، (پاشان) کوشتنی ئافرەتان و منداڵانی قەدەغە کرد.

بَابُ مَا جَاءَ فِي الغُلُولِ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی دزینی دەستکەوتی جەنگ

٣٤٣. عَنْ ثَوْبَانَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «مَنْ مَاتَ وَهُوَ بَرِيءٌ مِنْ ثَلَاثٍ: الكِبْرِ، وَالغُلُولِ، وَالدَّيْنِ دَخَلَ الجَنَّةَ».

سەوبان h دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرموویەتى: «هەر موسوڵمانێک بمرێت و لە سێ شت دوور بێت (ئەوانیش): خۆبەزلزانین، دزینی دەستکەوتی جەنگ، قەرزداری، ئەوە ئەو كەسە دەچێتە بەهەشتەوە».

بَابُ مَا جَاءَ فِي خُرُوجِ النِّسَاءِ فِي الحَرْبِ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی دەرچوونى ئافرەتان بۆ جەنگ

٣٤٤. عَنْ أَنَسٍ h قَالَ: كَانَ رَسُولُ اللَّهِ يَغْزُو بِأُمِّ سُلَيْمٍ i وَنِسْوَةٍ مَعَهَا مِنَ الأَنْصَارِ يَسْقِينَ المَاءَ وَيُدَاوِينَ الجَرْحَى.

ئەنەس h دەڵێت: پێغەمبەری خوا بەشداری بە ئوم سولەیم i و ئافرەتانی دیكەی ئەنصاری دەکرد لە جەنگ، بۆ ئەوەی ئاودان و تیماری بریندارەکان بکەن.

بَابُ مَا جَاءَ فِي الغَدْرِ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی غەدر و ناپاكی

٣٤٥. عَنْ سُلَيْم بْن عَامِرٍ يَقُولُ: كَانَ بَيْنَ مُعَاوِيَةَ h وَبَيْنَ أَهْلِ الرُّومِ عَهْدٌ، وَكَانَ يَسِيرُ فِي بِلَادِهِمْ، حَتَّى إِذَا انْقَضَى العَهْدُ أَغَارَ عَلَيْهِمْ، فَإِذَا رَجُلٌ عَلَى دَابَّةٍ أَوْ عَلَى فَرَسٍ، وَهُوَ يَقُولُ: اللَّهُ أَكْبَرُ، وَفَاءٌ لَا غَدْرٌ، وَإِذَا هُوَ عَمْرُو بْنُ عَبَسَةَ h، فَسَأَلَهُ مُعَاوِيَةُ h عَنْ ذَلِكَ، فَقَالَ: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ يَقُولُ: «مَنْ كَانَ بَيْنَهُ وَبَيْنَ قَوْمٍ عَهْدٌ فَلَا يَحُلَّنَّ عَهْدًا، وَلَا يَشُدَّنَّهُ حَتَّى يَمْضِيَ أَمَدُهُ أَوْ يَنْبِذَ إِلَيْهِمْ عَلَى سَوَاءٍ»، قَالَ: فَرَجَعَ مُعَاوِيَةُ h.

سولەیمى کوڕى عامیر دەڵێت: لە نێوان موعاویە h و خەڵکی ڕۆم پەیمانی ئاشتی هەبوو (بۆ ماوەیەکی دیاریکراو)، موعاویە h لە وڵاتی ئەوان دەسووڕایەوە، تا ئەگەر ماوەی پەیمانەکە کۆتایی هات هێرش بکاتە سەریان، پیاوێک لەسەر پشتی ئاژەڵێک یان ئەسپێک بوو دەیگوت: الله أکبر وەفاداری نەک غەدرکاری، دەرکەوت ئەو کەسە عەمری کوڕی عەبەسە h بوو، موعاویە h پرسیاری لێ کرد سەبارەت بەوەی گوتی؟ ئەویش گوتی: گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو، ده‌یفه‌رموو: «هەر کەسێک لە نێوان خۆى و کەسانێکی دیكه‌ پەیمانی ئاشتی هەبوو، با پەیمانەکە هەڵنەوەشێنێتەوە، گۆڕانکارى تێدا نەکات تا ماوەکەی تەواو دەبێت، یان ئاگاداریان دەکاتەوە لە هەڵوەشاندنەوەى (کاتێک ئەگەر هەست کرا بە فێڵ و غەدریان)»، گوتى: جا موعاویە h بەهۆی ئەوەوە گەڕایەوە.

بَابُ مَا جَاءَ أَنَّ لِكُلِّ غَادِرٍ لِوَاءً يَوْمَ القِيَامَةِ

باسی ئەوەى هاتووە بۆ هەموو غەدرکارێک ئاڵایەک بەرز دەکرێتەوە لە ڕۆژی دوایی

٣٤٦. عَنِ ابْنِ عُمَرَ k قَالَ: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ يَقُولُ: «إِنَّ الغَادِرَ يُنْصَبُ لَهُ لِوَاءٌ يَوْمَ القِيَامَةِ».

ئیبن عومەر k دەڵێت: پێغەمبەری خوا دەیفەرموو: «بەڕاستى ئاڵایەک بەرز دەکرێتەوە بۆ کەسی غەدرکار لە ڕۆژی دوایی (وەک نیشانە بۆ تاوانەکانیان)».

بَابُ مَا جَاءَ فِي أَخْذِ الجِزْيَةِ مِنَ المَجُوسِ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی سەرانە وەرگرتن لە ئاگرپەرستان

٣٤٧. عَنْ بَجَالَةَ: أَنَّ عُمَرَ h كَانَ لَا يَأْخُذُ الجِزْيَةَ مِنَ المَجُوسِ، حَتَّى أَخْبَرَهُ عَبْدُ الرَّحْمَنِ بْنُ عَوْفٍ h، أَنَّ النَّبِيَّ أَخَذَ الجِزْيَةَ مِنْ مَجُوسِ هَجَرَ.

بەجالە دەگێڕێتەوە: عومەر h لە پێشوودا سەرانەی وەرنەدەگرت لە ئاگرپەرستان، تا عەبدوڕەحمانی کوڕی عەوف h پێی ڕاگەیاند کە پێغەمبەری خوا سەرانەی وەرگرتووە لە ئاگرپەرستانی هەجەر.

بَابُ مَا جَاءَ فِي الهِجْرَةِ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی کۆچکردن

٣٤٨. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ يَوْمَ فَتْحِ مَكَّةَ: «لَا هِجْرَةَ بَعْدَ الفَتْحِ، وَلَكِنْ جِهَادٌ وَنِيَّةٌ، وَإِذَا اسْتُنْفِرْتُمْ فَانْفِرُوا».

ئیبن عەبباس k دەڵێت: لە کاتی ئازادکردنی شاری مەککەی پیرۆز پێغەمبەری خوا فەرمووی: «کۆچکردن نییە (لە مەککە) لەدوای ئازادکردنی، بەڵام ئەمەی دەمێنێت جیهادکردن و نیازی کۆچکردنە (لەپێناو ئیسلام)، جا ئەگەر داوای ڕاپەڕینتان لێ کرا، ئەوکات هەمووتان ڕاپەڕن (بۆ جیهاد لەپێناو ئیسلام)».

بَابُ مَا جَاءَ فِي بَيْعَةِ النَّبِيِّ ﷺ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی بەڵێندان بە پێغەمبەر ﷺ

٣٤٩. عَنْ يَزِيدَ بْنِ أَبِي عُبَيْدٍ قَالَ: قُلْتُ لِسَلَمَةَ بْنِ الأَكْوَعِ h عَلَى أَيِّ شَيْءٍ بَايَعْتُمْ رَسُولَ اللَّهِ يَوْمَ الحُدَيْبِيَةِ؟ قَالَ: عَلَى المَوْتِ.

یەزیدى کوڕى ئەبو عوبەید دەڵێت: بە سەلمەی کوڕی ئەکوەعم h گوت: لەسەر چی بەڵێنتان بە پێغەمبەری خوا داوە لە ڕۆژی حودەیبیە؟ گوتی: لەسەر مەرگ (بەرگری بکەین تا مردن).

بَابُ مَا جَاءَ فِي نَكْثِ البَيْعَةِ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی هەڵوەشاندنەوەى بەڵێن و پەیمان

٣٥٠. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «ثَلَاثَةٌ لَا يُكَلِّمُهُمُ اللَّهُ يَوْمَ القِيَامَةِ، وَلَا يُزَكِّيهِمْ، وَلَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ: رَجُلٌ بَايَعَ إِمَامًا فَإِنْ أَعْطَاهُ وَفَى لَهُ، وَإِنْ لَمْ يُعْطِهِ لَمْ يَفِ لَهُ».

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرموویەتى: «سێ كۆمەڵ هەن خوا لە ڕۆژی دوایی قسەیان لەگەڵ ناکات و پاکیان ناکاتەوە و ئازارێکی بەئێشیشیان دەدا (یەکێک لەوانە): کەسێک پەیمان بدات بە پێشەوایەک، جا ئەگەر ماڵی پێ بدات، ئەوە وەفای هەبێت بۆی، ئەگەر پێی نەدات، ئەوە وەفای بۆی نەبێت».

بَابُ مَا جَاءَ فِي بَيْعَةِ النِّسَاءِ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی چۆنیەتی بەڵێنوەرگرتن لە ئافرەتان

٣٥١. عَنْ أُمَيْمَةَ بِنْتِ رُقَيْقَةَ i تَقُولُ: بَايَعْتُ رَسُولَ اللَّهِ فِي نِسْوَةٍ، فَقَالَ لَنَا: «فِيمَا اسْتَطَعْتُنَّ وَأَطَقْتُنَّ»، قُلْتُ: اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَرْحَمُ بِنَا مِنَّا بِأَنْفُسِنَا، قُلْتُ: يَا رَسُولَ اللَّهِ، بَايِعْنَا، - قَالَ سُفْيَانُ: تَعْنِي صَافِحْنَا، - فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «إِنَّمَا قَوْلِي لِمِائَةِ امْرَأَةٍ كَقَوْلِي لِامْرَأَةٍ وَاحِدَةٍ».

ئومەیمەى کچى ڕوقەیقە i دەڵێت: لەنێو ئەو ئافرەتانە بوومە کە بەڵێنیان بە پێغەمبەری خوا داوە، پێمانی فەرموو: «ئەوەی لە تواناتاندایە و بۆتان دەکرێت»، گوتم: خوا و پێغەمبەرەکەی بەسۆزترن بەرانبەر بە ئێمە لە خۆمان، گوتم: ئەی پێغەمبەری خوا، بەڵێنمان لێ وەربگرە -سوفیان دەڵێت: واتە دەست لەنێو دەست و تەوقەکردن-، پێغەمبەری خوا فەرمووی: «قسەم بۆ سەد ئافرەت وەک ئەو وتەمە کە بۆ یەک ئافرەت بێت».

🖍   تێبینی:

مەبەست لەو بڕگەی كۆتایی ئەوەیە، من تەوقە ناكەم لەگەڵ ئافرەتان بۆ بەیعەت لێوەرگرتنیان وەك چۆن لەگەڵ پیاوان تەوقە دەكەم و دەست دەخەمە نێو دەستیان، بەڵكوو تەنها بە زمان و قسەكردن دەڵێم: ئەوە بەڵێنم خستنە ئەستۆ و پەیمان لە نێوانمان بەپێی ئەوەی لە تواناتاندا هەیە.

بَابُ مَا جَاءَ فِي الخُمُسِ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی پێدانی پێنجیەک (لە دەستکەوتی جەنگ)

٣٥٢. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k: أَنَّ النَّبِيَّ قَالَ لِوَفْدِ عَبْدِ القَيْسِ: «آمُرُكُمْ أَنْ تُؤَدُّوا خُمُسَ مَا غَنِمْتُمْ».

ئیبن عەبباس k دەگێڕێتەوە: پێغەمبەر بە نێردراوی هۆزی عەبدولقەیسی فەرموو: «فەرمانتان پێ دەکەم بە پێدانی پێنجیەک لەوەی دەستتان دەکەوێت لە جەنگ».

بَابُ مَا جَاءَ فِي تَرِكَةِ رَسُولِ اللَّهِ ﷺ

باسی ئەوەى هاتووە دەربارەی میراتى پێغەمبەری خوا ﷺ

٣٥٣. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h قَالَ: جَاءَتْ فَاطِمَةُ i إِلَى أَبِي بَكْرٍ h فَقَالَتْ: مَنْ يَرِثُكَ؟ قَالَ: أَهْلِي، وَوَلَدِي، قَالَتْ: فَمَا لِي لَا أَرِثُ أَبِي؟ فَقَالَ أَبُو بَكْرٍ h: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ يَقُولُ: «لَا نُورَثُ»، وَلَكِنِّي أَعُولُ مَنْ كَانَ رَسُولُ اللَّهِ يَعُولُهُ، وَأُنْفِقُ عَلَى مَنْ كَانَ رَسُولُ اللَّهِ يُنْفِقُ عَلَيْهِ.

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: (خاتوو) فاتیمە i هاتە لای ئەبو بەکر h گوتی: کێ میراتت لێ دەگرێت؟ گوتی: خانەوادەم و منداڵم، گوتی: باشە بۆ من میرات ناگرم لە باوکم؟ ئەبو بەکر h گوتی: گوێم لە پێغەمبەری خوا بووە، دەیفەرموو: «ئێمە ماڵ و سامانمان لێ بەمیرات ناگیرێت (بەهۆی پێغەمبەرایەتییەوە)»، بەڵام ئەوانەی کە پێغەمبەری خوا لەئەستۆی دەگرتن و خەرجی بۆ دەکردن، منیش لەئەستۆیان دەگرم و خەرجییان بۆ دەکەم.