أبْوَابُ تَفْسِيرِ الْقُرْآنِ عَنْ رَسُولِ اللَّهِ ﷺ

کۆباسی تەفسیرکردنى قوڕئان لە پێغەمبەری خواوە ﷺ

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ فَاتِحَةِ الكِتَابِ

باسێک: لە سووڕەتى فاتیحەوە

٦٣٦. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h: أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ قَالَ: «مَنْ صَلَّى صَلَاةً لَمْ يَقْرَأْ فِيهَا بِأُمِّ القُرْآنِ فَهِيَ خِدَاجٌ فَهِيَ خِدَاجٌ، غَيْرُ تَمَامٍ»، قَالَ: قُلْتُ: يَا أَبَا هُرَيْرَةَ، إِنِّي أَحْيَانًا أَكُونُ وَرَاءَ الإِمَامِ، قَالَ: يَا ابْنَ الفَارِسِيِّ، فَاقْرَأْهَا فِي نَفْسِكَ.

ئەبو هوڕەیڕە h دەگێڕێتەوە: پێغەمبەری خوا فەرموویەتى: «هەر کەسێک نوێژێک بکات و سووڕەتی فاتیحەی تێدا نەخوێنێت، ئەوە نوێژەکەی ناتەواوە، ئەوە نوێژەکەی ناتەواوە»، (گێڕەرەوە) دەڵێت: گوتم: ئەى ئەبو هوڕەیڕە جاری وا هەیە لە دواى ئیمامم (لە نوێژی بەکۆمەڵدام و فریا ناکەوم بیخوێنم)، گوتى: ئەى کوڕى فارسی، بۆ خۆت بەبێدەنگی بیخوێنە.

٦٣٧. عَنْ عَدِيِّ بْنِ حَاتِمٍ h عَنِ النَّبِيِّ قَالَ: «اليَهُودُ مَغْضُوبٌ عَلَيْهِمْ وَالنَّصَارَى ضُلَّالٌ».

عەدی کوڕی حاتیم h له‌ پێغەمبەره‌وه‌ دەگێڕێتەوە كه‌ فەرموویەتى: «جوولەکەکان ئەوانەن شاییستەی تووڕەیی خوا بوون، نەسڕانییەکانیش ئەوانەن كە گومڕا بوون».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ البَقَرَةِ

باسێک: لە سووڕەتى بەقەڕەوە

٦٣٨. عَنْ أَبِي مُوسَى الأَشْعَرِيِّ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «إِنَّ اللَّهَ تَعَالَى خَلَقَ آدَمَ مِنْ قَبْضَةٍ قَبَضَهَا مِنْ جَمِيعِ الأَرْضِ، فَجَاءَ بَنُو آدَمَ عَلَى قَدْرِ الأَرْضِ، فَجَاءَ مِنْهُمُ الأَحْمَرُ وَالأَبْيَضُ وَالأَسْوَدُ وَبَيْنَ ذَلِكَ، وَالسَّهْلُ وَالحَزْنُ وَالخَبِيثُ وَالطَّيِّبُ».

ئەبو مووساى ئەشعەرى h دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرموویەتى: «بێگومان خوا ئادەمی دروست کرد لە مشتێک خۆڵ کە لە هەموو بەشەکانی زەوی وەرگیراوە، بۆیە نه‌وه‌ی ئادەم شێوەیان بەپێی زەوییە، لە نێویاندا سوور و سپی و ڕەش هەیە، لە نێوان ئەم ڕەنگانەشدا هەیە، (بەهەمان شێوە) لەنێویاندا کەسانى ئاسان و توند و پیس و پاک هەیە».

٦٣٩. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ فِي قَوْلِهِ تَعَالَى: ﴿ وَادْخُلُوا البَابَ سُجَّدًا ﴾ البقرة: 58، قَالَ: «دَخَلُوا مُتَزَحِّفِينَ عَلَى أَوْرَاكِهِمْ»، أَيْ: مُنْحَرِفِينَ.

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: پێغەمبەری خوا سەبارەت بە ئایەتی: ﴿ وَادْخُلُوا البَابَ سُجَّدًا ﴾، واتە: بچنە نێو شارەکە لە دەروازەوە، بە سوجدەبردنەوە. فەرموویەتی: «بەڵام چوونە ژوورەوە بە خۆخشاندن لەسەر لا ڕانەکانیان (وەک گاڵتەجاری و بێباکى بوو بەرانبەر فەرمانی خوا)».

٦٤٠. عَنْ أَنَسٍ h قَالَ: قَالَ عُمَرُ بْنُ الخَطَّابِ h: قُلْتُ يَا رَسُولَ اللَّهِ: لَوِ اتَّخَذْتَ مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ  مُصَلًّى، فَنَزَلَتْ: ﴿ وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى ﴾ البقرة: 125.

ئەنەس h دەڵێت: عومەری کوڕی خەتتاب h گوتی: گوتم: ئەی پێغەمبەری خوا، خۆزگە شوێنپێی (پێغەمبەر) ئیبڕاهیمت s دەكرد بە جێگای نوێژکردن، دواتر ئەم ئایەتە دابەزی: ﴿ وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى ﴾، واتە: ئەو شوێنەى كە ئيبڕاهيم لێى وەستاوە بيكەنە شوێنى نوێژ و نوێژى لێ بكەن.

٦٤١. عَنْ أَبِي سَعِيدٍ h عَنِ النَّبِيِّ فِي قَوْلِهِ: ﴿ وَكَذَلِكَ جَعَلْنَاكُمْ أُمَّةً وَسَطًا ﴾ البقرة: 143، قَالَ: «عَدْلًا».

ئەبو سەعید h دەگێڕێتەوە: پێغەمبەر سەبارەت بە ئایەتی: ﴿ وَكَذَلِكَ جَعَلْنَاكُمْ أُمَّةً وَسَطًا ﴾، واتە: ئێوەمان گێڕاوە بە ئوممەتێکی هاوسەنگ. فەرمووی: «دادگەر و ڕاست».

٦٤٢. عَنْ جَابِرِ بْنِ عَبْدِ اللَّهِ k قَالَ: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ حِينَ قَدِمَ مَكَّةَ طَافَ بِالبَيْتِ سَبْعًا فَقَرَأَ: ﴿ وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى ﴾ البقرة: 125، فَصَلَّى خَلْفَ المَقَامِ، ثُمَّ أَتَى الحَجَرَ فَاسْتَلَمَهُ، ثُمَّ قَالَ: «نَبْدَأُ بِمَا بَدَأَ اللَّهُ»، وَقَرَأَ: ﴿ إِنَّ الصَّفَا وَالمَرْوَةَ مِنْ شَعَائِرِ اللَّهِ ﴾ البقرة: 158.

جابيری کوڕی عەبدوڵڵا k دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو کاتێک هاتە نێو مەککەی پیرۆز و حەوت جار تەوافی بەیتی کرد ئەو ئایەتەی خوێندەوە: ﴿ وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى ﴾، لەدوای شوێنی مەقام نوێژی کرد، پاشان هاتە لای بەردەکە و دەستى لێ دا، ئینجا فەرمووی: «بەو شێوەیە دەست پێ دەکەین کە خوا دەستی پێ کردووە (باسی کردووە)»، ئەو ئایەتەی خوێندەوە: ﴿ إِنَّ الصَّفَا وَالمَرْوَةَ مِنْ شَعَائِرِ اللَّهِ ﴾. واتە: بێگومان سەفا و مەڕوە لە نیشانە و دروشمەکانی خوان.

٦٤٣. عَنِ النُّعْمَانِ بْنِ بَشِيرٍ k عَنِ النَّبِيِّ فِي قَوْلِهِ تَعَالَى: ﴿ وَقَالَ رَبُّكُمْ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ ﴾ غافر: 60، قَالَ: «الدُّعَاءُ هُوَ العِبَادَةُ»، وَقَرَأَ: ﴿ وَقَالَ رَبُّكُمْ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ ﴾ غافر: 60 -إِلَى قَوْلِهِ- ﴿ دَاخِرِينَ ﴾ غافر: 60.

نوعمانى کوڕی بەشیر k دەگێڕێتەوە: پێغەمبەر سەبارەت بەم ئایەتە: ﴿ وَقَالَ رَبُّكُمْ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ ﴾، فەرمووی: «پاڕانەوە بريتيیە لە پەرستن»، ئەم ئایەتەشی خوێندەوە: ﴿ وَقَالَ رَبُّكُمْ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ ﴾، تا ﴿ دَاخِرِينَ ﴾.

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ النِّسَاءِ

باسێک: لە سووڕەتى نیسائەوە

٦٤٤. عَنْ أُمِّ سَلَمَةَ i قَالَتْ: يَا رَسُولَ اللَّهِ لَا أَسْمَعُ اللَّهَ ذَكَرَ النِّسَاءَ فِي الهِجْرَةِ، فَأَنْزَلَ اللَّهُ تَعَالَى: ﴿ أَنِّي لَا أُضِيعُ عَمَلَ عَامِلٍ مِنْكُمْ مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى بَعْضُكُمْ مِنْ بَعْضٍ ﴾ آل عمران: 195.

ئوم سەلەمە i گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا (بۆچى) نابیستم خواى گەورە (لە قوڕئانی پیرۆز) باسی کۆچکردنی ئافرەتان بکات، ئینجا خوای بەرز ئەو ئایەتەی دابەزاند: ﴿ أَنِّي لَا أُضِيعُ عَمَلَ عَامِلٍ مِنْكُمْ مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى بَعْضُكُمْ مِنْ بَعْضٍ ﴾، واتە: بێگومان هەوڵ و کاری هیچ یەکێک لە ئێوە بەزایە نادەم لە نێر و مێینەتان، چونکە هاوکاری یەکدی بوون.

٦٤٥. عَنْ عَبْدِ اللَّهِ h قَالَ: قَالَ لِي رَسُولُ اللَّهِ : «اقْرَأْ عَلَيَّ»، فَقُلْتُ: يَا رَسُولَ اللَّهِ أَقْرَأُ عَلَيْكَ وَعَلَيْكَ أُنْزِلَ؟ قَالَ: «إِنِّي أُحِبُّ أَنْ أَسْمَعَهُ مِنْ غَيْرِي»، فَقَرَأْتُ سُورَةَ النِّسَاءِ حَتَّى بَلَغْتُ: ﴿ وَجِئْنَا بِكَ عَلَى هَؤُلَاءِ شَهِيدًا ﴾ النساء: 41، قَالَ: فَرَأَيْتُ عَيْنَيِ النَّبِيِّ تَهْمِلَانِ.

عەبدوڵڵا h دەڵێت: پێغەمبەری خوا پێمی فەرموو: «قوڕئانم بەسەردا بخوێنەوە»، گوتم: ئەی پێغەمبەری خوا قوڕئانت بەسەردا بخوێنم لە کاتێک قوڕئان بە سەر تۆدا دابەزیوە؟ فەرمووی: «پێمخۆشە لە کەسی دیكه‌ گوێبیستی ببم»، سووڕەتی نیسائم بۆ خوێندەوە هەتا گەیشتمە ئایەتی: ﴿ وَجِئْنَا بِكَ عَلَى هَؤُلَاءِ شَهِيدًا ﴾، واتە: ئەی موحممەد تۆشمان کردووە بە شایەت بەسەر ئەو خەڵکەوە. (عەبدوڵڵا h) گوتی: بینیم چاوەکانی پێغەمبەری خوا فرمێسکى لێ دەهاتە خوار.

٦٤٦. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k عَنِ النَّبِيِّ قَالَ: «يَجِيءُ المَقْتُولُ بِالقَاتِلِ يَوْمَ القِيَامَةِ نَاصِيَتُهُ وَرَأْسُهُ بِيَدِهِ وَأَوْدَاجُهُ تَشْخَبُ دَمًا، يَقُولُ: يَا رَبِّ، قَتَلَنِي هَذَا، حَتَّى يُدْنِيَهُ مِنَ العَرْشِ»، قَالَ: فَذَكَرُوا لِابْنِ عَبَّاسٍ k، التَّوْبَةَ، فَتَلَا هَذِهِ الْآيَةَ: ﴿ وَمَنْ يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُتَعَمِّدًا ﴾ النساء: 93، قَالَ: مَا نُسِخَتْ هَذِهِ الْآيَةُ، وَلَا بُدِّلَتْ، وَأَنَّى لَهُ التَّوْبَةُ.

ئیبن عەبباس k له‌ پێغەمبەره‌وه‌ دەگێڕێتەوە كه‌ فەرموویەتى: «لە ڕۆژی دوایی کوژراو بکوژەکەی ڕاپێچ دەکات، نێوچاوانی و سەری بەدەستیەوەن، شادەمارەکانی خوێنی لێ دێت، دەڵێت: ئەی پەروەردگارم ئەو منی کوشتووە (لە دونیا)، تا نزیکی دەکاتەوە لە عەڕشی خوا»، گوتی: جا (گێڕەڕەوە) بە ئیبن عەبباسى k گوت: ئەی تۆبەکردن و پەشیمانى؟ ئەویش ئەم ئایەتەی خوێندەوە: ﴿ وَمَنْ يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُتَعَمِّدًا ﴾، واتە: هەر کەسێک بەدەستی ئەنقەست بڕوادارێک بکوژێت، (ئیبن عەبباس k) گوتی: ئەم ئایەتە بڕیارەکەی لانەبردراوە و نەشگۆڕاوە، کەواتە چۆن تەوبە و پەشیمانی بۆ هەبێت.

🖍   تێبینی:

پێشەوا نه‌وه‌وی دەڵێت: بۆچوونی دووەم و دیاری ئیبن عەبباس k لەو بارەوە ئەوەیە: (أن له توبة وجواز المغفرة له)، واتە: بێگومان ئەو كەسە تەوبە و لێخۆشبوونی بۆ هەیە، لەبەر ئەوەی خوا فەرموویەتی: {وَمَن يَعْمَلْ سُوءًا أَوْ يَظْلِمْ نَفْسَهُ ثُمَّ يَسْتَغْفِرِ اللَّهَ يَجِدِ اللَّهَ غَفُورًا رَّحِيمًا} النساء: 110، واته‌: هەر كەسێك خراپەيەك بكات، يان ستەم لە خۆى بكات، پاشان داواى لێبووردن لە خوا بكات، ئەوە دەبينێت كە خوا لێبووردەى ميهرەبانە. جا ئەم بۆچوونەی دووەمی مەزهەبی تێكڕای ئەهلی سوننە و هاوەڵان و تابیعین و غەیری ئه‌وانیشە كە لەدوای ئه‌وانەوە هاتوون.

٦٤٧. عَنْ يَعْلَى بْنِ أُمَيَّةَ h قَالَ: قُلْتُ لِعُمَرَ بْنِ الخَطَّابِ h: إِنَّمَا قَالَ اللَّهُ: ﴿ أَنْ تَقْصُرُوا مِنَ الصَّلَاةِ إِنْ خِفْتُمْ أَنْ يَفْتِنَكُمْ ﴾ النساء: 101، وَقَدْ أَمِنَ النَّاسُ، فَقَالَ عُمَرُ h: عَجِبْتُ مِمَّا عَجِبْتَ مِنْهُ. فَذَكَرْتُ ذَلِكَ لِرَسُولِ اللَّهِ ، فَقَالَ: «صَدَقَةٌ تَصَدَّقَ اللَّهُ بِهَا عَلَيْكُمْ فَاقْبَلُوا صَدَقَتَهُ».

یەعلای کوڕی ئومەییە h دەڵێت: بە عومەری کوڕی خەتتابم h گوت: ئەوە خوا فەرموویەتی: ﴿ أَنْ تَقْصُـرُوا مِنَ الصَّلَاةِ إِنْ خِفْتُمْ أَنْ يَفْتِنَكُمْ ﴾، واتە: گوناهبار نابن کە نوێژەکانتان کورت بکەنەوە، ئەگەر ترستان هەبوو لە دوژمنەکانتان زەفەرتان پێ ببەن. وا خەڵکی ئێستا لە ئارامیدان (ئیدی کورتکردنەوەی نوێژ بۆچییە، خۆ ترسی دوژمنان نەماوە؟)، عومەر h گوتی: منیش لام سەیر بوو ئەوەی لای تۆ سەیرە، بۆیە بۆ پێغەمبەری خوام باس کرد، فەرمووی: «ئەمە بەخشینێکە خوا بەخشیویەتی بە بەندەکانی، ئێوەش بەخشینەکەی قبووڵ بکەن (کار بەو مۆڵەتەى بکەن)».

٦٤٨. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h قَالَ: لَمَّا نَزَلَ: ﴿ مَنْ يَعْمَلْ سُوءًا يُجْزَ بِهِ ﴾ النساء: 123، شَقَّ ذَلِكَ عَلَى المُسْلِمِينَ، فَشَكَوْا ذَلِكَ إِلَى النَّبِيِّ فَقَالَ: «قَارِبُوا وَسَدِّدُوا، وَفِي كُلِّ مَا يُصِيبُ المُؤْمِنَ كَفَّارَةٌ حَتَّى الشَّوْكَةَ يُشَاكُهَا وَالنَّكْبَةَ يُنْكَبُهَا».

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: کاتێک ئەم ئایەتە دابەزی: ﴿ مَنْ يَعْمَلْ سُوءًا يُجْزَ بِهِ ﴾، واتە: ئەوەی خراپەیەک ئەنجام بدات، بەهۆیەوە سزا دەدرێت. لەسەر موسوڵمان زۆر بارگرانی بوو، ئەو حاڵەشیان گەیاند بە پێغەمبەری خوا ، ئەویش فەرمووی: «نزیك ببنەوە و هاوسەنگ بن، بپێکن، هەر بەڵایەک دووچاری بڕوادار دەبێت، بۆی دەبێتە کەفاڕەت، تەنانەت ئەو دڕکەش بەری دەکەوێت یان ئەو ناخۆشییەش کە بەسەریدا دێت».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ المَائِدَةِ

باسێک: لە سووڕەتى مائیدەوە

٦٤٩. عَنْ طَارِقِ بْنِ شِهَابٍ قَالَ: قَالَ رَجُلٌ مِنَ اليَهُودِ لِعُمَرَ بْنِ الخَطَّابِ h: يَا أَمِيرَ المُؤْمِنِينَ، لَوْ عَلَيْنَا أُنْزِلَتْ هَذِهِ الآيَةَ: ﴿ اليَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلَامَ دِينًا ﴾ المائدة: 3، لَاتَّخَذْنَا ذَلِكَ اليَوْمَ عِيدًا، فَقَالَ لَهُ عُمَرُ بْنُ الخَطَّابِ h: أَنِّي لَأَعْلَمُ أَيَّ يَوْمٍ أُنْزِلَتْ هَذِهِ الْآيَةُ، أُنْزِلَتْ يَوْمَ عَرَفَةَ فِي يَوْمِ جُمُعَةٍ.

تاریقی کوڕی شەهاب دەڵێت: پیاوێکی جوولەکە بە عومەری کوڕی خەتتابی h گوت: ئەی گەورەی بڕواداران، ئەگەر ئەم ئایەتە بۆ ئێمە دابەزیبایە: ﴿ اليَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلَامَ دِينًا ﴾، ئەو ڕۆژەمان دەکردە جەژن، پێشەوا عومەری کوڕی خەتتاب h گوتی: من چاک دەزانم ئەم ئایەتە لە چ ڕۆژێک دابەزی، لە ڕۆژی وەستان لە کێوی عەڕەفە لە ڕۆژی هەینی دابەزی.

٦٥٠. عَنِ البَرَاءِ h قَالَ: مَاتَ رِجَالٌ مِنْ أَصْحَابِ النَّبِيِّ قَبْلَ أَنْ تُحَرَّمَ الخَمْرُ، فَلَمَّا حُرِّمَتِ الخَمْرُ، قَالَ رِجَالٌ: كَيْفَ بِأَصْحَابِنَا وَقَدْ مَاتُوا يَشْرَبُونَ الخَمْرَ، فَنَزَلَتْ: ﴿ لَيْسَ عَلَى الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ جُنَاحٌ فِيمَا طَعِمُوا إِذَا مَا اتَّقَوْا وَآمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ ﴾ المائدة: 93.

بەڕاء h دەڵێت: پیاوانێک لە هاوەڵانی پێغەمبەر مردن پێش ئەوەی مەی قەدەغە بکرێت، کاتێک مەی قەدەغە کرا، خەڵکانێک گوتیان: دەبێت حاڵی هاوەڵانمان چۆن بێت (لەدوای مردن) کاتێک کە مردن مەییان دەخواردەوە؟ ئەم ئایەتە دابەزی: ﴿ لَيْسَ عَلَى الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ جُنَاحٌ فِيمَا طَعِمُوا إِذَا مَا اتَّقَوْا وَآمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ ﴾، واتە: هیچ گوناهێک لەسەر ئەوانە نییە کە بڕوایان هێناوە و کردەوە چاکەکان ئەنجام دەدەن لەوەی کە خواردوویانە (پێش قەدەغەکردنیان)، کاتێک خۆیان پاراستبێت لە قەدەغەکراوەکان (ی ئەو سەردەمە)و بڕوایان هێنابێت و کردەوە چاکەکانیان ئەنجام دابێت.

٦٥١. عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ h يَقُولُ: قَالَ رَجُلٌ: يَا رَسُولَ اللَّهِ مَنْ أَبِي؟ قَالَ: «أَبُوكَ فُلَانٌ»، فَنَزَلَتْ: ﴿ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَسْأَلُوا عَنْ أَشْيَاءَ إِنْ تُبْدَ لَكُمْ تَسُؤْكُمْ ﴾ المائدة: 101.

ئەنەسى کوڕى مالیک h دەڵێت: پیاوێک گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا کێ باوکمە؟ فەرمووی: «فڵان کەس باوکتە»، ئینجا ئەو ئایەتە دابەزی: ﴿ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَسْأَلُوا عَنْ أَشْيَاءَ إِنْ تُبْدَ لَكُمْ تَسُؤْكُمْ ﴾. واتە: ئەی ئەوانەی بڕواتان هێناوە، پرسیار لە شتانێک مەکەن کە ئەگەر بۆتان ئاشکرا بکرێت سەغڵەتتان بکات.

٦٥٢. عَنْ أَبِي بَكْرٍ الصِّدِّيقِ h قَالَ: يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّكُمْ تَقْرَءُونَ هَذِهِ الآيَةَ: ﴿ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا عَلَيْكُمْ أَنْفُسَكُمْ لَا يَضُرُّكُمْ مَنْ ضَلَّ إِذَا اهْتَدَيْتُمْ ﴾ المائدة: 105، وَإِنِّي سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ يَقُولُ: «إِنَّ النَّاسَ إِذَا رَأَوْا ظَالِمًا، فَلَمْ يَأْخُذُوا عَلَى يَدَيْهِ أَوْشَكَ أَنْ يَعُمَّهُمُ اللَّهُ بِعِقَابٍ مِنْهُ».

ئەبو بەکرى صددیق h گوتی: ئەی خەڵکینە ئێوە ئەم ئایەتە دەخوێننەوە: ﴿ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا عَلَيْكُمْ أَنْفُسَكُمْ لَا يَضُرُّكُمْ مَنْ ضَلَّ إِذَا اهْتَدَيْتُمْ ﴾، واتە: ئەی ئەوانەی بڕواتان هێناوە بەردەوام سەرگەرمی پەروەردەی خۆتان بن، چونکە ئەوانەی گومڕان ناتوانن زیانتان پێ بگەیەنن ئەگەر بەچاکی ڕێبازی خواناسیتان گرتبێتە بەر. بەڕاستی من گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو دەیفەرموو: «ئەگەر خەڵکی ستەمکارێکیان بینی ستەم دەکات، دەستیان نەگرت و قەدەغەیان نەکردن لە ستەم، نزیکە خوای گەورە لەلاى خۆیەوە سزایەکی گشتگیریان بۆ بنێرێت».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ الأَنْعَامِ

باسێک: لە سووڕەتى ئەنعامەوە

٦٥٣. عَنْ جَابِرَ بْنَ عَبْدِ اللَّهِ k يَقُولُ: لَمَّا نَزَلَتْ هَذِهِ الآيَةَ: ﴿ قُلْ هُوَ القَادِرُ عَلَى أَنْ يَبْعَثَ عَلَيْكُمْ عَذَابًا مِنْ فَوْقِكُمْ أَوْ مِنْ تَحْتِ أَرْجُلِكُمْ ﴾ الأنعام: 65، قَالَ النَّبِيُّ : «أَعُوذُ بِوَجْهِكَ»، فَلَمَّا نَزَلَتْ: ﴿ أَوْ يَلْبِسَكُمْ شِيَعًا وَيُذِيقَ بَعْضَكُمْ بَأْسَ بَعْضٍ ﴾ الأنعام: 65، قَالَ النَّبِيُّ : «هَاتَانِ أَهْوَنُ»، أَوْ: «هَاتَانِ أَيْسَرُ».

جابيری کوڕی عەبدوڵڵا k دەڵێت: کاتێك ئەم ئایەتە دابەزی: ﴿ قُلْ هُوَ القَادِرُ عَلَى أَنْ يَبْعَثَ عَلَيْكُمْ عَذَابًا مِنْ فَوْقِكُمْ أَوْ مِنْ تَحْتِ أَرْجُلِكُمْ ﴾، واتە: پێیان بڵێ: هەر ئەو زاتە دەتوانێت سزای سەختتان لە سەرووتانەوە بۆ بنێرێت، یان لەژێر پێیەکانتانەوە. پێغەمبەر فەرمووی: «پەنا دەبەمە بەر ڕووی تۆ ئەی خوایە»، کاتێکیش ئەم ئایەتە دابەزی: ﴿ أَوْ يَلْبِسَكُمْ شِيَعًا وَيُذِيقَ بَعْضَكُمْ بَأْسَ بَعْضٍ ﴾، واتە: یاخود بتانکاتە دەستە دەستە و پارچە پارچە و تاڵاوی توندوتیژی هەندێکتان بکات بە گەرووی هەندێکی دیکەتاندا. پێغەمبەری خوا فەرمووی: «ئەم دووانە ئێشەکەیان کەمترە یان ساناترە».

٦٥٤. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h عَنِ النَّبِيِّ قَالَ: «ثَلَاثٌ إِذَا خَرَجْنَ: ﴿ لَا يَنْفَعُ نَفْسًا إِيمَانُهَا لَمْ تَكُنْ آمَنَتْ مِنْ قَبْلُ ﴾ الأنعام: 158، الْآيَةُ: الدَّجَّالُ، وَالدَّابَّةُ، وَطُلُوعُ الشَّمْسِ مِنَ المَغْرِبِ» أَوْ «مِنْ مَغْرِبِهَا».

ئەبو هوڕەیڕە h له‌ پێغەمبەره‌وه‌ دەگێڕێتەوە كه‌ فەرموویەتى: «سێ نیشانە ئەگەر دەرکەوتن، ئەوساکە: ﴿ لَا يَنْفَعُ نَفْسًا إِيمَانُهَا لَمْ تَكُنْ آمَنَتْ مِنْ قَبْلُ ﴾، واتە: ئەو کەسەی ئەو ڕۆژە ئیمان دەهێنێت، ئیمانەکەی سوودی پێ ناگەیەنێت ئەگەر پێش ئەو ڕۆژە ئیمانی نەهێنابێت. ئەوانیش بریتین لە: دەججالی فێڵباز، دەرچوونى چوارپەلەکە، دەرکەوتنی خۆر لە خۆرئاوا یان لە خۆرئاواکەی».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ الأَنْفَالِ

باسێک: لە سووڕەتى ئەنفالەوە

٦٥٥. عَنْ عُقْبَةَ بْنِ عَامِرٍ h: أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ قَرَأَ هَذِهِ الآيَةَ عَلَى المِنْبَرِ: ﴿ وَأَعِدُّوا لَهُمْ مَا اسْتَطَعْتُمْ مِنْ قُوَّةٍ ﴾ الأنفال: 60، قَالَ: «أَلَا إِنَّ القُوَّةَ الرَّمْيُ -ثَلَاثَ مَرَّاتٍ- أَلَا إِنَّ اللَّهَ سَيَفْتَحُ لَكُمُ الأَرْضَ، وَسَتُكْفَوْنَ المُؤْنَةَ، فَلَا يَعْجِزَنَّ أَحَدُكُمْ أَنْ يَلْهُوَ بِأَسْهُمِهِ».

عوقەبەی کوڕی عامیر h دەگێڕێتەوە: پێغەمبەری خوا ئەم ئایەتەی خوێندەوە لەسەر مینبەر: ﴿ وَأَعِدُّوا لَهُمْ مَا اسْتَطَعْتُمْ مِنْ قُوَّةٍ ﴾، واتە: هەرچی تواناتانە بیخەنە گەڕ بۆ بەهێزکردنی سوپای ئیسلام و ئامادەی بکەن. فەرمووی: «ئاگادار بن بزانن کە هێز بریتییە لە تیرهاوێژی» -سێ جاران دووبارەی کردەوە-، «ئاگادار بن، بێگومان خوا زەویتان بۆ دەکاتەوە و دەستی بەسەردا دەگرن، ئەو کات پێویستیتان بە خەرجیی جەنگ نابێت، با کەستان ئەوەندە بێتوانا نەبێت لە یاریکردن بە تیروکەوانەکەی (بۆ ڕاهێنان بە نیازی جیهادکردن)».

٦٥٦. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h عَنِ النَّبِيِّ قَالَ:«لَمْ تَحِلَّ الغَنَائِمُ لِأَحَدِ سُودِ الرُّءُوسِ مِنْ قَبْلِكُمْ، كَانَتْ تَنْزِلُ نَارٌ مِنَ السَّمَاءِ فَتَأْكُلُهَا».

ئەبو هوڕەیڕە h له‌ پێغەمبەره‌وه‌ دەگێڕێتەوە كه‌ فەرموویەتى: «دەستکەوتی جەنگ حەڵاڵ نەبووە بۆ هیچ کەسێکی سەڕڕەش لە ئادەمیزاد لەپێش ئێوەدا، کاتی خۆی کۆ دەکرایەوە، جا ئاگرێك لە ئاسمان دەهات و هەمووی لەناو دەبرد».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ التَّوْبَةِ

باسێک: لە سووڕەتى تەوبەوە

٦٥٧. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k قَالَ: بَعَثَ النَّبِيُّ أَبَا بَكْرٍ h وَأَمَرَهُ أَنْ يُنَادِيَ بِهَؤُلَاءِ الكَلِمَاتِ، ثُمَّ أَتْبَعَهُ عَلِيًّا h، فَبَيْنَا أَبُو بَكْرٍ h فِي بَعْضِ الطَّرِيقِ إِذْ سَمِعَ رُغَاءَ نَاقَةِ رَسُولِ اللَّهِ القَصْوَاءِ، فَخَرَجَ أَبُو بَكْرٍ h فَزِعًا فَظَنَّ أَنَّهُ رَسُولُ اللَّهِ فَإِذَا هُوَ عَلِيٌّ h، فَدَفَعَ إِلَيْهِ كِتَابَ رَسُولِ اللَّهِ وَأَمَرَ عَلِيًّا h أَنْ يُنَادِيَ بِهَؤُلَاءِ الكَلِمَاتِ فَانْطَلَقَا فَحَجَّا، فَقَامَ عَلِيٌّ h أَيَّامَ التَّشْرِيقِ، فَنَادَى: «ذِمَّةُ اللَّهِ وَرَسُولِهِ بَرِيئَةٌ مِنْ كُلِّ مُشْرِكٍ، فَسِيحُوا فِي الأَرْضِ أَرْبَعَةَ أَشْهُرٍ، وَلَا يَحُجَّنَّ بَعْدَ العَامِ مُشْرِكٌ، وَلَا يَطُوفَنَّ بِالبَيْتِ عُرْيَانٌ، وَلَا يَدْخُلُ الجَنَّةَ إِلَّا مُؤْمِنٌ»، وَكَانَ عَلِيٌّ h يُنَادِي، فَإِذَا عَيِيَ قَامَ أَبُو بَكْرٍ h فَنَادَى بِهَا.

ئیبن عەبباس k دەڵێت: پێغەمبەری خوا ئەبو بەکری h ڕەوانە کرد و فەرمانی پێ دا بانگهێشت بکات بەم چەند وشەیە، ئینجا عەلی h بەدوایدا ڕەوانە کرد، لە کاتێکدا ئەبو بەکر h لە ڕێگا بوو لەناکاو گوێبیستی دەنگی وشترەکەی پێغەمبەری خوا بوو بە ناوی قەصواء، ئەبو بەکر h بە ترسەوە دەرچوو وا گومانی برد کە پێغەمبەری خوا بێت، کە چاوی پێ کەوت ئەوە عەلییە h، نووسراوەکەی پێغەمبەری خوای دایە دەست، فەرمانی دا بە عەلی h کە بانگەشە بکات بەم چەند وشەیە، هەردووکیان دەرچوون کاری حەجیان ئەنجام دا، عەلی h لە ڕۆژانی تەشریق هەستایه‌وە لەنێو خەڵکی ڕایگەیاند: «خوا و پێغەمبەرەکەی ئەستۆپاکن بەرانبەر بە هەموو کەسێکی هاوبەشدانەر لە زەویدا کە هاتوچۆ بکەن بۆ ماوەی چوار مانگ، هیچ کەسێکی هاوبەشدانەر بۆی نییە حەج بکات لەدوای ئەم ساڵەدا، هیچ کەسێکی ڕووت بۆی نییە بە دەوری کەعبەی پیرۆز تەواف بکات، بزانن هیچ کەسێک ناچێتە بەهەشت تەنیا بڕوادار نەبێت»، عەلی h بانگەشەی دەکرد، ئەگەر ماندوو بووایە ئەبو بەکر h هەڵدەستا بە کاری بانگەشەکردنەکە.

٦٥٨. عَنْ ثَوْبَانَ h قَالَ: لَمَّا نَزَلَتْ ﴿ وَالَّذِينَ يَكْنِزُونَ الذَّهَبَ وَالفِضَّةَ ﴾ التوبة: 34، قَالَ: كُنَّا مَعَ النَّبِيِّ فِي بَعْضِ أَسْفَارِهِ، فَقَالَ بَعْضُ أَصْحَابِهِ: أُنْزِلَتْ فِي الذَّهَبِ وَالفِضَّةِ، لَوْ عَلِمْنَا أَيُّ المَالِ خَيْرٌ فَنَتَّخِذَهُ؟ فَقَالَ: «أَفْضَلُهُ لِسَانٌ ذَاكِرٌ، وَقَلْبٌ شَاكِرٌ، وَزَوْجَةٌ مُؤْمِنَةٌ تُعِينُهُ عَلَى إِيمَانِهِ».

سەوبان h دەڵێت: کاتێک ئەم ئایەتە دابەزی: ﴿ وَالَّذِينَ يَكْنِزُونَ الذَّهَبَ وَالفِضَّةَ ﴾، واتە: ئەوانەی زێڕ و زیو کۆ دەکەنەوە و نایبەخشن لە ڕێی خوادا. گوتی: لەگەڵ پێغەمبەری خوا بووین لە یەکێک لە گەشتەکانی، هەندێک لە هاوەڵان گوتیان: دەربارەی زێڕ و زیو ئەو ئایەتە دابەزی، ئەگەر دەمانزانی چ جۆرە ماڵێک چاکە و باشە ئەوە بەدەستمان دەهێنا؟ پێغەمبەری خوا فەرمووی: «چاکترین و باشترین شت زمانێکی یادکەرەوەیە، دڵێکی سوپاسگوزارە، هاوسەرێکی بڕوادارە یارمەتیدەری بێت لەسەر کاری ئیمانەكەی».

٦٥٩. عَنْ أَنَسٍ h: أَنَّ أَبَا بَكْرٍ h حَدَّثَهُ، قَالَ: قُلْتُ لِلنَّبِيِّ وَنَحْنُ فِي الغَارِ: لَوْ أَنَّ أَحَدَهُمْ يَنْظُرُ إِلَى قَدَمَيْهِ لَأَبْصَرَنَا تَحْتَ قَدَمَيْهِ، فَقَالَ: «يَا أَبَا بَكْرٍ، مَا ظَنُّكَ بِاثْنَيْنِ اللَّهُ ثَالِثُهُمَا».

ئەنەس h دەگێڕێتەوە: ئەبو بەکرى صددیق h گوتوویەتی: کاتێک ئێمە لە ئەشکەوت بووین بە پێغەمبەرم گوت: خۆ ئەگەر بێت و یەکێکیان سەیری ژێر پێیەكانی بکات، دەمانبینن، فەرمووی: «ئەی ئەبو بەکر گومانت چۆنە دەربارەی دووکەس کە خوای گەورە سێیەمیان بێت».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ يُونُسَ

باسێک: لە سووڕەتى یونوسەوە

٦٦٠. عَنْ صُهَيْبٍ h عَنِ النَّبِيِّ فِي قَوْلِ اللَّهِ b: ﴿ لِلَّذِينَ أَحْسَنُوا الحُسْنَى وَزِيَادَةٌ ﴾ يونس: 26، قَالَ: «إِذَا دَخَلَ أَهْلُ الجَنَّةِ الجَنَّةَ نَادَى مُنَادٍ: إِنَّ لَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ مَوْعِدًا يُرِيدُ أَنْ يُنْجِزَكُمُوهُ، قَالُوا: أَلَمْ يُبَيِّضْ وُجُوهَنَا وَيُنْجِنَا مِنَ النَّارِ وَيُدْخِلْنَا الجَنَّةَ؟»، قَالَ: «فَيُكْشَفُ الحِجَابُ»، قَالَ: «فَوَاللَّهِ مَا أَعْطَاهُمُ اللَّهُ شَيْئًا أَحَبَّ إِلَيْهِمْ مِنَ النَّظَرِ إِلَيْهِ».

صوهەیب h دەگێڕێتەوە: پێغەمبەر دەربارەی فه‌رمایشتی خوا b: ﴿ لِلَّذِينَ أَحْسَنُوا الحُسْنَى وَزِيَادَةٌ ﴾، واتە: بۆ ئەوانەی چاکەیان کردووە، پاداشتی چاکتر و زیاتریش هەیە بە چەندەها قات. فەرمووی: «کاتێک خەڵکی بەهەشت دەچنە نێو بەهەشت بانگبێژێک بانگ دەکات: بزانن لەلای خوا چاوپێکەوتنێکتان هەیە دەیەوێت پاداشتتان بداتەوە، خەڵکی بەهەشت دەڵێن: ئایا ئەی ئەوە نییە ڕوخسارمانی سپی کردۆتەوە رزگاری کردووین لە ئاگری دۆزەخ، ئێمەی بردۆتە بەهەشت»، فەرمووی: «پەردەکە لادەچێت (خوای گەورە دەبینن)»، فەرمووی: «سوێند بەخوا، خوا هیچ شتێکی پێ نەداون کە لەلایان خۆشەویستتر بێت لە سەیرکردنی ئەو».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ هُودٍ

باسێک: لە سووڕەتى هودەوە

٦٦١. عَنْ عُمَرَ بْنِ الخَطَّابِ h قَالَ: لَمَّا نَزَلَتْ هَذِهِ الآيَةَ: ﴿ فَمِنْهُمْ شَقِيٌّ وَسَعِيدٌ ﴾ هود: 105، سَأَلْتُ رَسُولَ اللَّهِ فَقُلْتُ: يَا نَبِيَّ اللَّهِ، فَعَلَى مَا نَعْمَلُ؟ عَلَى شَيْءٍ قَدْ فُرِغَ مِنْهُ، أَوْ عَلَى شَيْءٍ لَمْ يُفْرَغْ مِنْهُ؟ قَالَ: «بَلْ عَلَى شَيْءٍ قَدْ فُرِغَ مِنْهُ وَجَرَتْ بِهِ الأَقْلَامُ يَا عُمَرُ، وَلَكِنْ كُلٌّ مُيَسَّرٌ لِمَا خُلِقَ لَهُ».

عومەرى کوڕی خەتتاب h دەڵێت: کاتێک ئەم ئایەتە دابەزی: ﴿ فَمِنْهُمْ شَقِيٌّ وَسَعِيدٌ ﴾، واتە: کۆمەڵێک بەدبەخت و چارەڕەش، کۆمەڵێکیش بەختەوەر و کامەران. پرسیارم لە پێغەمبەری خوا کرد و گوتم: ئەی پێغەمبەری خوا لەپێناو چی کار بکەین؟ کار بۆ شتێک بکەین کە دەستی لێ هەڵگیراوە (کۆتایی پێ هاتووە)، یان بۆ شتێک کە تا ئێستا دەستی لێ هەڵنەگیراوە؟ فەرمووی: «بەڵکوو کار بکە بۆ شتێک کە ئاکامەکەی لە زانینی خوا کۆتایی پێ هاتووە و قەڵەمی قەدەر بەسەریدا هاتووە ئەى عومەر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو شتێک بەرەو ئەوە ئاسانكاریی بۆ دەكرێت کە بۆی دروست کراوە».

٦٦٢. عَنِ ابْنِ مَسْعُودٍ h: أَنَّ رَجُلًا أَصَابَ مِنْ امْرَأَةٍ قُبْلَةَ حَرَامٍ فَأَتَى النَّبِيَّ فَسَأَلَهُ عَنْ كَفَّارَتِهَا، فَنَزَلَتْ: ﴿ وَأَقِمِ الصَّلَاةَ طَرَفَيِ النَّهَارِ وَزُلَفًا مِنَ اللَّيْلِ إِنَّ الحَسَنَاتِ يُذْهِبْنَ السَّيِّئَاتِ ﴾ هود: 114، فَقَالَ الرَّجُلُ: أَلِي هَذِهِ يَا رَسُولَ اللَّهِ؟ فَقَالَ: «لَكَ وَلِمَنْ عَمِلَ بِهَا مِنْ أُمَّتِي».

ئیبن مەسعوود h دەگێڕێتەوە: پیاوێک دووچاری ماچێکی حەرام بوو، هاتە خزمه‌ت پێغەمبەری خوا و پرسیاری کرد دەربارەی کەفاڕەتی ئەو کارەی، ئەم ئایەتە دابەزی: ﴿ وَأَقِمِ الصَّلَاةَ طَرَفَيِ النَّهَارِ وَزُلَفًا مِنَ اللَّيْلِ إِنَّ الحَسَنَاتِ يُذْهِبْنَ السَّيِّئَاتِ ﴾، واتە: نوێژیش ئەنجام بدە لە هەردوو سەری ڕۆژەوە و لە سێ کاتەکەی شەویشدا (پێنج فەڕزەکە)، بێگومان کردەوە چاکەکان کردەوە خراپەکان لادەبەن. پیاوەکە گوتی: ئەمە بۆ منە ئەی پێغەمبەری خوا؟، فەرمووی: «بۆ تۆیەو بۆ هەر کەسێکە لە ئوممەتم کە کاری پێ بکات».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ الرَّعْدِ

باسێک: لە سووڕەتى ڕەعدەوە

٦٦٣. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k قَالَ: أَقْبَلَتْ يَهُودُ إِلَى النَّبِيِّ ، فَقَالُوا: يَا أَبَا القَاسِمِ، أَخْبِرْنَا عَنِ الرَّعْدِ مَا هُوَ؟ قَالَ: «مَلَكٌ مِنَ المَلَائِكَةِ مُوَكَّلٌ بِالسَّحَابِ مَعَهُ مَخَارِيقُ مِنْ نَارٍ يَسُوقُ بِهَا السَّحَابَ حَيْثُ شَاءَ اللَّهُ»، فَقَالُوا: فَمَا هَذَا الصَّوْتُ الَّذِي نَسْمَعُ؟ قَالَ: «زَجْرَةٌ بِالسَّحَابِ إِذَا زَجَرَهُ حَتَّى يَنْتَهِيَ إِلَى حَيْثُ أُمِرَ»، قَالُوا: صَدَقْتَ، فَقَالُوا: فَأَخْبِرْنَا عَمَّا حَرَّمَ إِسْرَائِيلُ s عَلَى نَفْسِهِ؟ قَالَ: «اشْتَكَى عِرْقَ النَّسَا فَلَمْ يَجِدْ شَيْئًا يُلَائِمُهُ إِلَّا لُحُومَ الإِبِلِ وَأَلْبَانَهَا فَلِذَلِكَ حَرَّمَهَا». قَالُوا: صَدَقْتَ.

ئیبن عەبباس k دەڵێت: جوولەکەکان هاتنە خزمه‌ت پێغەمبەر ، گوتیان: ئەی ئەبولقاسیم، پێمان ڕابگەیەنە گرمەی هەور چییە؟ فەرمووی: «فریشتەیەکە لە فریشتەکانی خوا، سەرپەرشتیارە بەسەر هەورەکانەوە، ئامێرێکی ئاگری لەلایە، هەورەکان دەباتە ئەو شوێنەی کە خوا بیەوێت»، جوولەکەکان گوتیان: ئەی ئەو دەنگە چییە کە گوێمان لێی دەبێت؟ فەرمووی: «دەنگێکە هەورەکانی پێ ڕاپێچ دەکرێت، تا دەگاتە ئەو شوێنەی کە فەرمانی پێ کردووە»، گوتیان: ڕاست دەکەیت، گوتیان: هەواڵمان پێ بدە یەعقووب s چی لەسەر خۆی قەدەغە کردبوو؟، فەرمووی: «دووچاری نەخۆشی دەماری قاچ بوو، هیچی وای دەست نەکەوت کە گونجاو بێت بۆی، تەنیا گۆشتی وشتر و شیرەکەی نەبێت، هەر بۆیە قەدەغەی کرد»، گوتیان: ڕاست دەکەیت.

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ إِبْرَاهِيمَ

باسێک: لە سووڕەتى ئیبڕاهیمەوە

٦٦٤. عَنِ البَرَاءِ h عَنِ النَّبِيِّ فِي قَوْلِ اللَّهِ تَعَالَى: ﴿ يُثَبِّتُ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا بِالقَوْلِ الثَّابِتِ فِي الحَيَاةِ الدُّنْيَا وَفِي الآخِرَةِ ﴾ إبراهيم: 27، قَالَ: «فِي القَبْرِ إِذَا قِيلَ لَهُ: مَنْ رَبُّكَ، وَمَا دِينُكَ، وَمَنْ نَبِيُّكَ».

بەڕاء h دەگێڕێتەوە: پێغەمبەر دەربارەی فه‌رمایشتی خوا b: ﴿ يُثَبِّتُ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا بِالقَوْلِ الثَّابِتِ فِي الحَيَاةِ الدُّنْيَا وَفِي الآخِرَةِ ﴾، واتە: خـوا لـه‌‌ ژیـانی دنیـا و لـه‌‌ دواڕۆژیشـدا، بـه‌ وشـه‌ی ڕاسـت و چه‌سـپاو ئـه‌‌وانـه‌‌ی بڕوایـان هێناوه‌ دامه‌زراو ده‌کات. فەرمووى: «ئەمە لەنێو گۆڕە کاتێک پێی دەگوترێت: پەروەردگارت کێیە؟ ئایینت چییە؟ پێغەمبەرەکەت کێیە؟».

٦٦٥. عَنْ مَسْرُوقٍ قَالَ: تَلَتْ عَائِشَةُ i هَذِهِ الآيَةَ: ﴿ يَوْمَ تُبَدَّلُ الأَرْضُ غَيْرَ الأَرْضِ ﴾ إبراهيم: 48، قَالَتْ: يَا رَسُولَ اللَّهِ، فَأَيْنَ يَكُونُ النَّاسُ؟ قَالَ: «عَلَى الصِّرَاطِ».

مەسڕووق دەڵێت: عائیشە i ئەم ئایەتەی خوێندەوە: ﴿ يَوْمَ تُبَدَّلُ الأَرْضُ غَيْرَ الأَرْضِ ﴾، واتە: ڕۆژێکه‌‌ زه‌وی و ئا‌سما‌نه‌‌کان به‌ حاڵه‌‌تی جگه‌ له‌‌ ئێستایان ده‌گۆڕێن، گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا ئەو کاتە خەڵک لەکوێن؟ فەرمووی: «لەسەر پردەکەن».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ الحِجْرِ

باسێک: لە سووڕەتى حیجرەوە

٦٦٦. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k قَالَ: كَانَتْ امْرَأَةٌ تُصَلِّي خَلْفَ رَسُولِ اللَّهِ حَسْنَاءَ مِنْ أَحْسَنِ النَّاسِ، فَكَانَ بَعْضُ القَوْمِ يَتَقَدَّمُ حَتَّى يَكُونَ فِي الصَّفِّ الأَوَّلِ لِئَلَّا يَرَاهَا، وَيَسْتَأْخِرُ بَعْضُهُمْ حَتَّى يَكُونَ فِي الصَّفِّ المُؤَخَّرِ، فَإِذَا رَكَعَ نَظَرَ مِنْ تَحْتِ إِبْطَيْهِ، فَأَنْزَلَ اللَّهُ تَعَالَى: ﴿ وَلَقَدْ عَلِمْنَا المُسْتَقْدِمِينَ مِنْكُمْ وَلَقَدْ عَلِمْنَا المُسْتَأْخِرِينَ ﴾ الحجر: 24.

ئیبن عەبباس k دەڵێت: کاتی خۆی ئافرەتێک نوێژی لەدوای پێغەمبەری خوا دەکرد، ئافرەتێکی وا جوان لە جوانترینی خەڵک بووە، بۆیە هەندێک کەس پەلەیان دەکرد تا لە ڕیزی یەکەم بن و ئەم ئافرەتە نەبینن (تووشی گوناهـ نەبن)، هەندێکیش خۆیان دوا دەخست تا لە دواوەی ڕیزەکان بن، کاتێک دەچوونە ڕکووع لەژێر باڵیانه‌وه‌ سەیریان دەکرد، خوا ئەم ئایەتەی دابەزاند: ﴿ وَلَقَدْ عَلِمْنَا المُسْتَقْدِمِينَ مِنْكُمْ وَلَقَدْ عَلِمْنَا المُسْتَأْخِرِينَ ﴾، واتە: بێگومانیش پێشووه‌کانتانمان زانیوه‌، به‌ مسۆگه‌ریش دواخراوه‌کانیشتانمان زانیوه‌.

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ بَنِي إِسْرَائِيلَ

باسێک: لە سوڕەتى نەوەى ئیسڕائیلەوە (سووڕەتی ئیسڕاء)

٦٦٧. عَنْ جَابِرِ بْنِ عَبْدِ اللَّهِ k: أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ قَالَ: «لَمَّا كَذَّبَتْنِي قُرَيْشٌ قُمْتُ فِي الحِجْرِ فَجَلَّى اللَّهُ لِي بَيْتَ المَقْدِسِ، فَطَفِقْتُ أُخْبِرُهُمْ عَنْ آيَاتِهِ وَأَنَا أَنْظُرُ إِلَيْهِ».

جابيری کوڕی عەبدوڵڵا k دەگێڕێتەوە: پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: «کاتێک قوڕەیشییەکان منیان بەدرۆخستەوە (دەربارەی شەوڕۆیی پێغەمبەر ) لە شوێنی حیجر وەستام، خوا بەیتولمەقدیسی هێنایە پێش چاوم، دەستم کرد بە باسکردنی سیفەت و نیشانەکانی و لە كاتێكدا سەیرم دەکرد (وەك شاشە لەپێش چاوی بووە )».

٦٦٨. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k: فِي قَوْلِهِ تَعَالَى: ﴿ وَمَا جَعَلْنَا الرُّؤيَا الَّتِي أَرَيْنَاكَ إِلَّا فِتْنَةً لِلنَّاسِ ﴾ الإسراء: 60، قَالَ: هِيَ رِؤيا عَيْنٍ أُرِيَهَا النَّبِيُّ لَيْلَةَ أُسْرِيَ بِهِ إِلَى بَيْتِ المَقْدِسِ، قَالَ: ﴿ وَالشَّجَرَةَ المَلْعُونَةَ فِي القُرْآنِ ﴾ الإسراء: 60، هِيَ شَجَرَةُ الزَّقُّومِ.

ئیبن عەبباس k دەگێڕێتەوە: کە دەربارەی ئایەتی: ﴿ وَمَا جَعَلْنَا الرُّؤيَا الَّتِي أَرَيْنَاكَ إِلَّا فِتْنَةً لِلنَّاسِ ﴾، واتە: ئەو دیتنەى (لە شەوڕۆييدا) پێشانیشمان دایت، تەنیا بۆ تاقیكردنەوەى خەڵكى بوو. گوتوویەتی: ئەو بینینی چاوانەیە کە نیشانی پێغەمبەر دراوە لەو شەوەی شەوڕۆیی پێ کرا بۆ بەیتولمەقدیس، دەربارەی ئەم ئایەتەش: ﴿ وَالشَّجَرَةَ المَلْعُونَةَ فِي القُرْآنِ ﴾، واتە: درەختى نەفرینلێكراویش لە قوڕئاندا. گوتی: ئەمەش داری زەققوومە.

٦٦٩. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ فِي قَوْلِهِ: ﴿ عَسَى أَنْ يَبْعَثَكَ رَبُّكَ مَقَامًا مَحْمُودًا ﴾ الإسراء: 79، وَسُئِلَ عَنْهَا قَالَ: «هِيَ الشَّفَاعَةُ».

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: پێغەمبەری خوا دەربارەی ئایەتی: ﴿ عَسَى أَنْ يَبْعَثَكَ رَبُّكَ مَقَامًا مَحْمُودًا ﴾، واتە: نزیكە پەروەردگارت دواى زیندووكردنەوەت، پێگەى ستاییشكراوت پێ بدات. پرسیاری لێ کرا و فەرمووی: «ئەمە شەفاعەتە».

٦٧٠. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k: فِي قَوْلِهِ: ﴿ وَلَا تَجْهَرْ بِصَلَاتِكَ وَلَا تُخَافِتْ بِهَا وَابْتَغِ بَيْنَ ذَلِكَ سَبِيلًا ﴾ الإسراء: 110، قَالَ: نَزَلَتْ وَرَسُولُ اللَّهِ مُخْتَفٍ بِمَكَّةَ، فَكَانَ إِذَا صَلَّى بِأَصْحَابِهِ رَفَعَ صَوْتَهُ بِالقُرْآنِ، فَكَانَ المُشْرِكُونَ إِذَا سَمِعُوهُ شَتَمُوا القُرْآنَ وَمَنْ أَنْزَلَهُ وَمَنْ جَاءَ بِهِ، فَقَالَ اللَّهُ لِنَبِيِّهِ: ﴿ وَلَا تَجْهَرْ بِصَلَاتِكَ ﴾ الإسراء: 110، أَيْ بِقِرَاءَتِكَ، فَيَسْمَعَ المُشْرِكُونَ فَيُسَبَّ القُرْآنُ، ﴿ وَلَا تُخَافِتْ بِهَا ﴾ الإسراء: 110، عَنْ أَصْحَابِكَ: ﴿ وَابْتَغِ بَيْنَ ذَلِكَ سَبِيلًا ﴾ الإسراء: 110.

ئیبن عەبباس k دەگێڕێتەوە: کە دەربارەی ئایەتی: ﴿ وَلَا تَجْهَرْ بِصَلَاتِكَ وَلَا تُخَافِتْ بِهَا وَابْتَغِ بَيْنَ ذَلِكَ سَبِيلًا ﴾، واتە: هەروەها (دەنگ بە) نوێژ و پاڕانەوەت بەرز مەكەوە و پەنهانیشی مەكە، حاڵەتێكى میانڕه‌وانە لەو نێوانەدا ڕەچاو بكە. گوتوویەتی: ئەمە کاتێک دابەزی کە پێغەمبەری خوا لە مەککە لە بانگەوازی نهێنیدا بوو، ئەگەر نوێژی بۆ هاوەڵانی کردبا، دەنگی بەرز دەکردەوە بۆ خوێندنی قوڕئان، هاوبەشدانەرانیش ئەگەر بیانبیستبا جوێنیان بە قوڕئان دەدا، بەوەشی دایبەزاندووە، بەوەشی هێناویەتی، بۆیە خوا بە پێغەمبەری فەرموو: ﴿ وَلَا تَجْهَرْ بِصَلَاتِكَ ﴾، واتە: بە خوێندنەوەت، هاوبەشدانەران گوێبیستی بن و جوێن بە قوڕئان بدەن: ﴿ وَلَا تُخَافِتْ بِهَا ﴾، واتە: بۆ هاوەڵانت، ﴿ وَابْتَغِ بَيْنَ ذَلِكَ سَبِيلًا ﴾.

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ مَرْيَمَ

باسێک: لە سووڕەتى مەڕیەمەوە

٦٧١. عَنْ قَتَادَةَ: فِي قَوْلِهِ: ﴿ وَرَفَعْنَاهُ مَكَانًا عَلِيًّا ﴾ مريم: 57، قَالَ: حَدَّثَنَا أَنَسُ بْنُ مَالِكٍ h، أَنَّ نَبِيَّ اللَّهِ قَالَ: «لَمَّا عُرِجَ بِي رَأَيْتُ إِدْرِيسَ فِي السَّمَاءِ الرَّابِعَةِ».

قەتادە h دەگێڕێتەوە: کە دەربارەی ئەو ئایەتە: ﴿ وَرَفَعْنَاهُ مَكَانًا عَلِيًّا ﴾، واتە: بۆ پێگە و شوێنێكى بڵیندیش بەرزمان كردەوە. دەڵێت: ئەنەسی کوڕی مالیک h بۆی باس کردین كە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: «کاتێک بەرز کرامەوە بۆ ئاسمان، پێغەمبەری خوا ئیدریسم بینی لە ئاسمانی چوارەم».

٦٧٢. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ لِجِبْرِيلَ s: «مَا يَمْنَعُكَ أَنْ تَزُورَنَا أَكْثَرَ مِمَّا تَزُورُنَا؟»، قَالَ: فَنَزَلَتْ هَذِهِ الآيَةَ: ﴿ وَمَا نَتَنَزَّلُ إِلَّا بِأَمْرِ رَبِّكَ لَهُ مَا بَيْنَ أَيْدِينَا وَمَا خَلْفَنَا ﴾ مريم: 64، إِلَى آخِرِ الْآيَةَ.

ئیبن عەبباس k دەڵێت: پێغەمبەری خوا بە جیبریلی s فەرمووە: «چ شتێک ڕێگرە زیاتر سەردانمان بکەیت لەوەی کە ئێستا سەردانمان دەکەیت؟»، گوتی: ئەم ئایەتە دابەزی: ﴿ وَمَا نَتَنَزَّلُ إِلَّا بِأَمْرِ رَبِّكَ لَهُ مَا بَيْنَ أَيْدِينَا وَمَا خَلْفَنَا ﴾، واتە: (فریشتەكان دەڵێن): ئێمە تەنیا بە فەرمانى پەروەردگارت دادەبەزین، هەرچى لە پێشمانەوە و لە دوامانەوەن، تا كۆتایی ئایه‌ته‌كه‌.

٦٧٣. عَنِ السُّدِّيِّ قَالَ: سَأَلْتُ مُرَّةَ الهَمْدَانِيَّ، عَنْ قَوْلِ اللَّهِ b: ﴿ وَإِنْ مِنْكُمْ إِلَّا وَارِدُهَا ﴾ مريم: 71، فَحَدَّثَنِي أَنَّ عَبْدَ اللَّهِ بْنَ مَسْعُودٍ h حَدَّثَهُمْ، قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «يَرِدُ النَّاسُ النَّارَ ثُمَّ يَصْدُرُونَ مِنْهَا بِأَعْمَالِهِمْ، فَأَوَّلُهُمْ كَلَمْحِ البَرْقِ، ثُمَّ كَالرِّيحِ، ثُمَّ كَحُضْرِ الفَرَسِ، ثُمَّ كَالرَّاكِبِ فِي رَحْلِهِ، ثُمَّ كَشَدِّ الرَّجُلِ، ثُمَّ كَمَشْيِهِ».

سوددی دەڵێت: جارێکیان پرسیارم لە موڕڕەى ئەلهەمەدانی کرد دەربارەی ئەم ئایەتە: ﴿ وَإِنْ مِنْكُمْ إِلَّا وَارِدُهَا ﴾، واتە: هیچ كامێكیشتان نییە كە نەچێتە سوێى دۆزەخ. ئەویش بۆی باس کردم کە عەبدوڵڵای کوڕی مەسعوود h بۆی باس کردووە، گوتوویەتی: پێغەمبەری خوا فەرمووی: «(لە ڕۆژی دوایی) خەڵکی بەسەر ئاگردا دەڕۆن، ئینجا لێى تێپەڕ دەبن بەهۆی کارە باشەکانیانەوە، یەکەمیان زوو دەپەڕێتەوە وەک تیشكی بروسکە، ئینجا هەیە وەک با دەپەڕێتەوە، هەیە وەک ڕاکردنی ئەسپە، ئینجا هەیە وەک سوارێک بە ڕۆیشتن بڕوات، ئینجا هەیە وەک ڕاکردنی کەسێکە، ئینجا تێشیدایە وەک بەپیادە ڕۆیشتنی کەسێکە».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ الْمُؤْمِنُونَ

باسێک: لە سووڕەتى موئمینوونەوە

٦٧٤. عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ h: أَنَّ الرُّبَيِّعَ بِنْتَ النَّضْرِ i أَتَتِ النَّبِيَّ وَكَانَ ابْنُهَا حَارِثَةُ بْنُ سُرَاقَةَ h أُصِيبَ يَوْمَ بَدْرٍ، أَصَابَهُ سَهْمٌ غَرَبٌ، فَأَتَتْ رَسُولَ اللَّهِ فَقَالَتْ: أَخْبِرْنِي عَنْ حَارِثَةَ h لَئِنْ كَانَ أَصَابَ خَيْرًا احْتَسَبْتُ وَصَبَرْتُ، وَإِنْ لَمْ يُصِبِ الخَيْرَ اجْتَهَدْتُ فِي الدُّعَاءِ، فَقَالَ النَّبِيُّ : «يَا أُمَّ حَارِثَةَ إِنَّهَا جِنَانٌ فِي جَنَّةٍ، وَإِنَّ ابْنَكِ أَصَابَ الْفِرْدَوْسَ الْأَعْلَى وَالْفِرْدَوْسُ رَبْوَةُ الْجَنَّةِ وَأَوْسَطُهَا وَأَفْضَلُهَا».

ئەنەسى کوڕى مالیک h دەگێڕێتەوە: ڕوبەیعی کچی نەزر i هاتە خزمه‌ت پێغەمبەر ، لە کاتێکدا کوڕەکەی حاریسی کوڕی سوڕاقە h لە جەنگی بەدر پێکرابوو، تیرێکی بەرکەوتبوو سەرچاوەکەی نەزانراو بوو، هاتە خزمه‌ت پێغەمبەری خوا و گوتی: هەواڵم پێ بدە دەربارەی حاریس h، ئەگەر سەرەنجامی چاک و باش بێت ئەمە بۆ خوای لێ دەگەڕێم و ئارام دەگرم، ئەگەر سەرەنجامیشی چاک نەبێت، خۆم زۆر ماندوو دەکەم بە پاڕانەوە بۆی، پێغەمبەری خوا فەرمووی: «ئەی دایکی حاریسە سەرەنجامی باخەکانى نێو بەهەشتە، بەدڵنیایی کوڕەکەت فیردەوسی بەرزی دەست کەوتووە، شوێنی فیردەوس لە بەرزایی بەهەشتە کە نێوەندیەتی و لە چاکترینی شوێنی بەهەشتە».

٦٧٥. عَنْ عَائِشَةَ i زَوْجَ النَّبِيِّ قَالَتْ: سَأَلْتُ رَسُولَ اللَّهِ عَنْ هَذِهِ الآيَةِ: ﴿ وَالَّذِينَ يُؤْتُونَ مَا آتَوْا وَقُلُوبُهُمْ وَجِلَةٌ ﴾ المؤمنون: 60، قَالَتْ عَائِشَةُ i: أَهُمُ الَّذِينَ يَشْرَبُونَ الخَمْرَ وَيَسْرِقُونَ؟ قَالَ: «لَا يَا بِنْتَ الصِّدِّيقِ، وَلَكِنَّهُمُ الَّذِينَ يَصُومُونَ وَيُصَلُّونَ وَيَتَصَدَّقُونَ، وَهُمْ يَخَافُونَ أَنْ لَا تُقْبَلَ مِنْهُمْ: ﴿ أُولَئِكَ يُسَارِعُونَ فِي الْخَيْرَاتِ وَهُمْ لَهَا سَابِقُونَ ﴾ المؤمنون: 61».

عائیشە i هاوسەری پێغەمبەری خوا دەڵێت: پرسیارم کرد لە پێغەمبەری خوا دەربارەی ئەم ئایەتە: ﴿ وَالَّذِينَ يُؤْتُونَ مَا آتَوْا وَقُلُوبُهُمْ وَجِلَةٌ ﴾، واتە: دیسان ئەوانەى هەرچی پێیان دەکرێت (لە کاری چاک، یان لە بەخشین) دەیکەن و ئەنجامی دەدەن، کەچی دڵیشیان هەر بە ترس و لەرزە. عائیشە i گوتی: ئەوانەن کە مەی دەخۆنەوە و دزی دەکەن، فەرمووی: «نەخێر ئەی کچی صددیق، بەڵکوو ئەوانەن بەڕۆژوو دەبن و نوێژ دەکەن و ماڵ دەبەخشن، لەگەڵ ئەوەشدا دەترسێن لێیان وەرنەگیرێت: ﴿ أُولَئِكَ يُسَارِعُونَ فِي الْخَيْرَاتِ وَهُمْ لَهَا سَابِقُونَ ﴾، واتە: ئا ئەوانە لە کردەوە چاکەکاندا خێرایی دەکەن و تێشیاندا پێشڕەون)».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ الفُرْقَانِ

باسێک: لە سووڕەتى فوڕقانەوە

٦٧٦. عَنْ عَبْدِ اللَّهِ h قَالَ: قُلْتُ: يَا رَسُولَ اللَّهِ، أَيُّ الذَّنْبِ أَعْظَمُ؟ قَالَ: «أَنْ تَجْعَلَ لِلَّهِ نِدًّا وَهُوَ خَلَقَكَ»، قَالَ: قُلْتُ: ثُمَّ مَاذَا؟ قَالَ: «أَنْ تَقْتُلَ وَلَدَكَ خَشْيَةَ أَنْ يَطْعَمَ مَعَكَ»، قَالَ: قُلْتُ: ثُمَّ مَاذَا؟ قَالَ: «أَنْ تَزْنِيَ بِحَلِيلَةِ جَارِكَ».

عەبدوڵڵا h دەڵێت: گوتم: ئەی پێغەمبەری خوا چ تاوانێک گەورەترینە؟ فەرمووی: «هاوبەش بۆ خوا بڕیار بدەیت لە کاتێکدا دروستی کردوویت»، گوتم: لەدوای ئەو؟ فەرمووی: «منداڵەکەت بکوژی لە ترسی هەژاری کە بەشدار بێت لە خواردنت»، گوتم: لەدوای ئەو؟ فەرمووی: «زینا بکەیت لەگەڵ هاوسەری دراوسێیەکەت».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ القَصَصِ

باسێک: لە سووڕەتى قەصەصەوە

٦٧٧. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ لِعَمِّهِ: «قُلْ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ أَشْهَدُ لَكَ بِهَا يَوْمَ القِيَامَةِ»، فَقَالَ: لَوْلَا أَنْ تُعَيِّرَنِي بِهَا قُرَيْشٌ أَنَّ مَا يَحْمِلُهُ عَلَيْهِ الْجَزَعُ، لَأَقْرَرْتُ بِهَا عَيْنَكَ، فَأَنْزَلَ اللَّهُ b: ﴿ إِنَّكَ لَا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ ﴾ القصص: 56.

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: پێغەمبەری خوا بە مامی فەرموو: «بڵێ: (لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ) شایەتیت بۆ دەدەم لە ڕۆژی دوایی بەهۆی دەربڕینی»، ئەویش گوتی: ئەگەر بەهۆی تانە و توانجی قوڕەیش نەبووایە، دەمگوت و چاوەکانتم پێی دادەمرکاند، خوا b ئەو ئایەتەی دابەزاند: ﴿ إِنَّكَ لَا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ ﴾. واتە: بەدڵنیایی تۆ ئەو کەسەی خۆشت دەوێت (هەرچەندە سوور بیت) ڕاستەڕێى ناکەیت، (نایخەیە سەر ڕاستە شەقامی خوا)، بەڵام خوا هەر کەسێکی بوێت، ڕاستەڕێ و ڕێنمایی دەكات).

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ الأَحْزَابِ

باسێک: لە سووڕەتى ئەحزابەوە

٦٧٨. عَنِ ابْنِ عُمَرَ k قَالَ: مَا كُنَّا نَدْعُو زَيْدَ بْنَ حَارِثَةَ h إِلَّا زَيْدَ ابْنَ مُحَمَّدٍ حَتَّى نَزَلَ القُرْآنُ: ﴿ ادْعُوهُمْ لِآبَائِهِمْ هُوَ أَقْسَطُ عِنْدَ اللَّهِ ﴾ الأحزاب: 5.

ئیبن عومەر k دەڵێت: ئێمە بانگی زەیدی کوڕی حاریسەمان h نەدەکرد، مەگەر بە ناوی زەیدی کوڕی موحەممەد، هەتا ئەم ئایەتەی قوڕئان دابەزی: ﴿ ادْعُوهُمْ لِآبَائِهِمْ هُوَ أَقْسَطُ عِنْدَ اللَّهِ ﴾، واتە: (ئەوانەى بە كوڕتان گرتوون) بە ناوى بابەكانیانەوە بانگیان بكەن (پاڵیان بدەنە لاى ئەوان)، ئەوە لەلاى خوا دادگەرانەتر و ڕاستترە.

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ يس

باسێک: لە سوڕەتى یاسینەوە

٦٧٩. عَنْ أَبِي سَعِيدٍ الخُدْرِيِّ h قَالَ: كَانَتْ بَنُو سَلِمَةَ فِي نَاحِيَةِ المَدِينَةِ فَأَرَادُوا النُّقْلَةَ إِلَى قُرْبِ المَسْجِدِ فَنَزَلَتْ هَذِهِ الآيَةَ: ﴿ إِنَّا نَحْنُ نُحْيِي المَوْتَى وَنَكْتُبُ مَا قَدَّمُوا وَآثَارَهُمْ ﴾ يس: 12، فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «إِنَّ آثَارَكُمْ تُكْتَبُ فَلَا تَنْتَقِلُوا».

ئەبو سەعیدى خودری h دەڵێت: بەنو سەلەمە شوێنیان لەلا تەنیشتێکی دووری شاری مەدینە بوو، ویستیان شوێنیان بگوازنەوە بۆ نزیکی مزگەوت، ئەم ئایەتە دابەزی: ﴿ إِنَّا نَحْنُ نُحْيِي المَوْتَى وَنَكْتُبُ مَا قَدَّمُوا وَآثَارَهُمْ ﴾، واتە: بێگومان ئێمه‌ مردووان ده‌ژیێنینه‌وه‌، هه‌رچی پێشیان خستووه‌ (له‌ کرده‌وان) و شوێنه‌واره‌کانیشیان ده‌نووسین. پێغەمبەری خوا فەرمووی: «شوێنەواری هاتوچوونتان بۆتان (بە چاکە) دەنووسرێت، شوێنتان مەگوازنەوە».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ مُحَمَّدٍ ﷺ

باسێک: لە سووڕەتى موحەممەدەوە ﷺ

٦٨٠. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h: ﴿ وَاسْتَغْفِرْ لِذَنْبِكَ وَلِلْمُؤْمِنِينَ وَالمُؤْمِنَاتِ ﴾ محمد: 19، فَقَالَ النَّبِيُّ : «إِنِّي لَأَسْتَغْفِرُ اللَّهَ فِي اليَوْمِ سَبْعِينَ مَرَّةً».

ئەبو هوڕەیڕە h دەگێڕێتەوە: دەربارەی ئەم ئایەتە: ﴿ وَاسْتَغْفِرْ لِذَنْبِكَ وَلِلْمُؤْمِنِينَ وَالمُؤْمِنَاتِ ﴾، واتە: بۆ گوناهی خۆت و پیاوان و ئافرەتانى بڕوادار داوای لێبووردن بکە. پێغەمبەر فەرمووی: «من لە ڕۆژێکدا حەفتا جار داوای لێخۆشبوون لە خوا دەکەم».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ الفَتْحِ

باسێک: لە سووڕەتى فەتحەوە

٦٨١. عَنْ عُمَر بْنَ الخَطَّابِ h يَقُولُ: كُنَّا مَعَ رَسُولِ اللَّهِ فِي بَعْضِ أَسْفَارِهِ، فَكَلَّمْتُ رَسُولَ اللَّهِ فَسَكَتَ، ثُمَّ كَلَّمْتُهُ فَسَكَتَ، فَحَرَّكْتُ رَاحِلَتِي فَتَنَحَّيْتُ وَقُلْتُ: ثَكِلَتْكَ أُمُّكَ يَا ابْنَ الخَطَّابِ، نَزَرْتَ رَسُولَ اللَّهِ ثَلَاثَ مَرَّاتٍ كَلُّ ذَلِكَ لَا يُكَلِّمُكَ، مَا أَخْلَقَكَ بِأَنْ يَنْزِلَ فِيكَ قُرْآنٌ قَالَ: فَمَا نَشِبْتُ أَنْ سَمِعْتُ صَارِخًا يَصْرُخُ بِي، قَالَ: فَجِئْتُ إِلَى رَسُولِ اللَّهِ فَقَالَ: «يَا ابْنَ الخَطَّابِ لَقَدْ أُنْزِلَ عَلَيَّ هَذِهِ اللَّيْلَةَ سُورَةٌ مَا أُحِبُّ أَنَّ لِي بِهَا مَا طَلَعَتْ عَلَيْهِ الشَّمْسُ: ﴿ إِنَّا فَتَحْنَا لَكَ فَتْحًا مُبِينًا ﴾ الفتح: 1».

عومەرى کوڕی خەتتاب h ده‌ڵێت: کاتێك ئێمە لەگەڵ پێغەمبەری خوا بووین لە یەکێک لە گەشتەکانی، جا قسەم لەگەڵ پێغەمبەری خوا کرد و ئەویش بێدەنگ بوو، ئینجا قسەم لەگەڵی کردەوە و هەر بێدەنگ بوو، قسەم لەگەڵی کردەوە، بۆیە جووڵەم بە سوارییەکەم کرد و هەندێک دوورکەوتمەوە، بە خۆمم گوت: دایکت لەدەستت بدات ئەی کوڕی خەتتاب، سێ جار ئەم هەموو قسەیەت کرد بۆ پێغەمبەری خوا ، كەچی هەر وەڵامی نەدایەوە (ترسی هەبوو پێغەمبەری بێزاری کردبێت)، چەند شیاوی (بەهۆی ئەو کارەتەوە) قوڕئانت لەسەر داببەزێت، گوتی: ئەوەندەی پێ نەچوو گوێم لێ بوو کەسێک هاواری کرد و بانگی کردم (کە پێغەمبەری خوا بانگم دەکات)، گوتی: چوومە خزمەت پێغەمبەری خوا ، فەرمووی: «ئەی کوڕی خەتتاب وا ئەمشەو سووڕەتێکم بۆ دابەزیوە، پێمخۆش نییە بیگۆڕمەوە بەوەی خۆر بەسەریدا هەڵدێت: ﴿ إِنَّا فَتَحْنَا لَكَ فَتْحًا مُبِينًا ﴾، واتە: ئێمە (بە هۆى ڕێککەوتنى حودەیبییەوە) سەرکەوتنێکى ئاشکرامان بۆ ڕەخساندیت».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ الحُجُرَاتِ

باسێک: لە سوڕەتى حوجوڕاتەوە

٦٨٢. عَنْ أَبِي نَضْرَةَ قَالَ: قَرَأَ أَبُو سَعِيدٍ الخُدْرِيُّ h: ﴿ وَاعْلَمُوا أَنَّ فِيكُمْ رَسُولَ اللَّهِ لَوْ يُطِيعُكُمْ فِي كَثِيرٍ مِنَ الأَمْرِ لَعَنِتُّمْ ﴾ الحجرات: 7، قَالَ: هَذَا نَبِيُّكُمْ يُوحَى إِلَيْهِ، وَخِيَارُ أَئِمَّتِكُمْ لَوْ أَطَاعَهُمْ فِي كَثِيرٍ مِنَ الأَمْرِ لَعَنِتُوا، فَكَيْفَ بِكُمُ اليَوْمَ؟

ئەبو نەزڕە دەڵێت: ئەبو سەعیدی خودری h ئەو ئایەتەی خوێندەوە: ﴿ وَاعْلَمُوا أَنَّ فِيكُمْ رَسُولَ اللَّهِ لَوْ يُطِيعُكُمْ فِي كَثِيرٍ مِنَ الأَمْرِ لَعَنِتُّمْ ﴾، واتە: بشزانن کە پێغەمبەرى خواتان لەنێودایە، ئەگەر لە زۆر کاراندا بە قسەتان بکات، تووشى گرفت و ناڕەحەتى دەبن (چونکە بەهۆى ڕاوبۆچوونەکانتانەوە تووشى هەڵە دەبێت)، ئەبو سەعید h گوتی: ئەوە باسی پێغەمبەرەکەتانە خوا وەحی بۆ دەنارد، چاکترین پێشەوایانی ئێوە بوون (هاوەڵان)، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لە زۆربەی کارەکان بەگوێی کردبان، ئەوە دووچاری ئەزیەت دەبوون، (ئەوە بۆ ئەوان وا بوو کە باشترینی ئوممەتن) ئەی دەبێت ئەمڕۆ بۆ ئێوە چۆن بووایە؟!

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ النجم

باسێک: لە سووڕەتى نەجمەوە

٦٨٣. عَنِ الشَّيْبَانِيّ قَالَ: سَأَلْتُ زِرَّ بْنَ حُبَيْشٍ، عَنْ قَوْلِهِ b: ﴿ فَكَانَ قَابَ قَوْسَيْنِ أَوْ أَدْنَى ﴾ النجم: 9، فَقَالَ: أَخْبَرَنِي ابْنُ مَسْعُودٍ h: أَنَّ النَّبِيَّ رَأَى جِبْرِيلَ s وَلَهُ سِتُّ مِائَةِ جَنَاحٍ.

شەیبانی دەڵێت: پرسیارم لە زەری کوڕی حوبەیش کرد دەربارەی ئەم ئایەتە: ﴿ فَكَانَ قَابَ قَوْسَيْنِ أَوْ أَدْنَى ﴾، واتە: ئەوەندە لێی نزیک بۆیەوە، نێوانیان هێندەی دوو کەوان یان کەمتریش بوو. گوتی: ئیبن مەسعوود h هەواڵی پێ دام کە پێغەمبەر جیبریلی s بینیوە کە شەش سەد باڵی هەبووە.

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ القَمَرِ

باسێک: لە سووڕەتى قەمەڕەوە

٦٨٤. عَنِ ابْنِ مَسْعُودٍ h قَالَ: بَيْنَمَا نَحْنُ مَعَ رَسُولِ اللَّهِ بِمِنًى فَانْشَقَّ القَمَرُ فَلْقَتَيْنِ: فَلْقَةٌ مِنْ وَرَاءِ الجَبَلِ، وَفَلْقَةٌ دُونَهُ، فَقَالَ لَنَا رَسُولُ اللَّهِ : «اشْهَدُوا»، -يَعْنِي- ﴿ اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانْشَقَّ القَمَرُ ﴾ القمر: 1.

ئیبن مەسعوود h دەڵێت: لە کاتێک ئێمە لەگەڵ پێغەمبەری خوا بووین لە مینا مانگ دوولەت بوو: لەتێک لە دواوەی چیایەکە بوو، لەتێکیش لە نزیک چیایەکە بوو، جا پێغەمبەری خوا فەرمووی: شایەتی بدەن (لەسەر ئەم ڕووداوە)، واتە: ﴿ اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانْشَقَّ القَمَرُ ﴾. واتە: ڕۆژی قیامەت نزیک بۆتەوە و مانگیش دوولەت بوو.

٦٨٥. عَنْ أَنَسٍ h قَالَ: سَأَلَ أَهْلُ مَكَّةَ النَّبِيَّ آيَةً، فَانْشَقَّ القَمَرُ بِمَكَّةَ مَرَّتَيْنِ، فَنَزَلَتْ: ﴿ اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانْشَقَّ القَمَرُ ﴾ القمر: 1 -إِلَى قَوْلِهِ- ﴿ سِحْرٌ مُسْتَمِرٌّ ﴾ القمر: 2، يَقُولُ: ذَاهِبٌ.

ئەنەس h دەڵێت: خەڵکی مەککە داوای موعجیزە و نیشانەیەكیان کرد لە پێغەمبەر (بۆ سەلماندنی ڕاستیی پێغەمبەرایەتی)، خوا دوو جار مانگی بۆ لەت کرد لە شاری مەککە، ئەم ئایەتە دابەزى: ﴿ اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانْشَقَّ القَمَرُ ﴾، هەتا دەگاتە: ﴿ سِحْرٌ مُسْتَمِرٌّ ﴾، دەیگوت: دەڕوا و نامێنێت.

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ الْجُمُعَةِ

باسێک: لە سووڕەتى جوموعەوە

٦٨٦. عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ h قَالَ: كُنَّا عِنْدَ رَسُولِ اللَّهِ حِينَ أُنْزِلَتْ سُورَةُ الجُمُعَةِ فَتَلَاهَا، فَلَمَّا بَلَغَ: ﴿ وَآخَرِينَ مِنْهُمْ لَمَّا يَلْحَقُوا بِهِمْ ﴾ الجمعة: 3، قَالَ لَهُ رَجُلٌ: يَا رَسُولَ اللَّهِ مَنْ هَؤُلَاءِ الَّذِينَ لَمْ يَلْحَقُوا بِنَا؟ فَلَمْ يُكَلِّمْهُ، قَالَ: وَسَلْمَانُ h فِينَا قَالَ: فَوَضَعَ رَسُولُ اللَّهِ يَدَهُ عَلَى سَلْمَانَ h فَقَالَ: «وَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ لَوْ كَانَ الإِيمَانُ بِالثُّرَيَّا لَتَنَاوَلَهُ رِجَالٌ مِنْ هَؤُلَاءِ».

ئەبو هوڕەیڕە h دەڵێت: لە خزمەت پێغەمبەری خوا بووین کاتێک سووڕەتی جوموعە دابەزی، بۆی خوێندینەوە، کاتێك گەیشتە: ﴿ وَآخَرِينَ مِنْهُمْ لَمَّا يَلْحَقُوا بِهِمْ ﴾، واتە: لە ئایندەدا خەڵکی دیکەش دێن و پەیوەست دەبن بە ئەوانەوە، پیاوێک پێی گوت: ئەی پێغەمبەری خوا ئەم کەسانە کێن کە هێشتا بەدوای ئێمە نەکەوتوون؟ پێغەمبەری خوا هیچ قسەیەکی لەگەڵدا نەکرد، گوتی: سەلمانیش h لە نێومان بوو، گوتی: پێغەمبەری خوا دەستی لەسەر چۆکی سەلمان h دانا و فەرمووی: «سوێند بەو کەسەی گیانی منی بەدەستە ئه‌گەر ئیمان لەنێو ئەستێرەی سوڕەییا بووایە (کە بڵند و گەورە و پڕشنگدارە) ئەوە پیاوانێک لەوان هەر بەدەستیان دەهێنا (ئەوەندە خاوەن هیممەت و کۆششن)».

بَاب وَمِنْ سُورَةِ المُدَّثِّرِ

باسێک: لە سووڕەتى موددەسیڕەوە

٦٨٧. عَنْ جَابِرِ بْنِ عَبْدِ اللَّهِ k قَالَ: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ وَهُوَ يُحَدِّثُ عَنْ فَتْرَةِ الوَحْيِ، فَقَالَ فِي حَدِيثِهِ: «أَنَا أَمْشِي سَمِعْتُ صَوْتًا مِنَ السَّمَاءِ فَرَفَعْتُ رَأْسِي، فَإِذَا المَلَكُ الَّذِي جَاءَنِي بِحِرَاءَ جَالِسٌ عَلَى كُرْسِيٍّ بَيْنَ السَّمَاءِ وَالأَرْضِ فَجُثِثْتُ مِنْهُ رُعْبًا، فَرَجَعْتُ فَقُلْتُ: زَمِّلُونِي زَمِّلُونِي، فَدَثَّرُونِي»، فَأَنْزَلَ اللَّهُ b: ﴿ يَا أَيُّهَا المُدَّثِّرُ قُمْ فَأَنْذِرْ ﴾ المدثر: 2 - إِلَى قَوْلِهِ - ﴿ وَالرُّجْزَ فَاهْجُرْ ﴾ المدثر: 5، قَبْلَ أَنْ تُفْرَضَ الصَّلَاةُ.

جابیری کوڕی عەبدوڵڵا k دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو کاتێك باسی ماوەی وەستانی وەحی دەکرد، جا لە درێژەی فەرموودەکەیدا فەرمووی: «لە کاتێکدا دەڕۆیشتم گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە، سەرم بەرز کردەوە، جیبریلم بینی کە لە ئەشکەوتی حیڕاء هاتە لام، لەسەر کورسییەک دانیشتبوو لە نێوان ئاسمان و زەویدا، زۆر لێی ترسام، گەڕامەوە ماڵ و گوتم: دامبپۆشن، دامبپۆشن، دایانپۆشیم»، خواش ئەم ئایەتەی دابەزاند: ﴿ يَا أَيُّهَا المُدَّثِّرُ قُمْ فَأَنْذِرْ ﴾، هەتا: ﴿ وَالرُّجْزَ فَاهْجُرْ ﴾، ئەمە پێش فەڕزکردنی نوێژ بوو.

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ إِذَا الشَّمْسُ كُوِّرَتْ

باسێک: لە سووڕەتی کوویڕەتەوە

٦٨٨. عَنِ ابْنِ عُمَرَ k يَقُولُ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «مَنْ سَرَّهُ أَنْ يَنْظُرَ إِلَى يَوْمِ القِيَامَةِ كَأَنَّهُ رَأْيُ عَيْنٍ، فَلْيَقْرَأْ: ﴿ إِذَا الشَّمْسُ كُوِّرَتْ ﴾، ﴿ وَإِذَا السَّمَاءُ انْفَطَرَتْ ﴾، ﴿ وَإِذَا السَّمَاءُ انْشَقَّتْ ﴾».

ئیبن عومەر k دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: «هەر کەسێک پێیخۆشە سەیری دیمەنەکانی ڕۆژی دوایی بکات، وەک ئەوەی بە چاو بیبینێت، با ئەم سووڕەتانە بخوێنێتەوە: ﴿ إِذَا الشَّمْسُ كُوِّرَتْ ﴾، ﴿ وَإِذَا السَّمَاءُ انْفَطَرَتْ ﴾، ﴿ وَإِذَا السَّمَاءُ انْشَقَّتْ ﴾».

بَاب وَمِنْ سُورَةِ وَيْلٌ لِلْمُطَفِّفِينَ

باسێک: لە سووڕەتى موتەففیفینەوە

٦٨٩. عَنِ ابْنِ عُمَرَ k عَنِ النَّبِيِّ : ﴿ يَوْمَ يَقُومُ النَّاسُ لِرَبِّ العَالَمِينَ ﴾ المطففين: 6، قَالَ: «يَقُومُونَ فِي الرَّشْحِ إِلَى أَنْصَافِ آذَانِهِمْ».

ئیبن عومەر k دەگێڕێتەوە: پێغەمبەری خوا (دەربارەی ئایەتی): ﴿ يَوْمَ يَقُومُ النَّاسُ لِرَبِّ العَالَمِينَ ﴾، واتە: ئەو ڕۆژەی کە خەڵک هەمووی ڕادەوەستن لەبەردەم پەروەردگاری جیهانییان. فەرمووى: «(هەندێکیان) لەنێو ئارەقەیان ڕاوەدەستن بە جۆرێک دەگاتە گوێچەکەکانیان».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ وَالضُّحَى

باسێک: لە سووڕەتی زوحاوە

٦٩٠. عَنْ جُنْدَبٍ البَجَلِيِّ h قَالَ: كُنْتُ مَعَ النَّبِيِّ فِي غَارٍ، فَدَمِيَتْ إِصْبَعُهُ، فَقَالَ النَّبِيُّ : «هَلْ أَنْتِ إِلَّا إِصْبَعٌ دَمِيتِ، وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ مَا لَقِيتِ»، قَالَ: وَأَبْطَأَ عَلَيْهِ جِبْرِيلُ s، فَقَالَ المُشْرِكُونَ: قَدْ وُدِّعَ مُحَمَّدٌ، فَأَنْزَلَ اللَّهُ تَعَالَى: ﴿ مَا وَدَّعَكَ رَبُّكَ وَمَا قَلَى ﴾ الضحى: 3.

جوندەبی بەجەلی h دەڵێت: لەگەڵ پێغەمبەر بووم لە ئەشکەوتێک، پەنجەیەکی بریندار بوو و خوێنی لێ هات، پێغەمبەر فەرمووی: «تۆ تەنیا پەنجەیەکى خوێنت لێ هاتووە، لەپێناو خوا وات بەسەر هاتووە»، گوتی: بۆ ماوەیەک جیبریل s نەهاتە لای، هاوبەشدانەران گوتیان: موحەممەدیان جێ هێشت، خوای بەرز ئەم ئایەتەی دابەزاند: ﴿ مَا وَدَّعَكَ رَبُّكَ وَمَا قَلَى ﴾، واتە: پەروەردگارت وازی لێ نەهێناویت و دەستبەرداری تۆ نەبووە.

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ

باسێک: لە سووڕەتى ئیقڕەئەوە

٦٩١. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k: ﴿ سَنَدْعُ الزَّبَانِيَةَ ﴾ العلق: 18، قَالَ: قَالَ أَبُو جَهْلٍ، لَئِنْ رَأَيْتُ مُحَمَّدًا يُصَلِّي لَأَطَأَنَّ عَلَى عُنُقِهِ، فَقَالَ النَّبِيُّ : «لَوْ فَعَلَ لَأَخَذَتْهُ المَلَائِكَةُ عِيَانًا».

له‌ ئیبن عەبباسه‌وه‌ k دەگێڕنەوە: (دەربارەی ئایەتی:) ﴿ سَنَدْعُ الزَّبَانِيَةَ ﴾، واتە: فریشتەکانی دۆزەخی بۆ بانگ دەکەین. گوتى: ئەبو جەهل گوتی: ئەگەر موحەممەد ببینم نوێژ دەکات، قاچم لەسەر گەردنی دادەنێم، پێغەمبەر فەرمووی: «ئەگەر کارێکی وا بکات فریشتەکان به‌ئاشکرا و لەپێش چاوان سزای دەدەن».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ أَلْهَاكُمُ التَّكَاثُرُ

باسێک: لە سووڕەتى تەکاسوڕەوە

٦٩٢. عَنْ مُطَرِّفِ بْنِ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ الشِّخِّيرِ، عَنْ أَبِيهِ h أَنَّهُ انْتَهَى إِلَى النَّبِيِّ وَهُوَ يَقْرَأُ: أَلْهَاكُمُ التَّكَاثُرُ قَالَ: «يَقُولُ ابْنُ آدَمَ: مَالِي مَالِي، وَهَلْ لَكَ مِنْ مَالِكَ إِلَّا مَا تَصَدَّقْتَ فَأَمْضَيْتَ، أَوْ أَكَلْتَ فَأَفْنَيْتَ، أَوْ لَبِسْتَ فَأَبْلَيْتَ؟».

موتەریفى کوڕى عەبدوڵڵای کوڕی شیخخیر، لە باوکیەوە h دەگێڕێتەوە: کە ئەو گەیشتە خزمه‌ت پێغەمبەر کاتێک سووڕەتی تەکاسوڕی دەخوێندەوە، فەرمووی: «نەوەی ئادەم دەڵێت: ماڵ و سامانم، ماڵ و سامانم، ئایا چی لە ماڵ و سامان دەمێنێتەوە، مەگەر ئەوەی بەخشیوتە و بەڕێت کردووە، یان خواردووتە و تێدا چووە، یان خۆت پێ داپۆشیوە و کۆن بووە؟».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ الكَوْثَرِ

باسێک: لە سووڕەتى کەوسەرەوە

٦٩٣. عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عُمَرَ k قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ : «الكَوْثَرُ نَهْرٌ فِي الجَنَّةِ، حَافَّتَاهُ مِنْ ذَهَبٍ، وَمَجْرَاهُ عَلَى الدُّرِّ وَاليَاقُوتِ، تُرْبَتُهُ أَطْيَبُ مِنَ المِسْكِ، وَمَاؤُهُ أَحْلَى مِنَ العَسَلِ، وَأَبْيَضُ مِنَ الثَّلْجِ».

عەبدوڵڵاى کوڕى عومەر k دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرموویەتى: «کەوسەر ڕووبارێکە لە بەهەشت، هەردوو لا لێواری لە زێڕە، شوێنی بەسەردا تێپەڕبوونی لە دوڕ و یاقووتە، گڵەکەی بۆنخۆشترە لە میسک، ئاوەکەی شیرینترە لە هەنگوین، سپیترە لە بەفر».

بَابٌ: وَمِنْ سُورَةِ تَبَّتْ

باسێک: لە سووڕەتى تەببەت (لەهەب)

٦٩٤. عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ k قَالَ: صَعِدَ رَسُولُ اللَّهِ ذَاتَ يَوْمٍ عَلَى الصَّفَا فَنَادَى: «يَا صَبَاحَاهُ»، فَاجْتَمَعَتْ إِلَيْهِ قُرَيْشٌ، فَقَالَ: «إِنِّي نَذِيرٌ لَكُمْ بَيْنَ يَدَيْ عَذَابٍ شَدِيدٍ، أَرَأَيْتُمْ لَوْ أَنِّي أَخْبَرْتُكُمْ أَنَّ العَدُوَّ مُمَسِّيكُمْ أَوْ مُصَبِّحُكُمْ أَكُنْتُمْ تُصَدِّقُونِي؟»، فَقَالَ أَبُو لَهَبٍ: أَلِهَذَا جَمَعْتَنَا؟ تَبًّا لَكَ، فَأَنْزَلَ اللَّهُ: ﴿ تَبَّتْ يَدَا أَبِي لَهَبٍ وَتَبَّ ﴾ المسد: 1.

ئیبن عەبباس k دەڵێت: جارێکیان پێغەمبەری خوا چووە سەر کێوی صەفا و هاواریکرد: «یا صباحاه»، قوڕەیشییەکان بۆی کۆ بوونەوە، فەرمووی: «من کەسێکی ئاگادارکەرەوەم لەپێش هاتنی ئازارێکی بەئێش، ئایا چی دەڵێن ئەگەر هەواڵتان پێ بدەم کە دوژمن بە ئێوارە یان لە بەیانی هێرش دەکاتە سەرتان، ئایا ئەوکات بڕوام پێ دەکەن؟»، ئەبو لەهەب گوتی: ئایا بۆ ئەمە ئێمەت کۆ کردۆتەوە؟ هەی پەکت کەوێت و تێدا بچیت، جا خوا ئەم ئایەتەی دابەزاند: ﴿ تَبَّتْ يَدَا أَبِي لَهَبٍ وَتَبَّ ﴾، واتە: دەستەکانی ئەبو لەهەب بشکێت و ڕیسوا بێت، ئاشکرایە کە هەر ڕیسواش دەبێت.